هۆرە هونەرێکی کۆمەڵگەیی زاگرۆسییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا، چەندین جۆری هەیە و بە پێی جوگرافیا جیاوازەکان دەگۆڕێت وەک (هۆرەی جافی، کەڵهوڕی، پاوەموری، دوودەنگی، یەک دەنگی و کێوچڕ…)، لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە تایبەت لە گەرمیان، ئەم هونەرە تا ئێستا بە زیندوویی ماوەتەوە و شارەزایان بە دایکی هونەرەکانی دیکەی دادەنێن، لەوبارەیەوە خالد کەریم، ناسراو بە ڕەنجە باوەنووریی، نووسەر و لێکۆڵەر بۆ ئازانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'یەکەم میوزیکی هونەری مرۆڤ هۆرە بووە'
ڕەنجە باوەنووری ئاماژەی بەوەکرد یەکەمیین کاری لە سەر هۆرە لە ساڵی ١٩٩٢ بووە، بەو هیوایەی کە لە دوای ئەو خەڵکی تر هەبن لێکۆڵینەوە و گرنگی بە هۆرەی کوردی بدەن، وتی: "ئەوەی جێگەی داخبوو کە خەڵک هەبووە بابەتەکانی منی بردووە، بە ناوی خۆیانەوە بڵاویان کردۆتەوە. لە ٢٠١١ جارێکی تر بابەتەکەم فراون کرد لە کتێبێکدا لە چاپمدا بە ناوی "هۆرە توخمی نەچونەوە سەر ئەوی تری نەتەوە" ئەم بابەتە خوێندنەوەی خۆمە بۆ هۆرە.
کاتێک کارم لەسەر کرد گەیشتمە ئەو باوەڕی هۆرە نزیکترین میوزیکیە لە سروشتی مرۆڤەوە، هەروەها پژانی یەکەمجاری میوزیکە لە سنگی مرۆڤدا، واتا مرۆڤ یەکەمجار لە سەرەتای بوونیدا میوزیک لە سنگییدا تەقیوەتەوە هۆرە بووە."
وتیشی: "هۆرە مەجالێکی زۆر فراوانە گەر کاری لە سەربکرێت، ڕۆژگارێک کە مرۆڤی ئەم ناوچەیە کە ڕووبەڕووی دیاردە سروشتییەکانی وەک لافاو، زریان، بوومەلەرزبوونەتەوە پێویستیان بە وزەیەکی مەعنەوی هەبووە، کە ئەو وزەش تەقیوەتەوە بووە بە هۆرە، کە دەوترێت هۆرە ئەم شێوەیە زۆرتر هی ناوچەکانی کەڵهوڕ و قەڵخانی، ئەوناوچانەیە، بەڵام هۆرە لای من فراونترە سیاچەمانە و لاوکیش هۆرەن، بەڵام ئیتر ناوەکان بە پێی ناوچەکان گۆراون."
'هۆرە هونەرێکی بێ ڕیتمە'
لە درێژەیی قسەکانییدا ڕەنجە باوەنووریی باسی لەوەکرد هۆرە بە ناوچەکانی تردا بڵاوبووتەوە هەر ناوچەیەک ناوێکی لێناوە بەمجۆرە بەردەوامبوو: "هۆرە لە لای عەرەب بووە بە مەقام، کاتێک هاتوونەتە ئەم ناوچەیە ئاشنای کلتوور و هونەری کورد بوونە، بەو پێیەی کە دەسەڵات بە دەستبوونە خۆیان ناویان لێناوە و کردویانە بە مەقام، بە باوەڕی من ئەوەی ئەوان سودییان لێ وەرگرتووە، هۆرەی ناوچەکانی کفری و کەرکوک و قادر کەرەمە.
هۆرە هونەرێکی بێ ڕیتمە، بەڵام مەقام لە پایەوە هاتووە لە دیوەخان و لە لای کەسانی خاوەن پلە و پایە وتراوە، بەو مانایە پایەیەکی بەرزی هەیە ئەو هونەرە. بەداخەوە کوردیش ئەڵێت مەقام بەڵام خۆی هەر هۆرەیە."
'هەر هونەرێک یاخود گۆرانییەک نەچێتەوە سەر هۆرە کوردی نییە'
باسی لەوەشکرد کاتێک دەلێم نەتەوە بەومانایە خاوەن فەرهەنگ و کلتووری جیاوازبین کە نا چێتە سەر هیچ نەتەوەیەکی تر و گوتی: "گەربمانەوێت خۆمان بپارێزیین وەکو کورد دەبێت فەرهەنگەکەمان بپاریزیین، من مرۆڤم و ئەوانی تریش هەر مرۆڤن، لە ڕووی مرۆڤبوونەوە هیچ جیاوازیمان نییە. ئەوەی جیاوازە فەرهەنگە، ئەگەر ئێمە هۆرە بپارێزیین واتا سەروەری خۆمانمان پاراستووە.
هۆرە دابەزیوەتە ناو هەموو کایەکانی کوردەوە لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە شەردا، تەنانەت لە کاتی گەلکاری (هەروەزی) کە داهێنانی کوردە، پێکەوە کاریان کردووە، لە خانوو دروستکردن و دروێنەکردن، لەوکاتەشدا هۆرەیان چڕیووە.
زۆر هەوڵمدا لەگەڵ ئەوانەی کە کاری میوزیکی دەکەن کە پۆلێنکاری بکەن بۆ هۆرە بەڵام نەیانتوانی، هۆرە ئەوندە گەورەیە کە ناتوانرێت بخرێتە چوارچێوەیەکەوە، هۆرەبێژێک دەتوانێت بە یەک لەرەی دەنگ ئاوازێکی تری هۆرە بچڕێت. هۆرە تاکە هونەرە ڕامناکرێت.
لە هەموو شوێنک هونەر تایبەتمەندی خۆی هەیە کە گوێی لێ دەگرێت دەیناسیتەوە، کە جیاوازی هەیە بۆ نمونە گوێ لە هونەری ئازربایجان بگرین دەیناسینەوە، بەڵام هونەری کوردی ناناسرێتەوە. هەر هونەرێک یاخود گۆرانییەک نەچێتەوە سەر هۆرە کوردی نییە."
'لە دوای ڕاپەڕین چاوەکانم لە دەستدا بەڵام ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەم کارم لە سەر هۆرە کرد'
هەروەها باسی لەوەشکرد کە لە ساڵانی ٧٠کاندا کە ڕادیۆی کرماشان هەبوو، بۆ یەکەمجار گوێم لە هۆرە بوو بە دەنگی عەلی نەزر بوو، وتی: "کە گوێم لە دەنگی عەلی نەزر بوو وەک ڕاژەنیین دەروونی ڕاژەنییم، هەستم کرد سیحرێک لە هۆرەدا هەیە لە هزرمدا ما تاوەکو سەردەمی حکومەتی عێراق کە ئەوکات نەمتوانی زۆر بە دواییدا بڕۆم، بەڵام ئەوە بوو لە دوای ڕاپەڕین بەداخەوە چاوەکانم لە دەستدا ئەوبوو لە ساڵی ١٩٩٢ ئەوە بوو یەکەم کارم لەسەر هۆرە کرد.
هۆکاری ئەوەی کە کارم لەسەر هۆرە کرد ئەوەیە کە من دەڵێم کوردم، خاوەنی فەرهەنگێکی جیاوازم، ئەگەر فەرهەنگێکی جیاوازم نەبێت کوردبوون هیچ جیاوازییەکی نییە."
لە کۆتایی قسەکانییدا ڕەنجە باوەنووری ئاماژەی بەوەکرد یەکەمین کاری لە ساڵی ١٩٩٢ لە گۆڤاری کەلەپوری کورییدا بڵاووبووتەوە، دوا: "لە ٢٠١١ کردم بە کتێب بەڵام من وەک ئامادەکاریی بۆ کتێب نەمکرد بەڵکو بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکان کردم، بەڵام ئەوە بوو لەوێدا جێگەی نەبوویەوە بە جارێک بڵاو نەدەکرایەوە، دەیان گوت بە جارێک بڵاو ناکرێتەوە دەبێت بە چەند بەشێک دابنرێت.
بەڵام ئەوەم قبوڵ نەکرد چەند دۆستێک پێشیناری ئەوەیان بۆ کردم بیکەم بە کتێب، بە ڕاستی کەم و کورتی هەیە وەکو کتێب چونکە کەسێک شارەزایی هەبێت بیخوێنێتەوە دەزانێت ئەمە بۆ کتێب ئامادەنەکراوە.
دۆخی من بەمجۆرەیە هەر ئەوەندە لە توانامدا هەیە، ڕەنگە لە داهاتووشدا بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بتوانم کارێکی تری لەسەر بکەم."