چالاکیەکانی دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بەردەوامن

چالاکی و ڕێپێوان و خۆنیشاندانەکانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەردەوامن  و لەم چوارچێوەیەدا لە نەمسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بۆ ڕسواکردنی کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک چالاکی و خۆنیشاندان ئەنجام دران.

گراز

کوردستانیانی شاری گرازی وڵاتی نەمسا و دۆست و هاوڕێکانیان لە ناوەندێکدا کۆبوونەوە و چالاکیەکیان ئەنجام دا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرد.

لە چالاکیەکەدا چەندین پەیام خوێندرانەوەو دروشمی (سوپای تورک لە کوردستان دەرچوو) و (بژی خۆڕاگری رۆژئاوا) و (فاشی و تیرۆرست و دیکتاتۆر ئەردۆغان) ووترانەوە.

پارما

لەشاری پارمای وڵاتی ئیتاڵیا و چەند ناوچەیەکی تری ئەو وڵاتەش بە هەمان شێوە هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست شەرمەزار کران.

تیپی تۆپی پێی لاپازی شاری پارمای ئیتاڵیا بە بەرزکردنەوەی پانکارت و دروشمی پشتگیری بۆ رۆژئاوای کوردستان، دەستیان بە یاریەکەیان کرد. هەروها بە بەرزکردنەوەی ئاڵای یەپەگە و یەپەژە بەدەنگی بەرز دروشم ووترانە.

لە ناوچەی فیدەنزاش بە هەمان شێوە چالاکیەک ئەنجام درا و بە سەدان کەس بەشداری چالاکیەکە بوون. قسەکەرانی چالاکیەکە بانگیان لە حکومەتی ئیتاڵیا و یەکێتی ئەورۆپا کرد کە بۆ نەهێشتنی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە. هەروها لە چالاکیەکەدا دروشمی (بکوژ ئەردۆغان) بەرز کرایەوە.

کاسێل

لە شاری کاسێلی ئەڵمانیاش چالاکیەک بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام درا و داواکرا کە سۆپای تورک لە رۆژئاوا بکشێتەوەو پەیامێک ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراو جەختیان کردەوە کە پێویستە جیهان لە ئاستی ئەم باردودۆخەدا بێدەنگ نەبێت.

ف.ق