گۆشەگیری بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنرێت و چارەسەریی پزیشکیشیان بۆ ناکرێت

هاشم گەزەر لە گرتووخانەی خارپێت و غەریبە گەزەر لە گرتووخانەى قەیسەری دا، بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانیان ناڕەزایەتییان نیشان دا.

هاشم گەزەر تەمەن ٤٠ ساڵ لە گرتووخانەى ژمارە ٢ی خارپێت دا و غەریب گەزەری خوشکی لە گرتووخانەى قەیسەریدا لە رێگەى تەلەفونەوە قسەیان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا کرد.

ئەو ٢ زیندانییە باسیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە خۆیان کرد و ئاسیە گەزەری خوشکیان رایگەیاند، هاشم گەزەری برای ٢ ساڵ لەوە پێش براوە بۆ گرتووخانەى خارپێت و لەو کاتەوە بە تەنها لە ژووری تاکەکەسیدا راگیراوە.

ئاسیە گەزەر راشیگەیاند، لەبەر ئەوەى لە گرتووخانەدا براکەیان ئەشکەنجەکردووە پەراسوی شکاوە و چەندین مانگە بەو حاڵەوەیە و رێگا نادەن نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. هاشم گەزەر بە خوشکەکەی وتوە "ئێمە هەر پێشتریش لە ژێر گۆشەگیریدا بووین. بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) سەپاندنی گۆشەگیرییان بە سەرماندا زۆر زیاتر کردووە".

ئاسیەی گەزەری خوشکی وتی "ئەوە ٨ مانگە ئێمە نەچووین بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ براکەماندا. نازانین دۆخی چۆنە. ئەگەر داواکەمان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ براکەمدا قبوڵ بکرێت ئێمە دەچین بۆ سەردانی. پێشتر ئێمە لە رێگەی پۆستەوە جلوبەرگ و پێداویستیمان بۆ دەنارد، بەڵام ئێستا گرتووخانە کارگۆ و ناردنی کەلوپەل بە پۆست قبوڵ ناکات. ئێمە نازانین ئەو دۆخەى ئەو تاوەکو کەی درێژە دەکێشێت".

هەروەها ئاسیە گەزەر باسی غەریبە گەزەری خوشکی کرد، کە لە گرتووخانەی ژنانی قەیسەریدا زیندانیکراوە و وتی "بەپێی ئەوەى خوشکەکەم باسی دەکات، لە کاتی بڵاوبوونەوەى پەتاکەوە دەرمانی پاککەرەوەیان پێنادرێت و گرتووخانەکەش بە باشی پاک ناکرێتەوە. ئەوانەی پێویستن بە زیندانیەکان نادرێن. ئەو کەلوپەل و پێداویستییانەشی لە دوکانی ناو زیندانەکەى دەکڕین بەسەر چوون، ئەگەر ئێمە لە دوایین ساتدا هەستمان بەسەرچوونەکەى نەکردایە، ئەوا هەموومان ژەهراوی دەبووین".

گەزەر ئەوەشی وت، دەبێت غەریبەی خوشکی بەهۆی برینەکانى جەستەیەوە چارەسەر بکرێت و دەرمان بەکار بهێنێت، بەڵام بەرپرسانی گرتووخانەکە دەرمانی پێنادەن.

ژ.ت