بە دیمەن

لە سلێمانی ١٤هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان بەرزڕاگیرا

لە سلێمانی، ١٤هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بەڕێوەچوو و لە مەڕاسیمەکەدا ١٤ باڵندە ئازادکران وەکو هێمایەک بۆ ئازادی رۆژنامەنووسان.

ساڵیادی سەردەشت عوسمان

ئێوارەی ئەمڕۆ یەک-شەممە، لەبەردەم باخی گشتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنووان و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و بە ئامادەبووانی هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، مەراسیمی چواردەمین ساڵیادی شەهیدکردنی شەهیدی قەڵەم ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بەڕێوەچوو.


لە مەڕاسیمەکەدا ئامادەبووان وێنەی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان و وێنەکانی هەریەکە لە رۆژنامەنووسانی زیندانی کراو( شێروان شێروانی، سلێمان ئەحمەد و قارەمان شوکری)یان بەرزکردبووەوە و دروشمەکانی (هەرگیز ناتوانن ئازادیمان بکوژن، رۆژنامەکان دەکەن بە خوێنی سور و بە گوڵی سوریش پێشوازی لە داگیرکەر دەکەن) بەرزکرابوونەوە،
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە ئازادکردنی 14 باڵندە لەلایەن ئامادەبوانەوە وەکو هێمایەک بۆ ئازادی رۆژنامەنووسان مەڕاسیمەکە دەستی پێکرد.
پاشان هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوان، بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە کە تیدا هاتبوو: "چواردە ساڵ تێپەڕی ، بەڵام هێشتا خوێنی سەردەشت لەسەر زەویدا ووشک نەبۆتەوە، لای ئێمەو خەڵکی ئازادیخواز هێشتا وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ڕفاندنی سەردەشتە لەبەردەم کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، چواردە ساڵ لەمەوبەر دەستێکی ڕەش و ئاشکرا بەنوێژی نیوەڕۆ و بەبەرچاوی زانست و زانکۆ سەردەشتیان ڕفاندوو دواتریش بەوەش نەوەستان تەرمی پیرۆزیان لەشاری موسڵ فڕێدا، شەمشەکوێرەکانی وایانزانی ئەگەر تەرمی سەردەشت ببەنە دەرەوەی کوردستان، ئیتر سەردەشت کۆتایی پێدێت، بەڵام سەردەشت بوو بەتۆی ئازادی و لەدوای خۆیدا زیاتر چەکەڵەی کردوو لەبەردەرگای هەموو ماڵێکی ئازادیخواز بوو بەنەمامی ئازادی، لەهەموو شەقامێکی هەولێر بوو بەچرا، لەهەموو باخچەیەک بوو بەگوڵی ئازادی".
هەروەها هێمن مامەند ووتیشی: "ئەوانەی سەردەشتیان شەهید کرد هێشتا لەسێبەری سەردەشت دەترسن، فۆبیایان بەئازادی هەیە، بۆیە ئەوان هاتن شێروان و هاوڕێکانیان لەزیندان توند کرد، هاوڕێ وهەڤاڵەکانی سەردەشتیان لەخاک و زێدی خۆیان دەرکرد، ئەوئەقڵیەتەی سەردەشتی تیرۆرکرد، هەمان ئەم ئەقڵیەت و کارەکتەرانەن کە ئەمڕۆ شێروان شێروانی و سلێمان ئەحمەدو قەهرەمان شوکریان لەزیندان توند کردووە".
ئەو رۆژنامەنووسە ووتیشی: "ئەو ئەقڵیەتە خێڵەکی و بنەماڵەییەی سەردەشتی شەهید کرد، هەمان ئەو ئەقڵیەتەیە بەهۆی ملهوڕی و نەزانیەوە ٥١٪ خاکی کوردستانی دۆڕاند، بەوەش ناوەستن دوای ئاشکرابوون و سڕینەوەی چوار سەد هەزار دەنگدەری ساختەیان و ئاشکرابوونی قەبارەو ئەقڵی بچووکیان دەیانەوێت دژی دیموکراسی و ئازادی بوەستنەوەو ڕێگە لەئەنجامدانی هەڵبژاردن بگرن، بۆ ئەوەی ئەم ٤٩٪ی کەماوەش لەدەستمان بچێت، بۆیه ئەرکی هەموومانە ئەم دەستە ببڕین و سنورێکیان بۆدابنێین تا چیتر ئازادیمان نەکوژن".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چالاکوان ووتی:"بەرزو پیرۆزە یادی سەردەشت و ئەمڕۆ لای ئێمە یادی ١٤ساڵی لەدایکبوونیەتی سەردەشت ئەمڕۆ تەمەنی ١٤ ساڵەو تازە بەرەو گەنجی و جوانی و گەورەی دەچێت و ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتردەبێت و بکوژانیشی بچووک بچووک دەبنەوەو تەنیا هەژماری خۆیان لەبەردەست ماوە".