ئەنجوومەنی شەنگال لە دەرەوەی وڵات (مەشەدە) هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار کرد و لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی مەشەدەدا هاتووە:
"ئێمە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەین. بانگەوازمان بۆ گەلی ئێزدیمان لە باشووری کوردستان ئەوەیە، لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و بێدەنگ نەبن، کە بە هاوکاریی پەدەکە ئەنجام دەدرێن.
کۆمەڵگە ئێزدییەکەمان دەبێت لە هەموو کات زیاتر هۆشیارتر بێت. فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بە داگیرکردنی خواکورک جارێکی دیکە دەیەوێت شوێن و واری ئێزدییەکان داگیر بکات. مەبەست و ئامانجیان لالەشی پیرۆز و شەنگالە.
لە ماوەی ٨٠٠ ساڵی رابردوودا لانیکەم ٦٠ فەرمان بەسەر ئێزدییەکاندا هێنراون. وەکچۆن داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ / ١٢ی گەلاوێژ فەرمانیان بەسەر شەنگالدا هێنا. عوسمانییەکانیش فەرمانیان بەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدیدا هێناوە. عەقلیەتی داعش و عوسمانییەکان جیاوازیى نییە، بۆیە دەبێت ئێمە مێژووی خۆمان باش بخوێنینەوە و لەبەرانبەر داگیرکەریدا هەڵوێستمان روون بێت.
ئێمە لەو باوەڕەداین، کۆمەڵگە ئێزدییەکەمان، گەنجان و ئەکادیمییەکان و بە تایبەتیش دەستەی رۆحانیی بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە دژی داگیرکەریی ئاکەپە و مەهەپە هەڵوێستی خۆیان بە روونی دەخەنەڕوو.
ئێمە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پەدەکە بە تووندی شەرمەزار دەکەین.
ئێمە بانگەوازمان بۆ حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا ئەوەیە، بۆ ئەوەی زیان بە کۆمەڵگەی ئێزیدمان نەگات، پێویستە بەر بە داگیرکەری بگرن.
ئەنجوومەنەی شەنگالی دەرەوەی وڵاتیش لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ دەکات".
ر.م