چاغڵار دەمیرەڵی دیلکراو: ئێمەش لە زیندان دەستمان بە مانگرتن لە خواردن کرد

چاغڵار دەمیرەڵ پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە زیندانەوە رایگەیاند، ئەوان ١٥ کەسن و لە دژی گۆشەگیری دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە.

چاغڵار دەمیرەڵ پەرلەمانتاری پێشووی ئامەدی هەدەپە لە رێگەى پارێزەرەکەیەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە.

دەمیرەڵ رایگەیاند، بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیى مانگرتن لە خواردنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە و لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لەگەڵ ١٥ سیاسەتمەدار دا لە زیندان دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە.

دەمیرەڵ و هەڤاڵەکانى کە دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە لە زیندانى ئەمنیى باڵاى جۆری ئێفی کۆجالی دا زیندانیکراون.

دەمیرەڵ لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە "من و ١٥ هەڤاڵی سیاسەتمەدارم لە ئەمڕۆەوە بۆ پشتیوانی لە هەڤاڵمان لەیلا گیوڤەن دەستمان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ١٠ رۆژ کردووە".

دەمیرەڵ ئەوەشى وتووە "داواکەى لەیلا گیوڤەن داواى ملیۆنەها کەسە و دەبێت بە خێرایى و دەستبەجێ کۆتایى گۆشەگیری و دابڕاندن بهێنرێت".

چاغڵار دەمیرەڵ باسی ئەوەشیکردووە "ئێمە داوا لە هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان دەکەین لە دژی تاوانەکانى دژ بە مرۆڤایەتى هەڵوێست وەربگرن و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و تێکۆشانی دیموکراتیک بەهێز بکەن. پێویستە هەموو کەسێک ببێت بە لەیلایەک و بەو هۆشمەندنییەوە بجوڵێتەوە".

ر.م