'گەر لەناو کورداندا شەڕ بقەومێت، گورزی سەرەتا بەر باشوور دەکەوێت'

سیاسەتمەداری کورد دکتۆر محمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژەی بەوەدا بەشداریکردنی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا، دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆ کوردان و گورزی گەورە بەر باشوور دەکەوێت.

سیاسەتمەدار و ئەندامی کەنەکە دکتۆر محمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژەی بەوەدا؛ دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئێران و عێراقدا ماوەی سێ ساڵە لە ئامادەکاریی هێرشن لە دژی گەلی کورد، هاتنی ئەردۆگانیش بۆ باشوور و عێراق هەر لە چوارچێوەی ئامادەکاریی هێرشدایە لە دژی کوردان.

لەسەر ڕەوشی ئێستایی ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکاریی و چاوساغیەکانی پەدەکە بۆ هێرشکردنە سەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان، سیاسەتمەدار و ئەندامی کەنەکە دکتۆر محمەد ئەمین پێنجوێنی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

لەسەرەتایی قسەکانیدا پێنجوێنی سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی وەزارەتی بەرگری عێراق کە بە تورکیایی ڕاگەیاندووە ناچنە ناو هێرشی دژی پەکەکەوە و وتی: "لەبەرئەوەی عێراق ڕایگەیاندووە پەکەکە لە عێراقدا لە لیستی ڕێکخستنی تیرۆردا نیە، بۆیە ئێمە پەکەکە وەک ڕێکخستنێکی تیرۆرستی تەماشاناکەین. هەروەها یەنەکە و سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانی و چەندین پارتی سیاسی بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە بەشداری شەڕی تورکیا لە دژی پەکەکە نابن. چونکە پەکەکە لە هەرێمی یەنەکەدا نیە."

'ئێران نایەوێت سوپایی تورکی ئەندامی ناتۆ نزیکی سنورەکانی بێتەوە'

لە بەردەوامی قسەکانیدا پێنجوێنی باسی لە هەوڵدانەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆ پەیداکردنی هاوکاری و هاوبەش لەشەڕی دژ بە کوردان و وتی: "تورکیا داوای لە ئێران کردووە لەهەمانکاتدا هێرش بکاتە سەر پژاک، بەڵام ئێران ئەمەی ڕەتکردووتەوە. ئێران نایەوێت سوپایی تورکی ئەندامی ناتۆ نزیکی سنورەکانی بێتەوە، بۆیە پشتگیری نادات بەم شەڕە. دۆخە تا ئێستا بەم شێوەیە. لەم مژارەدا تا ئێستا ڕاگەیاندراوی فەرمی نەدراوە. بەڵام بە گوێرەی قسەوباسی سیساسەتمەدارنی باشووربێت، باڵێک لە ناو پەدەکەدا لایەنگری ئەوەن کە پەدەکە بەشداری شەڕی تورکیابێت دژ بە پەکەکە. بەشێکی تریان هەوڵدانی پەدەکە بۆ بەشداری شەڕ بە باش دانانێن. دۆخەکە تا ئێستا بەم شێوەیە. بەڵام گەلی باشووری کوردستان ئەم هێرشانە، هێرشی  هێزێکی کوردی بە سوپایی تورکەوە بۆسەر قەندیل قبوڵ ناکات و لەدژی دەوستێتەوە. ئەم شەڕە دەبێتە کارەساتێکی گەورە. لە دۆخێکی ڕوودانی شەڕدا گورزی سەرەتا بەر باشووری کوردستان دەکەوێت. گەر هێزێکی کوردی، ببێتە چاوساغی تورک و شەڕیی هێزێکی تری کورد بکات، ئەوە دۆخێکی کارەسەتاویی دەبێت بۆ کورد، لەوکاتەدا شەڕەکە لە شەڕی تورک و کوردەوە دەگۆڕێت بۆ شەڕی نێوان کورد و کورد. نوێنەرانی هەموو پارتە کوردستانییەکان بەشداری کۆبوونەوەکانی کەنەکە بوون، پەیام و خواستی ئەوەیان دا، کە هیچ هێزێک لە باشووری کوردستان هاوکاری هێرشەکانی سوپای تورک نەکات بەرامبەر بە گەریلاکانی ئازادی کوردستان."