شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، سەردانی نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ـیان کرد لە سلێمانی. شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین ساڵیحە ئایدەنیز و ئەندامی تەژەئا عەدالەت فیدان.
شاندەکە لە لایەن نوێنەری پەیەدە لە باشووری کوردستان جاویدان کەمال حەسەن و ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە بێریڤان محمەدەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و تیشکیان خستەسەر ڕۆڵ و ئەرکی پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە چواربەشی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان لە چارەسەری پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی.
چاوەڕوان دەکرێت شاندی دەم پارتی و دەبەپە لە سلێمانی لەگەڵ چەندین پارت و ڕێکخراوی مەدەنی کۆببنەوە.