پرۆفسیۆر ترابەرت لە پەرلەمان قسەی کرد: ڕۆژئاوا بە تەنیا جێمەهێڵن

پرۆفسیۆر ترابەرت لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا باسی چاودێرییەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: "ڕۆژئاوا هەرێمێکی دیموکراتیکە و خۆی باش ڕێکخستووە. بەڵام بەهۆی گەمارۆ کێشەی قورسی تەندروستی هەن. پێویستە بە تەنیا بەجێیان نەهێڵین".

سەرۆکی ڕێکخراوی خزمەتی تەندروستی و دژە هەژاری ((Armut und Gesundheit e.V.) پرۆفسیۆر گەرهاد ترابەرت چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چووە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەو پرۆفسیۆرە تا ئێستا چەندین جاری دیکەش سەردانی ڕۆژئاوای کردووە و بۆ ئامادەکاریی پێویستییە تەندروستییەکانی ڕۆژئاوا پێشەنگایەتی چەندین کەمپینی کردووە، لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا باسی چاودێرییەکانی خۆی کرد.

پرۆفسیۆر ترابەرت ئەندامی لێژنەی پێشکەوتن و هاوکاریی ئابووری پەرلەمانی فیدراڵە و قسەی کرد و ڕایگەیاند، کێشە تەندروستییەکانی هەرێمەکە لە ئاستێکی مەترسیدار دان. کۆبوونەوەی لێژنە لە هۆڵی داخراو و بەبێ ئامادەبوونی ڕاگەیاندنەکان بەڕێوە چوو. بەرنامەی کاری ڕۆژانەی پەرلەمانی فیدراڵ قسە و بانگەوازی پرۆفسیۆر دکتۆر ترابەرتی ڕاگەیاند.

پرۆفسیۆر گەرهاد ترابەرت کە هاوکات مامۆستای زانکۆی (ڕاین ماین- Rhein-Main)ە، بۆ ئەندامانی لێژنەکە بە تایبەتی باسی دۆخی ناوچەکەی کرد دوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکی لەدژی باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

'ژمارەی ئەو ژنانەی منداڵیان لەبارچوون دوو هێندە زیادی کردووە'

پرۆفسیۆر ترابەرت ڕاشیگەیاند، دوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک، ژمارەی ئەو ژنانەی منداڵیان لەبار چووە، دوو هێندە زیادی کردووە و وتی: "دەتوانین بڵێین لە هەموو شوێنێک کێشەی نەبوونی دکتۆر و پێداویستی دیکەی پزیشکی و دەرمان هەیە." پرۆفسیۆر ترابەرت باسی لەوەش کرد، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک کابەسەر خزمەتە تەندروستییەکانیش کاریگەریی دەبێت.

ئەو پرۆفسیۆرە باسی چاودێرییەکانی خۆی بۆ لێژنەکە ڕاگەیاند کە نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی تێدایە و وتی، بەهۆی کەموکڕی دەستێوەردانی پزیشکی، لە سەرەتای شەڕەوە نزیکەی ٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

ترابەرت ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ هاوکاریی هەرێمی ڕۆژئاوا بکات و وتی: "ڕۆژئاوا هەرێمێکی دیموکراتیکە و خۆی باش ڕێکخستووە. بەڵام بەهۆی گەمارۆ کێشەی قورسی تەندروستی هەن. دەبێت بە تەنیا بەجێیان نەهێڵین." ئەو پرۆفسیۆرە ئەوەشی وت، تەنیا لە باکوری عێراق خەڵک دەتوانێت خۆی بگەینێتە ناوچەکە و وتی: "بەتایبەتی لەبواری پەڕاندنەوەی پێداویستی پزیشکی کێشەی جدی هەن. ئەو هاوکارییانەی دەنێردێن، یان ڕێگریان لێ دەکرێت، یانیش درەنگ ڕێگەی پێدەدرێت بپەڕێتەوە".

پرۆفسیۆر ترابەرت جگە لە حکومەتی ئەڵمانیا، بانگەوازی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپیش کرد و وتی: "بە گوشاری سیاسی لەدژی هاوبەشەکەیان لە ناتۆ کە تورکیایە، ڕێگری لە هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژئاوا بکەن. دەبێت ئەو هەڕەشانە کۆتاییان بێت کە دەبنە هۆی ترس و نیگەرانی".