بە دیمەن

هەگبەی نەورۆزی قەندیل

نەورۆز جەژنی ژیانەوە و نوێکردنەوەی ئیرادەی وابەستەیی بە خاک، جەژنی ڕەگداکوتیوو بە ڕەسەنێتی کولتووری کۆمەڵگەی کوردستانییەوە.

نەورۆزی قەندیل

گەلانی ڕۆژهەڵات هەمیشە شانازییان بە جەژنی نەورۆزەوە کردووە، هەڵبەتە جەژنی نەورۆز سیمبوڵی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەیە بەرانبەر ستەم. ئەم ڕۆژە سیمبوڵییە لە سەرهەڵدانی کاوەی ئاسنگەردا بە رانبەر زوحاکی خوێن مژ دەگات بە ترۆپکی سیمبوڵی بەرەنگاربوونەوە و داڕووخانی دارپەردووی دەسەڵاتی ستەم کاری. ئەم ڕوحە بەرەنگارییە بە درێژای هەموو سەردەمەکان بەردەوام دەبێت، تا ئەوەی لە کەسێتی مەزڵوم دۆغان "کاوەی سەردەم"دا دەکات بە ترۆپکی ڕوحی بەرەنگاربوونەوەی ستەم. بێگومان گەشانەوەی ئاگری نەورۆز هەمووکات پێویستی بە قوربانیدان بووە. تەڤگەری ئازادی کوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە لە قوربانیدان لە هەموو ڕووەکانی پێویستییەکانی ئازادی. لێرەوەیە لە کەسێتی شەهیدانی نەورۆز؛ مەزڵوم دۆغان، زەکیە و ڕاهشاندا چەندان شەهیدیی دیکەی بەخشیوە لە پێناو بڵێسەی ئاگری نەورۆز. ڕێبەر ئاپۆ زۆرباش لە گرنگی و ماناداری نەورۆز تێگەشتووە، بۆیە لە نەورۆزدا هەنگاوەکانی دامەزراندنی پەکەکە دەنێت و دەیکات بە سیمبوڵی بزاوتێک بۆ دەستهێنانەوەی ئازادی گەلی کورد و گەلانی بندەستی کوردستان.

جەژنی نەورۆز ئاوێتەبوویی ڕووحی کورد

گەلی کورد کە ڕەسەنترین گەلی وڵاتی میزۆپۆتامیایە، هەبوونی گەلی کورد هەر لەگەڵ بوونیدا یەکانگیر بە سروشت دایە. لە گەڕانەوەدا بۆ خوێندنەوەی ڕەگ و ڕیشەی گەلی کورد یەکەم دەرکەووتە ئەوەیە گەلێک بووە بە سروشت لە سروشتدا ژیاوە. ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە هیچ کاتێک ستەمی قبوڵ نەکردووە، ڕەنگە هۆکاری هێرشە فرەلایەنەکان بۆسەر کوردان ئەم ئیرەییە بردنە بێت لە لایەن ئەوانی دیکەوە بە گەلی کورد. لەم خاڵە جەوهەرییەوەیە لەگەڵ هەموو ستەمێکدا کە بەرۆکی گەلی کوردی گرتووە، لە دژی ئەو ستەمە کوردان بە سەرهەڵدان و بەرەنگاربوونەوە بەرگری لە جەوهەری خۆی کردووە.

نەورۆزی قەندیل هەنگاو بۆ نێو دڵی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

ڕەنگە نەورۆز بۆ کوردێک تەنها تێمایی ڕۆژ و جەژنێک نەبێت، بەڵکو چڕبوونەوەی کات و شوێن بێت، لێرەوەیە قەندیل هەم دەربڕی سەردەمی بەرەنگارییە و هەمیش جێ‌شوێنی کردەیبوونەوەی بەرەنگارییە.

کاتێک مرۆڤ بە هەستی نەورۆزەوە پێ دەنێتە ئەو جوگرافیاییە ڕاستینەی هەسێتی دێرۆکی لە دەروونیدا نوێ دەبێتەوە، کە ژیانی ڕۆژانەی جیهانی شاریی مۆدێرنێتە تێیدا سەرکووتی کردووە.

ئەو هەستە هەر لەگەڵ پێنانە سنووری قەندیل وردە وردە خۆبەخۆ سەردەردێنێت و وەک کانیاوێکی بەهارە قوڵ دەدات. ڕۆشتن بە تولە ڕێگەیەکی درێژکۆڵەی پێچەڵ پێچدا تا چاو بڕکات چیا، تا گوێ ببیستێت هاژەی ئاو، تا بۆن بژنەڤێ بۆی گوڵی بەهارە پێكڕا مرۆڤ دەخاتە ژێر سروشتیترین تەلیسمی جادووی خۆیەوە.

سەرگێژبوونێک لە نێوان ماندووێتی و هەستی ئاسوودەییدا پێ بە پێ تا دەگەی بە 'کەلی کورتەک' لەوێ سەرهەڵبڕە یەکەم چاو یەکەم نیگا یەکەم ڕووانین کە دەبینی ڕوانینی ڕێبەرێکە کە سەرتاپاکی ژیانی بۆ ئازادی گەلان تەرخان کردووە 'ڕێبەر ئاپۆ'. بەخێربێن بۆ جیهانی ئازادی و جیهانی کوردی ئازاد لە کەسێتی هەڵساوەی ژنی ئازاددا.

یەک دوو هەنگاو ئیدی هەستی سەقامگیری، هەستی دڵنیایی ژیانێکی ڕەسەنی دوور لە فرتوفێڵەکانی مرۆڤی ساختەیی جیهانی سەرمایەداری. بە نێو خەرەندێک بە چەپ و ڕاست چیایی سەوز. لێرە ڕووەکان ترسی تەور ناناسن، باڵندەکان دەنگی بڕنەو ناژنەڤن، ڕووبارەکان بەر دیواری ڕێگر لە ڕۆشتن ناکون. بە دڵنیاییەوە مرۆڤانێک کە گۆشت و خوێنێیان لەم خاکەوە خۆراک وەردەگرێت، هەر دەبێت مرۆڤی ئازاد بێت

Bi xêr hatî heval, ji bo pirozbahiyê newroz hatine? Temam bi xêr hatin serçava

ئەمانە یەکەم دەنگێکن لە سرووشتێکی ئازاددا بەر گوێ دەکەوێت. وشەگەلێک هەڵگری ڕوحی شۆڕش، ڕۆحی خۆبوون، ڕوحی دایکانە.

-بەڵی ئێمە هاتووین لە قەندیل شادبینەوە بە کرۆکی کووردبوون، کرۆکی کوردی ئازاد، کرۆکی ڕوحی تەسلیم نەبوو، ڕوحێتی پارێزەری گەلێک...

هێشتا تەلیسمی سرشتی ڕەنگاڵە لە جۆشدانی دەروندایە، لەگەڵ هەر چاوپتورکاندنێکدا دیمەنێکی پڕاوپڕ لە جوانی خۆی دەهاوێتە نێو بینینەتەوە سەرهەڵبڕە چیایەک، دارێکی تازە پشکوتوو بە گوڵ، سەرهەڵبڕە شەکانەوەی ئاڵایەکی سوور کە ئەستێرەیەک لە نێوییدا دەبرسکێتەوە. مرۆ لە خۆ دەپرسێ داخۆ ئەم هەموو جوانییە چۆن پشتکووتوە، داخۆ چۆن هاتووەتە بوون.

هێشتا لە نێو ئەم پرسیارانەدا مژوڵ بووی، ئەما حەقیقەتێک، ڕاستییەک، یادگایەک لێرەیە و بە دەنگی بێدەنگی خۆییەو دەڵێت؛ 'ئەوە من گۆڕستانی شەهیدانم لە کەسێتی محمەد قەرەسونگوردا، ئەرێ منم و بووم بە ڕوحی بەردەوامی ئەم جیهانە ئازادە'. ڕیزێک مەزاری شەهیدی سوور...

وەڵامێک کە تەزێک بە گیاندا دێنێت و ناوەکیانە پێتەڵی هۆی لاو ئەرێ ئەمانە مرۆڤانێکن گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ئازاد، بۆ قەرەبووکردنەوەی فرمێسکی دایکان، بۆ ڕاستکردنەوەی چەمینەوەی پشتی باوکان، بۆ ئایندەی نوێ جوانانی ئەم گەلە...

گۆڕەپانی ئاهەنگی قەندیل؛ کەشکۆڵی پڕ لە گەوهەر

ڕووبەرێکی تەختایی لە نێو دڵی چیایەکەدا کە بە چوار لادا لوتکەی سەرکەشتی هەوربڕ. لوتکەیەک بریسکاوە بە بەفر. لە دەروازەکە پێ دەنێیتە ژوورەوە بە دەستە چەپدا ڕووانینەکانی ڕێبەرێکی فریاد ڕەس و بە دەستە ڕاستدا ئاڵا ژنانی ڕۆڵەی ڕۆژ (یەژا ستار) و لە بەرانبەردا ئاڵای جەنگاوەرانی گەلی ڕۆژ (هەپەگە).

وردە وردە خۆر ئاوا دەبێت، ئەستێرەی درەوشاوەی هاوشێوەیە نێو ئاڵا سوورەکە دەستە دەستە دەردەکەون هەندێک بەرز و هەندێک هاوئاستی لوتکە سەرکەشەکان. شنەبایەکی سارد دێت و هەستی گەرموگوڕی ئەو پنتە دیرۆکییەت تێدا دڵخوازتر دەکاتەوە. لێرە هەموو شتەکان، هەموو هەستەکان، هەموو ڕەنگەکان تەواوکەری یەکترن.

وچانێک ئەدەیت، شەپۆل شەپۆل دەنگ و ئاوازی گۆرانی و سرودە نەورۆزییەکان گوێیەکانت گەرم دەکاتەوە. ئاگر، تێمای زیندوێتی بە ڕووی ژیانی ساردی مردوودا، تێمای جوڵە بەڕووی ژیانی وەستاودا، تێمای ڕووناکی بەڕووی تاریکیدا...

یەک بە یەک گەنجانی وڵاتی ڕۆژ بە هەڵگرتنی مەشخەڵی ئاگرەوە هەڵدەکشێن بۆ لوتکەکە و پێکڕا "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەبێژنەوە...

هەڵپەڕکێ سەمای گەڕانەوە بۆ نێو دڵی دایکە خاک

دنیا تاریکە ئەما بڵێسەی مەشخەڵی نەورۆز چ چاو چ دڵ چ دەروون هەموو ڕووناک کردووەتەوە. هەموو ئەو گەوهەرانەی هەگبەیی نەورۆز پێی بەخشیووی جۆشوخرۆشێک دەتەنێتە گیانەوە، هان و دنەیی ڕوح دەدات بۆ هەڵپەڕین. وەک ئەوەی خۆراکێک بێت بۆ ڕوح و ڕوحی تێرکردبێت.

گۆرانی شاد بە فرە زمانی، چ سۆران، چ گۆران، چ کورمانج هەموو پێکڕا لەو پنتە بەهەشتییەدا ئاشنان بە گوێ.

هەڵپەڕکێ بەستنەوەی جەستە بە خاک، گواستنەوەی وزە لە خاکەوە بۆ جەستە و لە جەستەوە بۆخاک.

شەوێک لە نێو ئامێزی سروشتدا

هەمووان پێکەوە هەرکەسەر و بە شێوەزاری خۆی گفتوگۆیەکی پڕاوپڕ لە جوانی و کردنەوەی ڕازێکی ڕەسەن. لە گوێدانی ئاگرێک کە کۆتکە دارێک پاش ژیانێک لە سەوزی جەستە و دڵەکان گەرم دەکاتەوە.

خۆر لە کەل سەردەردێنێ، لە پشت گەواڵە هەورەکانەوە تیشکی خۆی دەگەینەنێە سەر خاکی دایک، چاو هەڵدەبڕی لە ئاسمانەوە تنۆک تنۆک بارانی بێگەردی دادخزێتە سەر ڕوومەتت و پیسی تەمەنێک لەسەر ڕوومەتەت دەشواتەوە.

هەمووان بە جۆشەوە پێ دەنێننەناو یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی کوردییەوە. نەورۆز ڕۆژی نوێ بونەوە و لە دایکبوونەوە.

گۆڕەپانی نەورۆز گەلەریی کولتووری

لە گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورزۆردا هاوشانی دەربڕینی خۆشییەکان، ڕیزێک کەپر دانراوە بۆ نمایشکردنی بەرهەمە دەستییە کولتوورییەکان کە دڵ و داو چنراون و ڕوحی گەلێکییان ئاوێزان کراوە.

کتێب و بەرهەمەکانی ڕێبەر ئاپۆ

 

هەر لە گۆڕەپانەکدا کەپرێک پڕاوپڕ لە کتێبی میتراتی مێژوویەکی درووشاوە دانراوە. کتێبەگەلێکی تێدا نمانیش دەکرێت کە گێڕەڕە و گەواهیدەری مێژوویەکی درووشاوەیە.

گوزارشتی بنەماڵەی شەهیدان لە گۆرەپانی نەورۆز

هادی عومەر باوکی شەهید باشوور: ئەمڕۆژە لە ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی گەلی کورد پیرۆز دەکەم، ڕێبەر ئاپۆ پەیامی ئاشتی هەڵگرتووە و ئێمەش پشتیوانی دەکەین.

 

بەسیمە سولە، دایکی شەهیدسەردار عەبدوڵا: نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدان و گەلەکەمان پیرۆز دەکەم. ڕێبەر ئاپۆ قۆناغێکی نوێی دەستپێکردوە، دەبێت هەموومان پاڵشتی پرۆسەکە بکەین، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بین.

بڵێسەی نەورزۆی ئەمساڵ؛ ڕێبەرێتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک

خودی نەورۆز نوێبوونەوە و ماندارییە. چ جای نەورۆزێک بێت ببێتە سیمبوڵی ئازادی ڕێبەرێکی ئاشتی دۆست، ڕێبەرێکی مرۆڤ دۆست، ڕێبەری گەلێک کە بووە بە شوناسی هەموو گەلانی بندەست: ڕێبەر ئاپۆ.

پەیامی کەجەکە: گەلی هێژای قەندیل و هەموو ئەوانەی دڵتان بۆ ئازادیی لێدەدات و بەشداری نەورۆزی قەندیل بوون، بەخێربێن بۆ واری شۆڕش و ژیار، بەخێربێن بۆسەر زەمینی دڵڕفێن و ئەفسوناوی قەندیلی سەرکەش و وارگەی ئۆجاخی هۆرییەکان.