'گۆشەگیریی ئاڵۆزیی قووڵتر دەکاتەوە'

عایشە سوروجو، پەرلەمانتاری هەدەپە سەرنجی ڕاکێشایە سەر گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "هەتا گۆشەگیریی قوڵتر بێت، ئاڵۆزییش قووڵتر دەبێتەوە. دەبێت بە پەلە واز لە سیاسەتی شەڕخوازانە و پێشێلکاریی یاسایی بهێنرێت".

 ئێشکگری دیموکراسی لەدژی سەپاندنی قەیوم بەسەر گەورەشارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان-ی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە - HDP) دەستیپێکرد، لە ئیزمیر و ئەستەنبۆلیش بەردەوامە. پەرلەمانتاری هەدەپەی ڕحا، عایشە سوروجو، سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد و ڕایگەیاند، هەتا گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تووندتر بێت، ئاڵۆزییەکانیش قووڵتر دەبنەوە.

 'ئۆجالان کلیلی ئاشتییە'

 سوروجو ڕاشیگەیاند، هۆکاری ئەو ئاڵۆزیی و کردەوە دژە دیموکراسییانە، گۆشەگیریی سەر ئۆجالانە و وتی: "دەسەڵات بە قەیوم و زەوتکردن وەڵامی بانگەوازی ئاشتی ئۆجالانی دایەوە. هەتا گۆشەگیریی سەر ئیمرالی بەردەوام بێت، ئاڵۆزیی و بنبەستبوون لە تورکیا بەردەوام دەبێت. بۆ ئەوەی کۆتایی بەو بنبەستبوونە بێت، پێش هەموو شتێک دەبێت هەلومەرجەکانی گۆشەگیریی لاببرێن. ئۆجالان کلیلی ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە تورکیا. گەلان پێویستیان بە ئاشتی هەیە. هەتا ئەو کاتەی کێشەی کورد چارەسەر نەبێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. دەبێت دەوڵەت و حکومەت واز لەو کردەوە تاکڕەوی و شکاندنی بەهای مرۆڤەکان بێنن. بە سەپاندنی قەیوم، بە کوشتنی ژنان و دەستەبەسەرکردنی ڕەنجی کرێکاران ئەو کێشەیە چارەسەر نابێت".

 'بەر بە سیاسەتکردن دەگرن'

مەحمود تۆغرۆل، پەرلەمانتاری هەدەپەی دیلۆک-یش ڕایگەیاند، حکومەتی ئاکەپە، دوای کۆتاییپێهێنانی قۆناغی ئاشتی، ئۆجالانی گۆشەگیر کرد و بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا: "بە گۆشەگیرکردنی هەمیشەیی، پێش بە سیاسەتکردنی دیموکراتیک لە تورکیاش دەگرن. ئاکەپە کە زانی ناتوانێت قۆناغی چارەسەری سەر بخات، دەستی بە سیاسەتی شەڕخوازانە کرد. ئیدی دۆخەکە بەو شێوەیە بوو هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەیان گۆشەگیر کرد. لەبەر ئەوە هەمیشە سیاسەتی دیموکراسی بە تاوانبار لەقەڵەم دەدەن".