ئەمڕۆ، شاندی دەم پارتی و دەبەپە، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی کۆبوونەوە.
شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە پێکهاتبوو لە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە، بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ساڵحا ئایدەنز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین و ئەندامی تەژەئا عەدالەت فیدان.
شاندەکە لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، شیخ کامیل شێخ قادر، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی، بەختیار عومەر، ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكان، جوانڕۆ محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کورستان و گوڵستان سەعید، نوێنەری ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان، پێشوازییان لێکرا.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کەسیکن بایندر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، کاتێک جاری یەکەم هاتینە باشوور، بەهۆی کەمی کاتەوە نەمانتوانی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆببینەوە بۆیە جارێکی دیکە هاتینەوە باشووری کوردستان و ئەمڕۆش لەگەڵ براکانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە باکوور و تورکیا و گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی خۆیان لە پرۆسەی چارەسەریی ئاشکراکرد و سووپاسی هەڵوێستەکانیان دەکەین.
هەروەها جوانڕۆ محەمەد وتی: پێشوازییمان لە شاندەکە کرد و داوایان لێمان کرد کە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی بکەین لە باکووری کوردستان و ئێمە هەموو پشتیوانییەکی خۆمان بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و ئامانجمان ئەوەیە ئاشتیی بەرقەرار ببێت.
سەردانی شاندی دەم پارتی و دەبەپە بۆ باشووری کوردستان، لە درێژەی سەردانی شاندی ئیمرالی دەم پارتی دایە کە لە ١٥ـی شووباتی ئەمساڵ سەردانی باشووری کوردستانی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێم، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کۆبوونەوە.