هەدەکە: ئاشتیی شکۆمەندانە بە تێکۆشان بەدی دێت

هەدەکە رایگەیاند، بلۆکی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە خەمی ئاشتیدا نیین و راشیگەیاند، ئیمراڵی و سەرتاسەری وڵات بە تەواوی گۆشەگیرکراون. هەدەکە ئەوەشی راگەیاند، ئاشتی بە هیومانیزم و مرۆڤدۆستیی پووچ بەدی نایەت، بەڵکو بە تێکۆشان بەدی دێت.

دەستەى بەڕێوەبەری کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە) بە بۆنەى ١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی پەیامێکى بڵاوکردەوە.

هەدەکە باسی لە سیاسەتی شەڕانگێزیی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە کرد و رایگەیاند 'گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی' گەورەترین لەمپەری بەردەم چارەسەریی کێشەى کورد و زۆرێکی تر لە کێشەکانە و ئەوەش لە ئەنجامی عەقڵییەتی دەسەڵاتەوە روویداوە.

هەدەکە راشیگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە هیچ رۆژەڤێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری نییە.

ئەوەشی راگەیاند "روون و ئاشکرایە لە ئیمراڵی لە کەسایەتیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دا هەموو گەلانی تورکیا و کوردستان گۆشەگیرکراون وگۆڕەپانی ئازادی تەنگاو و بەرتەسکراوە".  

لە راگەیاندراوەکەى هەدەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاشتی بە پاسیفیستی و ترسنۆکی، بەبێ تێکۆشان و بە هیومانیزم و مرۆدۆستیی پووچ بەدی نایەت، بەڵکو ئاشتی بە تێکۆشان بەدی دێت. ئەوەشی ر اگەیاندووە "ئێمە گەورەکردنی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی، دیموکراتیک و وڵاتپارێزی بە شەڕی سەرەکی بۆ ئاشتی دەبینین".

ژ.ت