کەنەکە: پێویستە ئەو کۆمەڵکوژییە کە دەوڵەتى عوسمانی لە ١٩١٥دا ئەنجامی دا بە جینۆساید بناسرێت

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیى ساڵی ١٩١٥ کە لەلایەن دەوڵەتى عوسمانی-یەوە ئەنجامدرا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەوڵەتى عوسمانى لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٩ / ٣ی گوڵان دا بە فەرمی دەستیکرد بە کۆمەڵکوژکردنى گەلانى ئەرمەنی، کلد و ئاشوور و ئێزدی. لەو پاکتاوکارییە گەورەیەی دژ بە مرۆڤایەتیدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار مرۆڤی کۆمەڵکوژد. لەو کوشتار و جینۆسایدەدا سەدان هەزار کەسی تری لە زێدی خۆیان دوورخستەوە و دەستی بەسەر سەدان هەزار دوکان و ماڵ و پارچە موڵک و سامانی ئەو هاووڵاتییانەدا گرت و دەیان هەزار و ژن و منداڵی ئەو گەلانەشیان کردە غەنیمە بۆ خۆیان.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای ١٠٤ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو راستییەدا نانێت. ئەمەش واتای ئەوەیە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی ١٠٤ ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان  بەو تاوانەدا بنێت و داواکارییەکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا ئەوەش هاتووە،  ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی ١٩١٥ شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

پێویستە کۆمەڵکوژیی ١٩١٥ کە دەوەڵەتی عوسمانی ئەنجامیدا، وەک جینۆساید بناسرێت

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوکارەکانی لە ساڵی ١٩١٥دا کۆمەڵکوژییان لە دژی مەسیحییە نیشتەجێکانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ  ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیش بەر ئەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییە کەوتن. لەو قەتڵوعامەدا رێکخراوی ئیتیحاد و تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون. هەموو پێکەوە تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتیان بەڕیوەبرد. بە مەبەستی ریشەکێشکردنی مێژوویی و کلتوری گەلانی ئەرمەنی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژییەکی فراوانیان بەڕیوەبرد. ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.

بەڵگەی ئاشکراو روون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هەن. ئامار و سەرژمێریەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو راستیە دەسەلمێنن. لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژران. لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە لە شوێنی جیاوازەکاندا کوژراون. بە سەدان هەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخرانەوە و بێسەرو شوێن کران. بە دەیان هەزاریش لە ژن و کچ و مناڵ ئەنفالکران و بە زۆر کرانە موسوڵمان و بە شوودران. بە هەزاران خانوبەرە و قوتابخانەو کتێبخانەو کڵێسا و کارگە وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و مڵک دەستیان بەسەردا گیراو تاڵان کران. بە ئاشکرا کوشتوبڕی گەلانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئەرمەنی و ماڵ و ژیانیان حەڵاڵ کران. ئەمانە هەمووی بە فەرمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئەتنیکی و ئاینی پێکهات.

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵی داگیرکرد و سەدان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار لە ١٩١٥دا ئەو گەلانەی قەلاچۆکرد، کە گەلی رەسەن و دێرینى ئەو ناوچەیە بوون. تا ئێستاش خوێن لەو جینۆسایدە ئەچۆڕێت. ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو خەڵکەدا هات، ئەوە ١٠٤ ساڵە وەک تراژیدیایەکی مەزن لە یادەوەریی نەوە نوێیەکانی ئەو گەلانەدا دەژی. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای ١٠٤ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو راستییەدا نانێت. ئەمەش واتای ئەوەیە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی ١٠٤ ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان  بەو تاوانەدا بنێت و داواکارییەکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی ١٩١٥ شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.

ر.م