ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار شیراز حەمۆ سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەتی بۆ سەر ژنان، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
شیراز حەمۆ لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەونە ئاستی تاوانی شەڕ و وتی، "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، تاوانی شەڕ و کردەوەی نائەخلاقین. دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە چەندین ئامانجی هەیە. بەهۆی بەرەوپێشچوونەکانی نەتەوەی دیموکراتیک لە هەرێمەکە و پێشەنگایەتی ژنان، ئەو هەرێمانە دەکرێنە ئامانج. ئەم شۆڕشە لە تەواوی جیهان دەنگی داوەتەوە، هەربۆیەش دەوڵەتی تورک ترسی لێنیشتووە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت کۆمەڵگەی کۆیلە دروست بکات. هەربۆیەشە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ خۆی بە مەترسی دادەبینێت.
دەوڵەتی لە هێرشەکانیدا بە پلەی یەکەم ژنان دەکاتە ئامانج. لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤دا خالیدە عیسا و کوڕەکەی هەژار سلێمان کرانە ئامانج. خالیدە ژنێک بوو کە بەردەوام رۆحی وڵاتپارێزی لە ناخیدا هەبوو. هەربۆیە کرایە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. ئەو پڕۆژانەی ژنان پێشەنگایەتی بکەن، دەوڵەتی تورک بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت. دەوڵەتی تورک ژنان دەکاتە ئامانج چونکە دەزانێت ئەو ئیرادەیەی لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بونیادنراوە، ئیرادەی ژنی ئازاد و کۆمەڵگاکان بەڕێوەدەبات و کۆمۆناڵ بوون ساز دەکات".
شیراز حەمۆ رایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ژن رووبەڕووی مەترسی گەورە بوونەوە و دەستنیسانی کرد کە لە هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژنان رووبەڕووی مەترسی جدی دەبنەوە و لە دژی ئەوەش رێکخراوەکانی ژنان لەو هەرێمانە لە دژی توندوتیژی تێدەکۆشن.
ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار شیراز حەمۆ رایگەیاند، کە ئەوان خۆیان دەگەیەننە ژنان و وتی، "وەک کۆنگرەی ستار و بزوتنەوەکانی تێکۆشانی ژنان، لە هەرێمەکە هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ، کە بەردەوام لەناو کۆمەڵگادا بین و خۆمان بگەیەنینە هەموو ژنێک. دەبێت ژنان یەکبگرن بۆ ئەوەی بتوانین لە دژی هێرشەکان ژنان بپارێزین".