پارێزەرەکانی ڕێبەری گەلی کوردعەبدوڵا ئۆجالان ، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی ئیمرالی و زیندانییەکانی ئەو زیندانەوە ئامادەکرد و ئاراستەی سی پی تی یان کرد.
ڕاپۆرتەکە باس لە ١ی مانگی خاکەلێوە بۆ ٢٢ی پووشپەڕی ٢٠١٨ دەکات و ڕادەگەیەنێت، کە لەو ماوەیەدا پارێزەرانی ئۆجالان ٤٨ جار سەردانی دادگای کۆماریی بورسایان کردووە، بەڵام داواکاری بۆ سەردانی ئیمرالی لە هەمووی ئەو سەردانانەدا ڕەتکراونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە باسی لە پێشێلکارییەکان بەبەهانەی دۆخی نائاسایی کردووە و هەروەها ڕەتکردنەوەی داواکاریی خانەوادەی ئۆجالان بۆ سەردانی ئیمرالیشی تێدا هاتووە.
ئاماژە بەوەش دراوە: لە بەرنامەی سەردانەکانی ساڵی ٢٠١٩ی سی پی تی دا هاتووە، کە سەردانی تورکیا ناکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە لەبارەی سەردانەکانی سی پی تی بۆ ئیمرالی لە ساڵەکانی ٢٠٠٧. ٢٠٠٨، ٢٠١٠، ٢٠١٣ و ٢٠١٦ دا، ئێمە داوکاریمان هەبوو بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکران.
هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ماوەی ٢١ مانگە هیچ هەواڵێک لە زیندانی ئیمرالییەوە بۆ دەرەوە بڵاونەکراوەتەوە و ئەوەش نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالانی زیاتر کردووە.
لەکۆتاییدا، سەردانی ئیمرالی و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی دۆخی زیندانەکەوە بە ئەرک و بەرپرسیارێتی سی پی تی زانراوە و بانگەوازی کراوە، کە سی پی تی دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییەی بەجێگە بهێنێت.