هەدەپە هێرشی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر شەنگال شەرمەزار کرد

هەدەپە ئەو کۆمەڵکوژییەی کە فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر شەنگال ئەنجامی داوە شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند، کە ئاکەپە بەو سیاسەتانەیەوە ناتوانێت تورکیا لە قەیرانە ئابورییەکانی ڕزگاربکات.

ئەنجوومەنی بەڕێوبەریی پارتی دیموکرارتیی گەلان-هەدەپە دەربارەی هێرشی دوێنێی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆسەرشەنگال ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی هەدەپەدا هاتووە، کە دەسەلاتی ئاکەپە هەموو ئەو سیاسەتانەی کە قەیرانەکانی ئێستای تورکیا قووڵتر و درێژتر کردووەتەوە درێژە پیدەدات.، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو قەیرانانە پێداگریی دەسەڵاتەی ئاکەپەیە  لەسەر شەڕ و توندوتیژییە، بە پەرەپێدانی نەتەوە پەرستی و دوژمنایەتی لەگەڵ دەرەوە و بیانییەکان، دەیەوێت دەنگە ناڕەزاییەکانی ناوخۆ کپ بکات.

' لەدەستپێکدا داعش کۆمەڵکوژیی کرد ، ئیستاس ئاکەپە کۆمەڵکوژیی دەکات'

هەدەپە هێرشی دوێنێی بە هێرشێک بۆسەر گەلی ئێزدی ناولێبرد و ڕایگەیاند: کۆچۆ کە دوێنێ هێرش کرایە سەری، هەر ئەو شوێنەیە کە چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمەڵکوژییان تێدا ئەنجامدابوو، گەورەترین کۆمەڵکوژی لە گوندی کۆچۆ ئەنجامدرا، داعش هەموو پیاوەکانی ئەو گوندەی کوشت و پاشان ژنەکانی وەک غەنیمەی شەڕ ڕفاند، هێرشێک کە لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەدا بۆسەر کۆچۆ ئەنجامدرا، هێرش بۆسەر گەلی ئێزدییە.

' ڕێکەوتنێکی دژی کوردە'

هەدەپە هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورک لەدژی کورد پێکهاتووە، شەڕ و توندوتیژی زیاتر لەوەی یارمەتی بدات بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزی و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ئاڵۆزییانە قووڵتردەکاتەوە.

هەدەپە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆسەر شەنگالی بە بەردەوامیی فەرمانی ٧٣یەمی سەر ئێزدییەکان ناونا.

ک-ش