کەنەکە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کرد

کەنەکە جەژنی ڕەمەزانی لە گەلان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد و بانگەوازی لە هەموو کوردستانیان کرد لە بەرانبەر هێرش و داگیرکارییەکان بوەستنەوە و یەکێتی و یەکڕیزییان بە هێزتر بکەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەمجۆرەیە:

"سبەی جەژنە، جەژنی ڕەمەزانە. جەژنی ڕەمەزان لە زیندانیان، شەڕڤانانی ئازادیی، گەلی کوردستان و هەموو جیهانیی ئیسلامی پیرۆز دەکەین. هیوادارین جەژنی ڕەمەزان ببێتە مایەی ئاشتی و ئارامی لە وڵاتەکەمان و لە سەرانسەری جیهاندا.

ئێستا لە سەرەتایی بەهارداین، ئێمە لە هەفتەی نەورۆزداین، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە جەژنی نەورۆزمان لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات پیرۆز كرد. نەورۆزی  ئه‌مساڵ به‌ تایبه‌تی له‌ ڕۆژهەڵات و باکوور وەکو سه‌رهه‌ڵدانێک پیرۆز كرا. بە جۆش و خرۆشی نەورۆزەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین.

لە باکووری کوردستان ماوەیەکە دیالۆگ لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و تەڤگەری ئازادیدا هەیە، بەڵام تا ئێستا جگە لە لێدوانەکان هیچ هەنگاوێک نەنراوە. هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستان پرۆتۆکۆلێک لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیک و ئیدارەی دیمەشق واژۆ کرا. هیوادارین ئەو وتووێژەی کە لە باکوور و ڕۆژئاوا دەستیپێکردووە بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی و پرسەکانی هەردوو بەشی كوردستان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.

بەڵام هێشتا، دۆخێکی ئاڵۆز لە وڵاتی ئێمەدا هەیە. لە سەرانسەری کوردستان داگیرکاری و هەڕەشە و تۆقاندنی گەلەکەمان لەلایەن دوژمنانەوە بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان فشاری دەوڵەت بۆ سەر گەل بەردەوامە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە باشوور بەردەوامن، کێشەکانی ناوچە داگیرکراوەکان هێشتا چارەسەر نەکراون، هه‌روه‌ها هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا زیادبوونه‌ته‌وه‌. پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان لە دژی ئەو هەڕەشە و هێرشانە بوەستنه‌وه‌.

بە بۆنەی جەژنەوە جارێکی تر بانگه‌وازی لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین لە دژی هێرش و داگیرکاری بوەستنەوە و دەنگی ناڕەزایی خۆیان لە دژی داگیرکەران بەرز بکەنەوە و یەکڕیزییان پتەوتر بکەن.

تەنانەت لەم هەلومەرجەشدا هیوادارین و باوەڕمان وایە کە گەلەکەمان بەم زووانە لە سه‌ر خاكی ئازادی خۆی جه‌ژن وئاهه‌نگه‌كانی بە ئارامی و ئاشتی و ئازادی بگێڕێت. بەم بۆنەیەوە جارێکی تر پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە هەموو زیندانیان، شەڕڤانانی ئازادیی، گەلی کوردستان و لە هەموو جیهانی ئیسلامی ده‌كه‌ین."