یەکێتیى ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکى بەپەلەدا هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکی رەتکردەوە

یەکێتیى ئەوروپا هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکی رەتکردەوە و داوایکرد، رێککەوتننامەى کۆچبەران جێبەجێ بکات.

وەزیرانى ناوخۆی ٢٧ وڵاتى یەکێتیى ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکى بە پەلەدا راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، یەکێتیى ئەوروپا گوشاری کۆچبەران لە رێگەى تورکیاوە، کە مەبەستى سیاسیی لە پشتەوەیە بە توندی رەتدەکاتەوە.

ئەو ٢٧ وڵاتە داوایان لە تورکیا کرد، پێبەندی خاڵةکانى رێککەوتنى ساڵی ٢٠١٦ بێت لەبارەى پەنابەرانەوە و خاڵەکانى جێەجێ بکات.

ئەوروپییەکان پشتیوانیى خۆیان بۆ یونان دووبارە کردەوە و راشیانگەیاند "دۆخی درەوەى سنوورەکانى یەکێتیى ئەوروپا قبوڵ ناکرێت". ئەوروپییەکان ئەوەشیان راگەیاند، تێپەڕین لە سنوورەکانەوە بە شێوەى نایاسایى قبوڵ ناکەن.

وەزیرانى ناوخۆی یەکێتیى ئەوروپا رایگەیاند "دەبێت هەموو رێوشوێنێکى پێویست بگیرێنەبەر" و ئەوەشیان خستەڕوو، ئەو رێوشوێنانەش لە چوارچێوەى رێزگرتن لە یاسا نێونەتەوەییەکان دەگیرێنەبەر.

ژ.ت