سەندیکای ڕۆژنانەنووسانی فەلەستین: ١١ ڕۆژنامەنووس لە هێرشە ئاسمانییەکان کوژراون

بە پێی ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە ١١ ڕۆژنامەنووس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین ڕایگەیاندووە ،کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە ١١ ڕۆژنامەنووس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون.

هاوکات کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان(سی پی جەی) ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەڕ گەیشتە ناو لوبنان، لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە سەبارەت بە کوشتن، برینداربوون، دەستبەسەرکراوی یان بێسەروشوێن بوونی ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە.

بەپێی ئامارەکانی سی پی جەی، تا ١٥ی تشرینی یەکەم لانیکەم ١٢ ڕۆژنامەنووس لە شەڕەکەدا کوژراون.

٢ کەس بێسەروشوێنن، ٨ کەسیش بریندار بوون.

سی پی جی  ڕایگەیاند کە کوژرانی ١٠ ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی و ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی پشتڕاست کراوەتەوە. ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم لەئەنجامی هێرشێک لەباشووری لوبنان ڕۆژنامەنووسێک کوژرا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.