نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەبرو تیمتیک: حکومەت ئەرکی پێویستی خۆی بە جێنەهێناوە!

پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى ئەبرو تیمتیک رایانگەیاند، تیمتیک لە ٢٣٨هەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا گیانی لە دەستدا و سەرنجیان خستەسەر بەرپرسیاریی حکومەت و داوایانکرد، لێپرسینەوە لە بەرپرسانی تورک بکرێت.

پارێزەر ئەبرو تیمتیک بۆ دادگایکردنێکى دادپەروەرانە دەستی بە مانگرتن کرد و لەو پێناوەدا ٢٣٨ رۆژ مانیگرت و لە ئەنجامدا گیانی لە دەستدا و لەوبارەیەوە زۆربەى پسپۆڕانی ئەنجوومەنى مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لێدوان و راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دەتوانرا رێگری لە گیان لەدەستدانی تیمتیک بکرێت و وتیان "نابێت هیچ کەسێک بۆ مافی دادگایکردنی یەکسان و دادپەرەورانە گیانی لەدەستدا بدات.  دادگایکردنی یەکسان مافی بنەڕەتیی مرۆڤە. ئەو هەلومەرج و دۆخەی بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو ژنە داکۆکیکارە ئازایەى مافەکانی مرۆڤ، ئێمە تووشی سەرسوڕمان و حەپەسان بووین".

'حکومەت بە ئەرکی پێویستی خۆی هەڵنەساوە'

پسپۆڕان راشیانگەیاند "ماوەیەکى کەم لە دوای دەستگیرکردنی پارێزەران، بە ناوی پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوامان لە حکومەتى تورک کرد، کە بەڵگە یاساییەکانی دەستگیرکردن و زیندانیکردن و تاوانبارکردنی ئەو پارێزەرانەمان بۆ ئاشکرا بکات. ئێمە سەرنجمان خستە سەر دەستگیرکردنی نایاسایی، دادگایکردنی نایاسایی و بێمافکردن و رێگرییەکانی بەردەم ئازادیی رێکخستنبوون، چونکە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئێمە داوامان لە حکومەتی تورک کردبوو، کە زیندانیکردن و سزادانەکان بەپێی بەرپرسیارییەکانیانە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان یان نا. لەوبارەیەوە بەرپرسانی حکومەت پەیوەندییان لەگەڵ گرتین، بەڵام بۆ رێگریکردن لە گیان لەدەستدانی ئەبرو تیمتیک حکومەت دەیتوانی زۆر شت بکات، بەڵام زۆر بە کەمی کاری کرد و ئێمە بەوە هۆیەوە زۆر نیگەرانین".

'داوا لە حکومەت دەکەین، کە لێپرسینەوە بکات و باجەکەى بدات'

پسپۆڕان داوا لە حکومەتى تورک دەکەن لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەبرو تیمتیک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لێپرسینەوەیەکى کاریگەر ئەنجام بدات و ئەوەشیان وت "ئێمە داوا لە بەرپرسان دەکەین، پرۆسەیەکى لێپرسینەوە دەستپێ بکەن و باجەکەشی بدەن".

'دۆزی پارێزەران دەبێت سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە'

لە کۆتایی راگەیاندراوی ئەو پسپۆڕانەى نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئەوەش هاتووە "ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین، کە دۆزی پەیوەندیدار بە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤەوە سەرلەنوێ دەستپێبکرێنەوە و پێوەرەکانی دادگایکردنی یەکسان و دادپەرەوەرانەیان تیادا رەچاو بکرێت. هەروەها دەبێت حکومەت بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەى بە شێوەى نایاسایی و بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانەوە دەستگیرکراون، بە خێرایی دەست بە جموجوڵ بکات".

ژ.ت