کاچماز: گۆشەگیری قەیرانەکان قورستر دەکات

حوسەین کاچماز پەرلەمانتاری شرنەخی هەدەیە رایگەیاند، گۆشەگیریى رەها لە سەر ئۆجالان قەیران و ئاڵۆزییەکانى تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر دەکات.

حوسەین کاچماز پەرلەمانتاری شرنەخی هەدەپە رایگەیاند، ماوەی ١٩ ساڵە گۆشەگیرییەکى بەرنامە بۆ دارێژراو لەسەر ئۆجالان بەڕێوەدەبرێت. ئەوەش بە مانای پێشێلکردنى بەها مرۆیی و یاساییەکانە و تاوانیشە لە دژی مافە گەردوونییەکان.

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد ماوەی ١٩ ساڵە لە زیندانى جۆری ئێفی ئیمرالی، لە ژێر چادێریى ئاسایشێکى تایبەتی ئاست بەرز و جیاواز لە هەموو زیندانەکانى تردا راگیراوە.

 لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ەوە رێگا بە پارێزەرەکانى نادرێت سەردانى بکەن.

 لە رۆژی ٥ی نیسانی ٢٠١٥ەوە رێگا بە شاندی ئیمراڵی نەدراوە سەردانى بکەن. ئەو شاندە لە کاتى دانوستانەکاندا سەردانی ئۆجالانیان دەکرد لە ئیمرالی.

 لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ەوە تاوەکو ئێستاش رێگا بە بنەماڵەکەى نەدراوە سەردانى بکەن.

هەوڵەکانى رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (CPT) و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخە و ئەو گۆشەگیرییە بە کەم دەزانرێت و رەخنەیان لێدەگیرێت.

کاچماز رایگەیاند، لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ەوە تاوەکو ئێستا ئەو دۆخە درێژەى پێدراوە و ئیتر کار گەیشتووەتە ئەوە کە کەس ئەو دۆخەى پێ قبوڵ ناکرێت.

راشیگەیاند "بێگومان ئەو دۆخە، دۆخی دەوڵەتێکى مافدار و یاسایى نییە. پێچەوانەى پەرەنسیبەکانى ماف و یاسا نێونەتەوەییەکانیشە. ئەو دۆخە لە دژی بەها مرۆییەکانە".

کاچماز ئەوەشى وت، ئەو دۆخە قەیرانەکانى تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست قورستر دەکەن. گۆشەگیریى رەها لەسەر ئۆجالان قەیرانەکان و ئاڵۆزییەکان زیاتر و قورستر دەکەن.

وتیشی "هەموو بەها دیموکراسییەکان پێشێلکراون و لە دژی ماف و یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێلکاری و تاوان ئەنجام دەدرێت".

کاچماز لە کۆتایى قسەکانیدا وتى "تاکە رێگا بۆ کۆتایهاتن بە قەیرانەکان و چارەسەرکردنى کێشەکان بە مۆدێلەکەى ئۆجالان بەدیدێت، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەوان چارەسەرییان ناوێت، دەیانەوێت گۆشەگیری بە قورسترین شێوە لە دژی ئۆجالان بەڕێوەببەن".

ر.م