هەدەپە 'بەیانی بانگەوازی بۆ ئاشتی'ی بڵاو کردەوە

هەدەپە 'بەیانی بانگەوازی بۆ ئاشتی'ی ئاشکرا کرد. لە بەیانەکەدا هۆشداری دراوە لە بارەی سیاسەتەکانی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ و بانگەوایەکیش ئاڕاستەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رای گشتی کرا.

پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە بە بۆنەی یەکی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی، بەیانی بانگەوازی بۆ ئاشتی بڵاو کردەوە.

بەیانەکە لە لایەنی پەروین بولدان و میتحات سانجار هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپەوە لە پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرا کرا. پەرلەمانتارانیش بەشداریان لەو کۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا کرد.

سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە هاوسەرۆکانی هەدەپە بە بۆنەی یەکی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی، پیرۆزیاییان ئاڕاستەی گەلانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد.

لە پشت هەموو کێشەکانەوە، سیاسەتی شەڕ بوونی هەیە

لە بەیانەکەدا تیشک خرایە سەر سیاسەتی شەڕ و ئاڵۆزیەکان لە لیبیا، سوریا، عێراق، رۆژهەڵاتی دەریای سپی و ئیجە و ئاماژە بەوە کرا کە بەو سیاسەتەی شەڕ و دروستکردنی ئاڵۆزی، وڵات بەرەو دواڕۆژێکی نادیار دەچیت.

هەدەپە تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم سیاسەتە بە کەڵکی کۆمەڵگا و وڵات و تەنانەت دەسەڵاتداریش نایەت.

لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا تیشک خرایە سەر بە بنەماگرتنی سیاسەتەکانی شەڕ و جەختیش کرایەوە کە تاقینەکردنەوەی سیاسەتی ئاشتی، هەڵەیەکی گەورەیە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا:"ئێمە هەموومان پێویستیمان بە ئاشتی و دیالۆگ و دانوستان هەیە، نەک شەڕ و جەنگ. وەکو ئەو خاکەی تینووی ئاوە، بە هەمان شێوە وڵاتی ئێمەش پێویستی بە سیاسەتی ئاشتی هەیە."

'چارەسەرنەکردن، قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە'

هەدەپە راشیگەیاند، ئەم ئاستەی پرسی کورد، ئیدی چارەسەری دەسەپێنێت، بانگەوازیشیان لە کەسانی دیمۆکرات و ئەو کەسایەتیانەی بیر لە دواڕۆژی ئەم وڵاتە دەکەنەوە، کرد کە نابێت ئەم راستیە نادیدە بگرن و وتیان:" ئەم بارودۆخە وەکو ئەوەی رووداوێک پیشان دەدەن، کێشەکە ئیدی سنوورەکانی وڵاتی تێپەڕاندووە، بووە بە پرسێکی هەرێمی و جیهانی. تا ئەو کاتەی سیاسەتی چارەسەرنەکردن بەردوام بێت، تا ئەو کاتەی داینامۆی شەڕ زیندوو بێت، تورکیا تا ماوە لە رووی سیاسی و ئابوریەوە بەستراو دەبێت بە هێزە نێودەوڵەتیەکانەوە و پێویستی پێیان دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کێشەکە لە بنەڕەتدا کێشەی خۆمانە و دەبێت ئەم کێشەیە لە ناو ئەم وڵاتەدا چارەسەر بکرێت.

 بۆیە ئێمە لە پەرلەمانی تورکیاوە جارێکی تر بانگەوازی ئاڕاستەی ئەو هێزانە دەکەین کە لایەنگری چارەسەرین و پێیان دەڵێین: لەم رووەوە هەموومان بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە. هیچ کەسێک ناتوانێت لە چارەسەری رابکات. ئێمە لە قۆناغێکی وەهاداین کە ئیدی چەقۆ گەیشتووەتە ئێسقان. ئیدی چارەسەریەکی دیمۆکراتیک و ئاشتیانە خۆی دەسەپێنێت."

لە چوارچێوەی بەیانەکەدا بە مەبەستی چارەسەری ٤ خاڵ دەستنیشان کراون.

لە خاڵی یەکەمدا، هەدەپە بانگەوازیەکی ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و ئەقلی دەوڵەت کرد کە واز لە هەڵوێست و سیاسەتی شەڕ و چارەسەرنەکردن بهێنن. لەم چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کە، تورکیا ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکات و کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، ئەوا لە ناوچەکە دەبێتە خاوەنی پیرۆزمەندیەکانی دیمۆکراتیک و مۆدێلێکی بەهێز. بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بە دانوستانەکانی دۆلماباخچە کرا و جەختیش کرایەوە کە ئەو قۆناغە بۆ چارەسەری کێشەی کورد تا ئێستاش لەجێی خۆیدایە.

هەدەپە هەروەها تیشکی خستە سەر رۆڵی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ چارەسەری و بەدیهێنانی ئاشتی و دیمۆکراسی و جەختیش کرایەوە کە دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان بهێنرێت.

بانگەوازیەک بۆ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رای گشتی

هەدەپە لە چوارچیوەی خاڵی دووهەمی بەیانەکەدا، تیشکی خستە سەر ئەوەی بۆ چارەسەری کێشەکە، بەرپرسیارێتیەکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و کۆمەڵاگا، چونکە پرسی کورد، پرسێکی ژیانیە و نابێت لە چنگی دەسەڵاتدا بهێڵرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کە، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبێت داواکاریەکانی گەلی کورد بۆ بەدیهاتنی ماف و ئازادیان، وەکو بەشێک لە ئامانجی بەیەکەوە ژیانکردن و یەکسانی و دیمۆکراسیبوونی تورکیا تەماشا بکەن."

لە چوارچێوەی خاڵی سێهەمیشدا باس لەوە کرا:"ئەم کێشەیە نابێت تەنها وەکو کێشەی کورد و هەدەپە تەماشا بکرێت. هەدەپە لە چوارچێوەی چارەسەری کێشەی کورددا، لایەنگری ماف و ئازادیە. بۆ بەدیهێنانی ئازادی و مافی گەلی کورد، پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای تورکیا، رۆڵێکی ئەرێنی ببینن. ئێمەش وەکو هەدەپە رۆڵمان بۆ دیالۆگ و دانوستانە. ئێمە ئامادەین کار لە گەڵ هەموو کەسێکدا بکەین کە هەوڵ بۆ چارەسەریەکی ئاشتیانە و دیمۆکراتیکدا دەدات."

'لایەنەکانی کێشەکە دەبێت بە شێوەیەکی فیداکارانە بجوڵێنەوە'

لە چوارچێوەی خاڵی چوارەمیشدا باس لەوە کرا کە بۆ کێشەی کورد، لە دەرەوەی رێبازی چەکداری و شەڕ، ئیدی هەڵبژاردەی دیالۆگ و دانوستان خۆی دەسەپێنێت. هەدەپە تیشکی خستە سەر ئەوەش کە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەموو لایەنەکان، بیر لە دواڕۆژی تورکیا بکەنەوە و بە فیداکارانە هەنگاو بنێن.

لە کۆتایی بەیانەکەشدا باس لەوە کرا:" پارتەکەمان بڕوایەکی تەواوی بە سیاسەتی خۆی بۆ چارەسەری و دیمۆکراسی و ئاشتی، رێنوێنیەکانی ژیانی یەکسان، سووربوونی گەل بۆ ئاشتی و هێزی تێکۆشان و بڕیارداریی خۆی، هەیە.

هەدەپە لە بارەی چارەسەریی ئاشتیانە و دیمۆکراتیکەوە، ئامادەیە بەرپرسیارێتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئاشتی تەنها وەستاندنی شەڕ نیە، مەبەست لە ئاشتی ئەوەیە کە پلانێکی هاوبەش بۆ بێدەنگکردنی چەک، دابنرێت و بۆ چارەسەریی پرسی ١٠٠ ساڵەی کورد، هەنگاوی هاوبەش بنرێن. ئەگەر هەموومان بە یەکەوە بۆ ئاشتی تێنەکۆشین، ئەوا هیچ کات ناتوانین ئاشتی، دیمۆکراسی و ئازادی بەدی بهێنین. لە بارەی کاروانی هاوبەشماندا، ئێمە هیچ کات واز لە سووربوونمان ناهێنین. ئێمە پڕ بە دڵ بڕوامان بەوە هەیە کە بەیەکەوە دەتوانین سەرکەوین."

ز.ش