پسپۆڕان: تورکیا بە بێ ئەلمانیا نەیدەتوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست بکات

چەند پسپۆڕێکی بواری چەک لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی قسەیان کرد و رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک بە بێ هاوکاریی ئەلمانیا نەیدەتوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم بهێنێت. پسپۆران دەڵێن، تورکیا ئەو کڵاوە مووشەکیەکانەی لە ئەلمانیا کڕیوە، کۆپی دەکات و بەرهەمیان دێنێت.

چەند پسپۆڕێکی بواری چەک لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی قسەیان کرد و رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک بە بێ هاوکاریی ئەلمانیا نەیدەتوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم بهێنێت. پسپۆران دەڵێن، تورکیا ئەو کڵاوە مووشەکیەکانەی لە ئەلمانیا کڕیوە، کۆپی دەکات و بەرهەمیان دێنێت.

لە چوارچێوەی بەرنامەی 'مۆنیتۆر'ی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ARDی ئەلمانیادا باس لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوانی تورکی کرا و تیشک خرایە سەر ئەوەی لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆکانەدا کە تورکیا دەستی بە دروستکردنی کردووە، تەکنولۆجیای ئەلمانیا چی رۆڵێک دەبینێت.

لەو بەرنامە تەلەفیزیۆنیەدا ئاماژە بەوە کرا کە دەوڵەتی تورک بەو جۆرە فڕۆکانە (فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوان) لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و هاوکات تیشک خرایە سەر وڵامی حکومەتەکەی ئەنگێلا مێرکل کە لەم بارەیەوە وڵامی پارتی سەوزی دابووەوە.

بە پێی وتەی پسپۆڕان، سوپای تورک لە ساڵی ٢٠١٠وە تا ٢٠١٨ کلاوی مۆشەکی لە حکومەتی ئەڵمایا کڕیوە و دەستی بە بەرهەمهێنانی کردووە.

برییان کاستنەر پسپۆڕی بواری چەک- ی سەر بە رێکخراوی لێبوردونی نێودەوڵەتی لە بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکەدا وتی:"تورکیا بۆچی کلای مۆشکی زۆری کڕی؟ بۆ ئەوەی فێری ئەو تەکنولوجیە ببێت و دەستی بە بەرهەمهێنانی ئەم تەکنولوجیە کردووە."

کاستنەر وتیشی، ئەو تەکنولوجیەی لە ئەلمانیا وەرگیراوە، زۆر بە کەڵکی ئەندازیارانی تورکیا هاتووە. هاوکات پسپۆر سیمۆن ویسۆتزکی-ش بە هەمان شێوە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بە هاوکاری ئەلمانیا نەبوایا، تورکیا ٥-١٠ ساڵ بەر لە ئێستا نەیدەتوانی پەرە بەو تەکنولوجیایە بدات.

لەو بەرنامەیەدا هاوکات ئەوەش پشتڕاست کرایەوە کە ئەو تەکنولوجیایەی تورکیا لە ئەلمانیای وەرگرتووە، بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکە جەنگیی بێفڕۆکەوان هاوکاریەکی گەورە بوو بۆ تورکیا و باس لەوەش کرا کە ئەو ٣ ژنە کوردەی لە ٢٣ی حوزەیراندا لە گوندی هێلنجی سەر بە کۆبانێ لە لایەن فڕۆکە جەنگیە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە کۆمەڵکوژ کران، کەسانی مەدەنی بوون.

لە بەشێکی تری بەرنامە تەلەفیزیۆنیەکەدا، باس لەوە کرا کە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەلمانیا، کاتێک پرسیاریان لە حکومەتی ئەنگێلا مێرکل کرد کە، "ئەو فڕۆکە جەنگیە بێفڕۆکەوانانە لە کوێ بەکار دێن؟ و دەفرۆشرێنە کێ؟، ئایا ئێوە دەزانن خەڵکی مەدەنی بەم تەکنولۆجیە دەکوژرێت؟" حکومەتی فیدڕالی ئەلمانیا نایەوێت تێبگات و بەردەوام دەڵێت "نازانم".

ز.ش