لەبارەى سیاسەت و قەدەغەکارییەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیا بەرامبەر بە کوردان لەگەڵ دکتۆر پییەر شتۆلە سەرۆکی کۆمەڵەى پارێزەرانى کۆماریخوازى ئەڵمانیا چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا. دکتۆر پییەر شتۆلە رایگەیاند، بابەتى قەدەغەکردنى وێنەکانى ئۆجالان و ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە بوونەتە کێشەیەکى گەورە و جدیى یاسای و حقوقی.
لەوبارەیەوە شتۆلە راشیگەیاند "لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا وەزارەتى ناوخۆی ئەڵمانیا قەدەغەکاریى سیمبولەکانى پەکەکەى زۆر بەرفراوانتر کرد. بە پاساوی قەدەغەی دژ بە پەکەکە پێشێلکاریى زۆر ئەنجامدراوە و ئەو قەدەغەکارییەیان بەرفراوانتر کردووە. لە دواى قەدەغەکارییە نوێکان قۆناغێکى نوێى دابڕاندان و گۆشەگیرکردن دەستیپێکرد. رێگایان نەدەدا ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە هەم لە خۆپیشاندانەکان و هەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، یانی بە کورتی لە هەموو شوێنێک قەدەغەکارییەکە پەیڕەوکرا".
ئەوەشی خستەڕوو "لەو قەدەغەکارییەدا کێشەیەک هەیە. کێشەکەش ئەوەیە بابەتی قەدەغەکردنی ئاڵاکان ئاڵۆز و ناڕوونە و بنەمایەکى روونی یاسایى نییە. ئەو ئاڵایانە کەی قەدەغەن، کەی قەدەغە نین؟ ئەوە دیار نییە".
دکتۆر شتۆلە باسی ئەوەشیکرد "ئەو ناڕوونییە حقوقی و یاساییە بە ئەنقەست دروستکراوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە رووی دابڕاندن و گۆشەگیرکردنەوە دەستى پۆلیس بەهێز بکەن".
ئەوەشى وت "بە بڕواى من ئەو ناڕوونییە حقوقی و یاساییە بۆ دەستگیرکردنى چالاکوانەکان، هەڵکوتانە سەر ماڵان و کۆمەڵە و رێکخراوەکان بۆ ئەوەیە دەستى پۆلیس بەهێزە بکەن و پۆلیس لەو کارانەدا دەست کراوە بێت. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دواتر بڵێن، ئەو ئاڵایە قەدەغە نییە، بەڵکو ئاڵا قەدەغەکراوەکە ئاڵایەکى ترە و ئێوە بێتاوانن. لەو رێگەیەوە گوشار و چاوترساندن بەرامبەر بە مرۆڤەکان و چالاکوانەکان بەڕێوەدەبەن، چونکە ئیتر کەس نازانێت پۆلیس چی بە قەدەغە دەزانێت و چی بە قەدەغە نازانێت، بۆیە هەموو کات چالاکوانەکان لە ژێر هەڕەشەى پۆلیس و دەستگیرکردن و بیانوپێگرتندان. بە کورتی ئەو ناڕوونی و ئاڵۆزییە حقوقی و یاساییە بۆ زیادکردنى گوشار و ئەنجامدانى پێشێلکاریی زیاترە".
بێسەروبەریى هەیە
پارێزەر دکتۆر پییەر شتۆلە ئاماژەى بە هۆکارەکانى قەدەغەکاری و دابڕاندن و گۆشەگیرکردنى کوردان لە ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت، حکومەتى ئەڵمانیا تەنها لەسەر داواى دەوڵەتى تورک قەدەغەکاریى ئەنجام نەداوە، بەڵکو بۆخۆی هەندێک حساباتی هەیە.
پارێزەر شتۆلە دەشڵێت "بەرژەوەندیى دەوڵەتى ئەڵمانیا ئەوەى دەوێت کە قەدەغەکاری و دابڕاندن بەسەر کورداندا بسەپێنێت. دەوڵەتى ئەڵمانیا نایەوێت میللەتى ئەڵمانیا لایەنگریی بۆ رێکخستنە کوردییەکان لە سوریا زیاد ببێت و پشتیوانییان بکەن. بێگومان تەیب ئەردۆغانیش کاریگەریى بەسەر ئەڵمانیاوە هەیە، بەڵام دەمەوێت دووبارە ئەوە بڵێمەوە، ئەو قەدەغەکارییە دەرەنجامی حسابات و پلانە سیاسییەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیایە".
پارێزەر شتۆلە ئەوەشى وت "ئێمەى پارێزەران توانیمان هەندێک لە قەدەغەکارییەکان هەڵبوەشێنینەوە، چونکە لەلایەک شەڕڤانانى کورد لە سوریا شەڕ لە دژی داعش دەکەن و تۆش چەکیان پێدەدەیت. لە بەرامبەردا خۆشەویستی و لایەنگریى گەل بۆیان زیاد دەکات، بەڵام لەلایەکى ترەوە تۆ دێیت ئاڵاکانیان قەدەغە دەکەیت. ئەوە کارێکى زۆر بێسەروبەریی و ناکۆکە، کار و دژبەیەکبوونێکى گەورەیە".
سەرچاوە: یەنی ئۆزگیور پۆلیتیتکا
ر.م