ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلار- ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کاندیدی حیزبەکانی کۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی گۆڕان، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، سەربەخۆەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان بەهۆی ساختەکاری و پێشلکارییەوە ڕەت کردەوە.
هونەر عەباس کاندیدی بەرەی گەل دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند: "ئەنجامەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردن جێی متمانەنیین و ڕەتی دەکەینەوە. بەڵگەکانمان ئاماژە بە چەندین پێشێلکاری جدی دەکەن وەکو کڕینی دەنگی دەنگدەر و هەڕەشەکردن و فشار خستنە سەر دەنگدەر.
دوا لە دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف بێلایەنانە لە سەر ئەم پێشێلکارییانە بکەن و هەموو بەڵگە و زانیارییەکان بۆ ڕایی گشتی بڵاو بکەنەوە، هەروەها هەنگاوی پیویستی یاسایی بنێن بۆ پاراستنی دەنگی هاوڵاتیان."
'ئێمە پابەندی پاراستنی مافی دەنگدەرانیین'
هونەر عەباس لە کۆتایی دەقی ڕاگەیانداراوەکە ئاماژەی بەوەکرد کە پابەندی یاسا و دیموکراسین و وتی: "جەخت دەکەینەوە کە ئیمە پاندین بە پاراستنی مافی دەنگدەران و بەرژەوندی گشتی، پرنسیپەکانی دیموکراسی و دادپەروەرییەوە. لە کۆتاییدا دوا لە ڕایی گشتی و میدیاکان دەکەین کە هەڵوێستی بەرپرسیارانە بۆ پشتیوانی لە مافی ڕەوای دەنگدەران بگرنە بەر."
پاشان سەردار تیلەکۆیی کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاری خستەڕوو لە چەند بنکەیەکی دەنگدان دەنگی پیدراوە بەڵام دەنگەکانی بۆ ئەژمار نەکراوە و گوتی: "لە ناو جەرگەی خزم وکەسوکاری خۆمدا کە دەنگیان بەمنداوە تەنها نۆ دەنگم بۆ گەڕاوەتەوە. لە بنەکەیەک کە سێ هەزار دەنگی تێدا دراوە کە خەڵكیکی زۆر دەنگی بەمنداوە بەڵام ئەژمارنەکراوە."
هەروەها ڕزگار نەگڕەیی باسی لەوەکرد تێبینیان لەسەر دەنگە پوچەڵەکان هەیە و گوتی: "نوێنەری قەوارەکان ڕۆشتوونەتە ئەو جێگەی کە دەنگەکانی تێدایە دەنگەکانیان پیشانەداون، بەڵام ئەگەر ئەوان ئەم هەڵبژاردنە بە ڕاست دەزانن بۆچی دەنگە پوچەڵەکان پیشانادەن لە کاتێکدا لە بنەکەیەکی دەنگدان تەنها دەنگ بە کاندید دراوە و بە دەنگیش ئەژمارکراوە بۆچی دەنگی لایەنەکانی تر پوچڵکراوەتەوە ئەم دەنگە پوچڵنەکراوەتەوە."