لەمڕۆدا وڵاتەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر لە نێو بەرخۆدانێکی مەزن و مانداردایە. دەبێژن بەرخۆدان ڕێگەی سەرکەووتنە، بەڵام سەرکەووتن بە بێ قوربانیدان خەیاڵێکی خاوە. گەر بوون هەبێ و خەیاڵی سەرکەووتن هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت ببێت بە شەڕڤان و چەکی سەرکەووتن بۆ وڵاتەکەت لەشان بکەیت؛ چونکە گەر وڵاتەکەت داگیرکرابێت، ئەوا تەنها بە توورەی و نەفرەت کردن کۆتایی بە داگیرکارییەکان ناهێندریت. دەبێت خەیاڵەکانت هێندە گەورە و کاریگەربێت کە دەستەبەرداری هەموو شتێک ببیت و بە خۆبەخشی بۆ ئازادی وڵاتەکەت شەڕ بکەیت. هەرخۆی بەدەر لە ئازادی وڵات چۆن لە نێو ژیانێکی دەستبەسەرکراودا بە ئاسوودەی ژیان دەکرێت؟ گەر شەڕ و کۆمەڵکووژی هەبێت، ئەوکات ژیانکردن هیچ مانایەکی نابێت. هەربۆیە هەموو گەنجێکی کوردستان خواستی ئازادی پێرۆزی وڵاتەکەیەتی. بەبێ وڵاتێکی ئازاد نە هەناسەدانێکی ئازادی هەیە و نە ژیانێکی شکۆدارانە بوونی ئەبێت.
مەسکەن نسێبینیش وەک گەنجێکی کوردستان هەستی بە ئازار و ستەمەکانی سەر وڵاتەکەی کرد، لەو کاتەی هەست بەم ئازار و ستەمە دەکات ڕوودەکاتە ژیانی حەقیقەتی ئازادی. زەینەب کایە لە نێو تەڤگەری ئازادیدا وەک مەسکەن نسێبین دەناسرێتەوە و گەنجێکی ناوچەی نسێبینی مێردینە. زەینەب کە لە مێردین لە دایک بووە، لە نێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێدا بە کەلتووری وڵاتپارێزییەوە پەروەردە دەبێت و بە پەروەردەیەوە گەورە دەبێت و دەبێتە ئەڤینداری کوردستان. بەشداربوون و شەهادەتەکانی نێو بنەماڵەکەی دەبێتە بناغەی کارەکتەر و ئامانجەکانی. زەینەب هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەست بە ئازار و سەختییەکانی سەر وڵاتەکەی دەکات. هاوشێوەی هەموو منداڵانی کورد لەگەڵ فشارەکانی داگیرکەردا گەورە دەبێت و هەربۆیە لەگەڵ گەورەبوونیدا ڕێچکەی شەڕڤانی و شۆڕشگێڕان دەگرێت. هەر کە گەورە دەبێت ئیدی هیچ کەسێک ناتوانێت ببێت بە ڕێگر لە پێش خواستەکانی. هەرچەندە لە ترسی شەهید بوونی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە جۆرێک لە ئاستەنگی بۆ درووست دەکات، بەڵام زەینەب هەرگیز ئەو ژیانەی قبوڵ نەکرد کە سیستەم بەسەریدا سەپاندبووی. بە بڕیاردارییەکەی مەزنەوە دەیەوێت بەشداری نێو ڕیزەکانی ئازادی ببێت.
لە ساڵی ٢٠١٥دا بۆ گەیشتن بە خەیاڵی ژیانێکی ئازاد و پڕ شکۆ، بەڕێدەکەوێت. جل و بەرگی گەریلای لەبەر دەکات، چەکەکەی هەڵدەگرێت و بەرەو چیاکان دەچێت. ناوی مەسکەن نسێبین لە خۆی دەنێت و دەست بە شۆڕش دەکات. لەگەڵ پەروەردە بینیندا، هێدی هێدی مەزن دەبێت و پێشدەکەوێت. لە ژیانەوە تاوەکو شەڕ بەرپرسیارێتی هەموو شتێک هەڵدەگرێت. لە پەروەردەی بیردۆزیدا زیاتر پێشدەکەوێت، تێکۆشانی لە پراکتیکدا خێرا فراوان دەبێت و ئەزموون پەیدا دەکات. سەرەتا لە هەرێمی ئاڤاشین پراکتیکی بەڕێوەدەبرد. هەرچەندە شەڕ زۆر سەخت بێت با ببێت، گەریلا مەسکەن پێویستی فێربوونی هەموو جۆرە چەکێک جیادەکاتەوە. هەربۆیە بۆ ئەوەی گوزری زیاتر لە دووژمن بدات و چالاکیی کاریگەر ئەنجام بدات، بەرەو پەروەردەی چەکی قورس دەڕوات. لەم پڕۆسەیەدا هەوڵێکی زۆر دەدات. ئیدی بەرپرسیاریەتییەکەی قورسترە. بۆیە بە هەموو هێزییەوە بۆ هاوڕێکانی تێدەکۆشێت و لەسەر بنەمای بەهای پارتی خۆی پێش دەخات.
ئەگەر شەر هەبێت، فیداکاریش هەیە
ئەگەر شەڕ هەبێت، فیداکاریش هەیە و مەسکەن لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بە ڕۆڵێکی چالاک ڕاپەڕی. لە کوردستاندا شەڕێکی گەورە هەبوو، بە تایبەتی هەموو ڕۆژێک لە دژی جیا ئازادەکان هێرشی نوێ ئەنجام دەدرا و قوربانی زۆر گەورە دەدرا. گەریلا مەسکەن لەم پڕۆسەیەیی شەڕدا ڕوو لە هێڵی پێشەوەی شەڕی سەخت دەکات. لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ستراتیژیی شەڕ دادەڕێژێت. لە زۆر چالاکیی دژ بە دوژمندا، ڕۆڵی گرنگ و بەرپرسیارێتییەکی مەزن لە ئەستۆ دەگرێت و پێشەنگایەتی هاوڕێیانی دەکات. ئەزموونەکانی لەم پڕۆسەی شەڕدا بەدەستی هێناوە، دەیگەیەنێتە سەر سەرکەوتنێکی گەورە. پاش تێکۆشانەکانی لە ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا، دەچێتە ئەکادیمیای شەهید بێریتان. لەم ئەکادیمیا سەربازییەدا بە تایبەتی لەسەر فەرمانداری و زانابوونی پارتی خۆی بەرەوپێشەوە دەبات. لە کۆتایی پەروەردەکەیدا لە پرۆسەی ڕەخنە و ڕەخنەدان تێدەپەڕێت و ئەزموونی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
ئیدی مەسکەن بە ناسنامەی ژنی ئازاد وەک فەرماندارێک ئەرک دەخاتە ئەستپی خۆیەوە، دەچێتە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان و لە هێڵەکانی پێشەوەدا شەڕ دەکات. گەریلا مەسکەن دەچێتە هێڵی بەرخۆدانی مەتینا و لە تێکۆشان بەردەوام دەبێت.
لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دووژمن لەسەر مەتینا، توڕەییەکی زۆر دایدەگرێت. هەربۆیە بە پێداگرییەوە دەیەوێت ببێتە بەشێک لەم بەرخۆدانە. گەریلا قارەمانەکان لە دژی هێرشەکان لەسەر چیا ئازادەکان ڕۆژانە بەرخۆدانێكی داستانی ڕابەری دەکەن و تێکۆشانییان فراوانتر دەکەن. چالاکییەکانی گەریلا گوزرێکی مەزن لە دووژمن دەدات.
گەریلا مەسکەن لە ناو شەڕدا لەگەڵ هاوڕێکانی شان بە شان، لە مەتینا گۆرانیی ئازادییان دەگوت. دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" بە دەنگی مەسکەن و هاوڕێکانی بەرز دەکرایەوە. گەریلا ئازادەکانی کوردستان بۆ ئەوەی سەرکەوتن بگۆڕن بۆ دەستکەوتێکی مەزن تێدەکۆشن.
کاتێک شەڕ بەردەوام بوو، خواستی قارەمانەکانیش دەرکەوتن. دووژمنیش بەرانبەر بەرخۆدانی گەریلا بێچارە مایەوە و هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا. گەریلا مەسکەن بە ڕوحی ئاپۆیی گەورە بوو، بە شێوازێکی فیدایی شەڕی کرد و ژیانی کرد. لە شەڕڤانێتییەوە تا فەرماندارییەکەی، لە ئاڤاشێنەوە تاوەکو مەتینا، هەرگیز نەوەستا. کاتێک شەڕ گەورەتر دەبوو، مەسکەنیش بە گەرمیی دڵییەوە بەرەو ئامانجەکەی دەڕۆشت. هەربۆیە بوو بە گەریلا، بە شەڕڤان، بوو بە جەنگاوەری پەکەکە-پاژک. مەسکەن نسێبینی ئەوینداری وڵات، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی مەتینا لەکاتی ئەرکی خۆیدا لە هێرشی دوژمندا شەهید بوو. شەهید مەسکەن خەونی سەرکەوتن و ئامانجەکەی وەک میراتێکی بۆ هاوڕێکانی جێهێشت. ئەو بەڵێنانەی بە شکۆی خۆییدای و ئەرکەکانی جێبەجێ کرد، لە ناو قارەمانەکانی ئازادی، لە پەڕەکانی مێژوودا شوێنی خۆی گرت.