پێنجەمین رۆژی رێپێوانی درێژ مەودا کۆتایی پێهات

رێپێوانی درێژ مەودا بە دروشمی 'بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ پێکەوە راپەڕین' بە پێشەنگایەتیی گەنجان و ژنانی شۆڕشگێڕ بەڕێوەدەچێت و ٥ رۆژی تەواو کرد.

رێپێوانی درێژمەودای ماوەى زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەلایەن گەنجانی کورد لە ئەوروپا بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێکدەخرێت. ئەو رێپێوانە درێژمەودایەى ئەمساڵ ٥هەمین رۆژی خۆی لە نێوان شارەکانی لونیبورگ – وینزە لوهەی کۆتایی پێهات.

گەنجان سەرلەبەیانی لە شاری لونیبورگەوە دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد و دوای تێپەڕاندنی چەندین گوند و شار گەیشتنە وینزەن لوهەی.

گەنجان دواى گەیشتنە وینزەن لوهەی گەڕانەوە بۆ لونیبورگ و لەگەڵ رێکخراوە دژە فاشیستی و فیمینستییەکان لەو شارەدا رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

لەو رێپێوانەدا گەنجانی ئەڵمانی، فەرەنسی، بەریتانی و ئیسپانی و چەندین نەتەوەى تر ئامادە بوون و هەڵمەتی 'پێکەوە راپەڕین' بە کردەوە روویدا.

گەنجانی دژەفاشیست و یەکێتیی ٨ی ئاداری فیمینست بە پۆستەر و لافیتەى خۆیانەوە بەشداری چالاکییەکە بوون.

لە رێپێوانەکەدا بە زمانەکانی کوردی و ئەڵمانی دروشم لە دژی فاشیزم و دروشمەکانی پێکەوە راپەڕین وترانەوە.

هەروەها بە دروشم و پشتیوانی لە بەرخودانی جەنگی حەفتانین کرا و پشتیوانیی سەربازی و سیاسیی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئیدانە کرا.

رێپێوانەکە تاوەکو کاتژمێر ١٩:٠٠ بە وتنەوەى دروشم و وتنەوەى سرود بەردەوامیی هەبوو و لە گۆڕەپانی کامپەکەیان کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا و دەستیان بە سەیرکردنی فیلم و سینەفزیۆن کرد.

ئەمڕۆ ٦هەمین رۆژی رێپێوانە درێژ مەوداکە لە نێوان وینسەن لوهی – هاربورگ بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت