یوسرا رەجەب داوای دانیشتنی ئاوارتە لە پەرلەمانی عێراق دەکات سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی زاخۆ

یوسرا رەجەب ئەندام پەرلەمانی عێڕاق داوای دانیشتنی ئاوارتە دەکات لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکان و بە تایبەتی ئەو خۆپیشاندانەی دوێنێی زاخۆ، کە لایەنە ئەمنیەکان بە فیشەک ڕوبەڕوی خەڵکی مەدەنی بونەتەوە.

یوسرا رەجەب ئەندام پەرلەمانی عێراق، هاوکات ئەندامی دەستەی مافی مرۆڤ بە ڕاگەیەندراوێک ئەو هێرش و پەلاماردانانەی هێزە ئەمنیەکانی زاخۆی شەرمەزار کرد و داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد، کە دانشتنێکی ئاوارتە ببەستن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکان و پێشێلکاریەکان بەرامبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی لە زاخۆ.

یوسرا رەجەب ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کاتێکدا بکوژەکان دەست بۆ چالاکوان ریهام یەعقوب دەبەن و دەیکوژن، خۆپیشاندەرانی زاخۆ لە هەمان کاتدا ڕوبەڕوی فیشەکی هێزە ئەمنیەکان دەبنەوە بۆ ئەوەی خوێنی هاووڵاتییانی عیڕاق بڕژێ لە زاخۆوە تاکو بەسرە".

هەروەها یوسرا رەجەب داوایەکی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، کە دانشتنێکی ئاوارتە بکرێت و باس لە دوایین گۆڕانکارییەکان بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد:" دەبێت چیتر ڕێگە بە کوشتن و ڕفاندن نەدرێت، چونکە ئەو حاڵەتانە بوونەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی لە عێڕاق".

ژ.ت