کەژەکە: تێکۆشانی ژنان دەبێتە گەرەنتی سوریایەکی دیموکراتیک!
کۆردیناسیۆنی کەژەکە ١٣هەمین ساڵیادی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای پیرۆزکرد، دەڵێت: "بەرخۆدان و ڕێکخستن و تێکۆشانی ژنان، دەبێتە گەرەنتی هەرە مەزن بۆ سوریایەکی دیموکراتیک".
کۆردیناسیۆنی کەژەکە ١٣هەمین ساڵیادی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای پیرۆزکرد، دەڵێت: "بەرخۆدان و ڕێکخستن و تێکۆشانی ژنان، دەبێتە گەرەنتی هەرە مەزن بۆ سوریایەکی دیموکراتیک".
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: "دژی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە گەلانمان بەرەو بێهیوایی دەبات، شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا، هیوای گەلانە. لە چواردەهەمین ساڵیادی شۆڕشەکەدا، لە کەسێتی ئارین میرکان و ڕێڤان و ئاڤێستا خابور و بارین و ئایلان و پۆڵای و عەقیدە ئانا و ئەبو لەیلا و ئایشە دەنیز و هێلین ئینگلیز و سورخوێن ڕۆژهەڵات و ژیان و سەوسەندا، دەیان هەزار شەهیدی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە و بە مەزنکردنی تێکۆشان، بەڵێن دەدەین کە گرێدراوبین بە یادی شەهیدانەوە. هەروەها گەنجانی شۆڕشگێڕ و دیموکراتمان، ٣٣ ڕێبوارەکەی هیوا کە ٢٠ـی تەمموزی ٢٠١٥ بۆ ئەوەی ببنە پردێک لە باکووری کوردستان و تورکیاوە تا کۆبانێ کەوتنەڕێ، لە پیرسوس لە ئەنجامی هێرشێکی داعشدا شەهیدبوون، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە خەونە مەزنەکەیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەدی بهێنین.
شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژن ناسنامەی وەرگرت
سیستەمی سەرمایەداری کە بۆ ئەوەی بە دەستی دەوڵەت نەتەوەکان سەدەی ٢١ بکاتە سەدەی شەڕ و کۆمەڵکوژی، هەموو جۆرە هەوڵێکی قێزەونی داوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا هیوای هەموو مرۆڤایەتی مەزن کرد، سەلماندی کە ژیانی دیموکراتیک و ئازاد مومکینە. ژنان جەوهەری کۆمەڵگەیە، لە پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆدا جەوهەری ونبووی خۆیان دۆزییەوە و بۆ ئەوەی جارێکی تر بە نەریتی ئازادیی دێرینی خاکی میزۆپۆتامیا یەکبگرن، بە دڵ و گیان خەباتیان کرد. ژنان کە سیمبولی دڵسۆزیین بۆ خاک و بەهاکانیان، پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کرد و بە فیداکردنی گیانی خۆیان بوونە هێزی پێشخستنی شۆڕش. بەرخۆدانی هێزەکانی یەپەژە، بووە بەرخۆدانی هەرە بەهێز کە سەلماندی سەدەی ٢١ سەدەی ژنە و شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژن ناسنامەی وەرگرت".
کەژەکە ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە ڕۆژئاوا، لە پەروەردەوە تا ڕێکخستن، لە دیپلۆماسییەوە تا پاراستن، لە چەندین بواردا ڕەنجی داوە و لە ئەنجامی ئەم ڕەنجە، لە ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنی پێشخست، ساڵیادی شۆڕشەکە لە ڕێبەر ئاپۆ و ئەو دایکانەی کە پارچەی گیانی خۆیان داوەتە شۆڕش، لە برینداران و هەموو ژنان و گەلان پیرۆز کرد.
کەژەکە دووپاتی کردەوە، پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکە و گوتی: "دەبێت گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێگە نەدەن بە فاشیزم و ئاستی شەڕی گەل بەهێز و مەزن بکەن، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە".
چارەسەر لە مۆدێلی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە
کەژەکە گوتی: "پاشڤەڕۆیی هەتەشە کە هەزاران عەلەویی کوشت، لە ١٣ـی تەمموزەوە ڕوویکردووەتە شاری سوەیدا و دروزەکان، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا نزیکەی ٦٠٠ مرۆڤی دروزیان کوشت، ژن و منداڵانیان ڕفاند. لە گوندی ئەلدۆر دایکێک بە ناوی فەوزیە فەخرەدین ئەلشەرانی لەکاتی پاراستنی گوندەکەی، ٦ چەتەی کوشت، شەڕی کرد و شەهیدبوو. هەڵوێستی شکۆداری ئەم دایکە بۆ هەموو گەلانی دێرینی سوریا و بەتایبەت بۆ ژنان بانگەوازی خۆپاراستن و ڕێکخستنە. چارەسەری ئەم کۆمەڵکوژیی و زیهنەیەتە تاکڕەوە، لە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدایە.
بانگەواز لە هەموو کوردانی وڵاتپارێز، ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان و دیموکرات و هەموو کەس و ژنانی ئازادیخواز دەکەین کە ڕۆحی بەرۆخدانی شەهیدانی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ـی تەمموز، لەگەڵ جۆشی شۆڕشی ١٩ـی تەمموز بکەن بە یەک و لە دژی فاشیزم و داگیرکاری و زیهنیەتی تاکڕەوانە، تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی مەزن بکەن. ئێمەش دەڵێین کە بەرخۆدان و ڕێکخستن و تێکۆشانی ژنان، دەبێتە گەرەنتی هەرە مەزن بۆ سوریایەکی دیموکراتیک".