کەنەکە: شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە شۆڕشێکی نموونەیی

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بەبۆنەی ١٩ی تەمموز/٢٨ی پووشپەڕ، شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەنەکە دەستنیشانی کرد کە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا وای کردووە کە ئەم شۆڕشە ببێتە نموونە.

لە بیاننامەکەدا، هاتووە: لە ١٩ی تەمووز/٢٨ی پووشپەڕی ٢٠١٢ دا گەل لە کۆبانێ یەکەم هەنگاوی شۆڕشی هەڵینا و ئازاد کرا. دواتر بە ئازادکردنی دێرک وعەفرین، شۆڕشەکە فراوانتر بوو، ئیدی هەنگاو بە هەنگاو سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، ئەم بەرەوپێشچوونی شۆڕشە بەردەوامە.

لە بەیاننامەکەی کەنەکەدا هاتووە: سەرەتا سێ کانتۆن ( جزیرە، کۆبانێ، عەفرین) دامەزران، لەسەر ئەو بنەمایەش سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دامەزرا، دواتر بە ئازادکردنی گرێ سپی و بەستنەوەی هەردوو کانتۆنی جزیرەو کۆبانێ پێکەوە، شۆڕش پێی نایە قۆناغێکی ترەوە، دواتر ناوچە داگیرکراوەکانی وەک حەسەکە، هۆل، شەدادی، مینبج، تەبقە، ڕەقەو باکوور و رۆژهەڵاتی دێرەزور، یەک لەدوای یەک ئازاد کران.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی کەنەکەدا هاتووە: لەگەڵ ئەم دەسکەوتانەشدا، تا ئێستاش هێرش بۆ سەر رۆژئاوا، هێرش بۆ تێکدانی سیستەمی خۆبەرێوەبەری بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا بە ڕەزامەندی رووسیا و چاوپۆشی هێزە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هێرشیکردە سەر عەفرین و داگیریکرد، لە هەرێمی عەفرین گەل و شەرڤانانی ئازادی بەرخۆدانێکی بێ هاوتایان کرد و تا ئێستاش بەردەردەوامە، دەوڵەتی تورکیاو هاوکارانی هەرلەسەرهەڕەشە و هێرش بەردەوامن، نەیارانی گەلی ئێمەوهاوکارانیان بە هەموو توانایانەوە لە کاردان و لە هێرش و پەلاماردانە دڕندانەکانیان بەردەوامن، لە بەرامبەرئەم هێرشانەشدا، شەڕی ئازادی، شەری دژی داگیرکاریی، بە قارەمانی و دڵسۆزی بەردەوامە.

کەنەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە: شۆڕشی رۆژئاوا، بە فیداکاریی، بە قارەمانی و بە خوێنی شەهیدان سەرکەوتن و دەسکەوتی بەدیهێنا و پێشکەوت، بۆ ئەوەی شۆڕش بەرەوپێش بچێت، بۆ ئەوەی گەل و وڵات ئازاد ببێت، قوربانی زۆر درا، بەرخۆدان بە هیممەتی کچان و کوڕانی کوردستان، لەسەرانسەری دنیادا دەنگی دایەوە، بەتایبەتیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێ، بوو بە سیمبوڵ و داستانێکی نێونەتەوەیی.

لە درێژەی بەیاننامەکەی کەنەکەدا، باس لەوەشکراوە: شۆڕشی ڕۆژئاوا نەک هەر بەهۆی خۆپاراستن و قارەمانێتی، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە خۆی خۆی بەڕێوەدەبات، لەبەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ گەلان و باوەڕە جیاوازەکان، لەبەرخەسڵەتی دیموکراتیانەی خۆی و رێکخستنی کۆمەڵگە، لە هەرێمەکەدا بووە بە نموونە، بەتایبەتیش کە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی لە بەرامبەرسیستەمی کۆنی دەسەڵاتداریی لە ناوچەکەدا خستووەتە بواری پراکتیکەوە، لەو سیستمەدا رۆڵی ژنی ئازاد بووە بە نمونەیەکی جیهانی و سەنجی دنیای بۆ لای خۆی راکێشاوە، رۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشی رۆژئاوادا کەوتۆتە رۆژەڤی دنیاوەو بە سەرسامییەوە لە سەر ئاستی جیهان کاری لەسەرئەکرێت.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، کەنەکە پیرۆزبایی شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە شەڕڤانانی ئازادیی و تەواوی گەلی کوردستان دەکەن و لە کەسێتی شەهیدانی ڕۆژئاوادا، هەموو شەهیدانی کوردستان بە بیردێننەوە، دەشڵێن: شۆڕشی رۆژئاوا بە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ و کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، لە شەشەمین ساڵیادی خۆیدا ئەژی و بە سەرکەوتوویی بەردەوامە.

ک-ش