شەهید هێرۆ بەهادین لەسەر مەزارەکەی یادکرایەوە

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، سەردانی مەزاری شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد (هێرۆ بەهادین) کرا.

ئەمڕۆ بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی مەزاری شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد (هێرۆ بەهادین) کرا. کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان و کۆمپانیای چەتر و ئاژانسی ڕۆژنیوز و ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان بەشداربوون.

تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر مەزاری شەهید دانرا و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەسترا.

بەناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان ئیبراهیم محەمەد ئەمین، شەهید هێرۆ بەهادین و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیرهێنایەوە و جەژنی لە هەمووان پیرۆز کرد و گوتی: "بەهیواین ئەم جەژنە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتیی و پێکەوەژیانی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتیک".

لە درێژەدا ئاماژەی کرد بە پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "دەبێت خۆمان بۆ پڕۆسەی ئاشتی ئامادە بکەین و کاری بۆ بکەین تاکو لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا گەلان بە خۆشی و شادی بژین".

بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر، کەمال حەمە ڕەزا، وەدات و هێرۆ و گوڵستان تارا و عەزیز کۆیلوئۆغلو و تەواوی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادی بیرهێنایەوە و بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان.

هەروەها باوکی شەهیدی ڕۆژنامەنووس هێرۆ، بەهادین عەبدوڵا سوپاسی ئامادەبووانی کرد و گوتی: "داواکارم لێکۆلینەوە لەوکەسانە بکرێت کە دەست بۆ خەڵکی قەڵەم بەدەست و هاوڵاتی مەدەنی دەبەن و  تیرۆریان دەکەن، داواکاریشم خوێنی شەهیدانمان ون نەکرێت، درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازیان بن".