بە دیمەن

بایک: دەبێت کۆتای بە ژێرخانە بهێندرێت کە تێکۆشانی چەکداری هێنایەئاراوە

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک لە دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هیچ هەنگاوێکی نەناوە و گوتی: "گەر کۆتای بەو ژێرخانە نەهێنین کە تێکۆشانی چەکداری هێنایەئاراوە، پەکەکەیش چەکدانێت، ئەوا سبەینێ یەکێکی دیکە چەک هەڵدەگرێت."

جەمیل بایک

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبریی کەجەکە، کە لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بەشداربوو، هەڵسەنگاندنی بۆ پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، مەراسیمی سوتاندنی چەکی گەریلا و دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد.

بایک باسی لەوە کرد کە دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، هێشتا گۆشەگیریی ئیمراڵی هەڵنەگیراوە و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات وا نیشانی بدات کە گۆشەگیری لابراوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. بایک بە جەختکردنەوە لەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە بارودۆخێکی دژواردا هەنگاوی یەکلایەنەی ناوە، وتی: "ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرانە زۆر هەنگاوی مێژوویی نا. ئەو داوای کۆتایی هێنان بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداریی کرد؛ تەڤگەرمان وەڵامی ئەم داوایەی دایەوە و داواکارییەکانی ڕێبەرێتی بەجێهێنا. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ جووڵەیەکی یەکلایەنەی ئەنجامدا، لە لای خۆیەوە ئەرکەکانی بەجێهێنا. تەڤگەریش بەرپرسیارێتییەکانی ئەنجامدا. لە ئێستادا پێویستە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێت. پێویستە شوێنەکەی بگۆڕێت، پێویستە لەگەڵ خەڵک، بزوتنەوە، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و ئەکادیمییەکاندا پەیوەندی هەبێت. قەدەغەکان لاببرێن. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی توانی ئەنجامیدا. ئێستا نۆرەی دەوڵەتە هەنگاو بنێت."

بایک باسی لەوە کرد، تێکۆشانی چەند ساڵەی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی تورکیای خستە تەنگانەوە، بەو هۆیەوە حکومەتی ئاکەپە هێشتا هەوڵدەدات لەڕێی فشار و دەستگیرکردنەکانەوە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرکوت بکات. بایک بە جەختکردنەوە لەوەی ئەم دەوڵەتە لەڕێی فشار و دەستگیرکردنەکانەوە ناتوانێت لەم قۆناغە ناهەموارە ڕزگاری ببێت، وتی: "بۆ نموونە، لە ئەستەنبوڵ پۆلیس هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی گوێ لە موزیکی کوردی دەگرن و دوای توندوتیژی ژنێک ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکات. ئایا بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەر دەکات؟ ئایا بەم شێوەیە گەل لەخۆی ڕازیدەکات؟ ئایا بەم شێوەیە حکومەت خۆی بەهێز دەکات؟ ئەمە ڕێی تێ ناچێت."

هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

لەسەرەتادا دەمەوێت سەبارەت بە دیمەنە ڤیدۆییەکی ڕێبەر ئاپۆ پرسیار بکەم. دوای ٢٧ ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوبووەوە. چ پەیامێک بوو؟ چونکە تۆ وەکو هاوڕێیەک، لە ڕۆژی یەکەمەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بوویت. دوای ٢٧ ساڵ بینینی ڕێبەر ئاپۆ چی هەستێکی پێت بەخشی؟

لە سەرەتادا ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەردەبڕم.

ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ ئێمە، بۆ تەڤگەرەکەمان، بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێڕێت. هەربۆیە بانگەوازەکەیی بانگەوازێکی مێژووییە. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرپرسیارێتییەوە کاردەکات.

هەر وەکو ئاماژەم پێدا، ئەو ئەم بەرپرسیارێتییە نەک تەنها بۆ تەڤگەر و گەلەکەمان، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەئەستۆ دەگرێت. دیمەنە بڵاوکراوەکان کاریگەری لەسەر هەموو هاوڕێیان هەبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا کاریگەریی گەورەی لەسەر گەل و مرۆڤایەتی دانا.

کاریگەری زۆر باشی لەسەر گەلەکەمان هەبوو، چونکە ساڵانێکی زۆر بوو گۆشەگیری بەسەر ڕێبەری ئاپۆدا سەپێنرابوو. ئەم گۆشەگیرییە گۆشەگیرییەکی ئاسایی نەبوو. ڕەنگە هیچ کەسێک لە جیهاندا ئەزموونی گۆشەگیرییەکی لەو شێوەیەی نەکردبێت و ئەم گۆشەگیرییە ساڵانێک بەردەوام بوو. ئامانجەکەیش دابڕانی تەواوەتی پەیوەندی ڕێبەرێتی بوو بە تەڤگەر و گەل و مرۆڤایەتی. ئەوان بە بەردەوامیدان بە گۆشەگیری بەم شێوەیە، وایان دانابوو کە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دروستبکەن و لەڕووی فکرییەوە لاوازی بکەن.

بەڵام دواتر بینیان کە ئەو گۆشەگیری و فشارانەی جێبەجێیان کرد، هیچ ئەنجامێکی نەبوو. بەپێچەوانەوە ڕێبەر ئاپۆ لەم بارودۆخی گۆشەگیرییەدا لەڕووی فەلسەفی و فکرییەوە قووڵتر بووەوە. لە مێژووشدا هەندێک نموونەی گۆشەگیری هەن؛ ئەو کەسانەی ئەزموونی ئەم گۆشەگیرییە دەکەن، دەچنە قوڵایی بیرکردنەوە.

بەڵام ئەم گۆشەگیرییەی کە ئەوان ئەزموونییان کردووە، هاوشێوەی گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ نییە. ڕێبەر ئاپۆ ساڵانێکە ئەزموونی ئەمە دەکات. ئەوەی مرۆڤێک ساڵانێکی زۆر لە جیهان، تەڤگەر جیابێتەوە و تەنها بمێنێتەوە، بارودۆخێکی دژوارە. ژیان بەو شێوەیە و تەنانەت برەودان بە بیرۆکەی نوێ دژوارە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ حەقیقەتێکی هەیە؛ ڕێبەر ئاپۆ لە هەر بارودۆخێکدا بژیت، هەمیشە سەرنجی لەسەر ئامانجەکانیەتی و لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبێت. هەر بەم هۆیەوە، گۆشەگیری دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو.

ئەگەر بە باشی هەڵسەنگاندن بۆ پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین، دەتوانین بە باشی ببینین کە بۆ پێویستییەکانی گەلی کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی تورکیا و بۆ مرۆڤایەتی چی پێویستە و ئەو دەیەوێت چی ئەنجامبدات.

ڕێبەر ئاپۆ لە بنەماڵەیەکی پەرتەوازەدا گەورەبووە. واتا ئەو لە بنەماڵەیەکی بێ ئومێد و پەرتەوازەدا دەژیا. ئەو لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەروەردە بوو کە پەرتەوازە و ئومێد لە دەستچوو بوو. ڕێبەر ئاپۆ چی کردە بنەما؟ چۆن‌چۆنی دەتوانێت ئەم پەرەتەوازییە لەناوببات، کۆیان بکاتەوە، زیندوویان بکاتەوە، بیانخاتە سەر پێ؛ ئەمەی کردە بنەما. لێرەشدا کارێکی مێژوویی ئەنجامدا. ئەو دەستی وەردایە کۆمەڵگەیەک کە پەرتەوازە، نائومێد و لەژێر هێرشی هەمووان بوو؛ کۆمەڵگەی لە دۆخی هەنووکەیی ڕزگارکرد، خستییە سەر پێ و تەنانەت کردنیە نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. هیچ کەس لە جیهاندا بە ئاسانی ناتوانێت ئەم کارانە ئەنجامبدات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی ئەنجامدا.

هەروەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگەیەکی داڕماو، پەرتەوازە و نائومێد و ژنانی ئەم کۆمەڵگەیەی زیندووکردەوە، خستنە سەرپێ و زیندووکردنەوەی تەڤگەرگەلی سۆسیالیستی کە بە سۆسیالیزمی بونیادنراو پەرتەوازە ببوون و وەریچەرخاندە سەر ئومێد و هیوای مرۆڤایەتی کردە بنەما.

تا ئەو کاتەی پرسی کورد لە دەرەوەی چوارچێوەی شەڕ وەرنەگیرێت، ئەو تێکۆشانەی ئەنجامدراوە نەک تەنها دەرئەنجامێکی وای نابێت، بەڵکو زۆرێک لە گرووپەکان لەڕێی ئەو شەڕەوە لە کوردستاندا، بەردەوامی بە مانەوەی خۆیان دەدەن. گەلی کورد بۆ هەمیشە ڕووبەڕووی شەڕ و کوشتن دەبێتەوە.

تەواوی ئەو هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ ناوێتی و ئەو تێکۆشانەی کە برەوی پێداوە، لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە چۆن بتوانێت ئەم گەلە لە پەرشوبڵاوی ڕزگار بکات و بیگەیەنێتە ئازادی و دیموکراسی. ئەو لەپێناو ئەمەدا تێکۆشانی کرد و تێکۆشانەکەی دەرئەنجامی هەبوو. کۆتای بە سیاسەتی نکۆڵیکردن بە کورد هێنا و هیوای بۆ کوردستان گێڕایەوە. لەبەرئەوەی ئەو ئەم گەلەی دووبارە زیندوو کردەوە و کردنی بە ئومێد و هێزێکی گەورە بۆ هەمووان. سەلماندی چیتر کەس ناتوانێت کورد لەناوببات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی هێنایە بوون.

ئەو بەو هەنگاوانەی ناوێتی، دەیەوێت پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئازادی چارەسەر بکات، دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک پەرە پێبدات. بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو بنەمایەیە.

دەبینین هەلومەرجەکانی ئیمراڵی نەگۆڕاون. باسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد و بانگەوازی باخچەلیش هەبوو، بەڵام هێشتا پارێزەر، بنەماڵە و شاندەکەی دەم پارتی ناتوانن بە ئاسایی بچنە ئیمراڵی. بە ڕای ئێوە گۆڕانێک هەیە یاخود هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە؟

لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەک گۆڕان و نەرمبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام گۆشەگیری لانەبراوە. دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات وای نیشان بدات گۆشەگیری لابراوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. دەوڵەتی تورک بۆچی ئەمە بە پێویست دەبینێت؟ لەبەرئەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا تاوەکو مانگی ئەیلوول دەرفەتی داوە بە دەوڵەتی تورک بۆئەوەی گۆڕانکاریی لە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆدا بکات. ئەو کاتە نزیکە. دەوڵەتی تورک لەم خاڵەدا تەنگەتاو دەبێت. لەلایەکی ترەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە دەستپێشخەرییەکەی گەلێک هەنگاوی مێژوویی نا. داوای کۆتایی هێنان بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداری کرد، تەڤگەرەکەشمان وەڵامی ئەمەی دایەوە و داواکارییەکانی ڕێبەرێتی بەجێهێنا. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی یەکلایەنەی پێشخست، لە لایەنی خۆیەوە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی بەجێی ‌هێنا. تەڤگەرەکەمان ئاگربەستی ڕاگەیاند و بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بۆ دانانی چەک دایەوە. ئەمانە هەمووی یەکلایەنە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخران و تەڤگەر ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخرابوون بەهێزکرد و تەواوی کرد. هەندێک باوەڕیان وابوو کە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئەو هەنگاوانە بنێت، کێشە و دابەشبوون لەنێو و تەڤگەر و خەڵکدا دەردەکەوێت و ئەو کات ئەنجامێکی ئاسانتر بەدەستدەهێنن. بەڵام بینیان کە لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەردا، لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و خەڵکدا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە. هەمووان ئەمەیان بینی. بینیان کە مەحاڵە لەنێوان تەڤگەر و خەڵکدا دابەشبوون و کێشە دەرکەوێت.

بینیان کە ڕێبەر ئاپۆ لاواز نییە و زۆر بەهێزە. بینیان کە هەم لەلای تەڤگەر و هەم لەلای گەلیش ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبێت و لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییشدا پێشدەکەوێت. لەبەرئەوە تەنگەتاو بوون و وا نیشانیاندا کە گۆشەگیری لابراوە. ویستیان بە هێنانەکایەی ئەم تێگەیشتنە خۆیان لەم بارودۆخە ڕزگار بکەن. ویستیان بەم شێوەیە هەمووان بخەڵەتێنن، بەڵام هەمووان بینیان کە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆیان نەگۆڕیوە. هەندێک نەرمبوون دروستبوون، تەنها شاندەکە جارجار دەچێت. نە لە شوێنی ڕێبەر ئاپۆدا گۆڕانکاری ڕوویداوە، نە سەردانی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانان هەیە. دەوڵەتی تورک هێشتا ڕێگە بەوە نادات. ڕێبەر ئاپۆ هێشتا لەژێر گۆشەگیریدا بەردەوامی بە کارەکانی دەدات. هەمووان ئەوە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ، دوای ئەوەی هەنگاوی یەکلایەنەی نا، ئەرکی خۆی بەجێهێنا. تەڤگەریش ئەرکی خۆی بەجێهێنا. ئێستا، پێویستە هەلومەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێن. پێویستە شوێنەکە بگۆڕێت؛ پێویستە لەگەڵ گەل، تەڤگەر، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیسیەنەکان پەیوەندی دابنێت.

پێویستە چیتر قەدەغەکان لاببرێن. ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیدار بکەن، چاوپێکەوتن بکەن پێویستە بتوانن بچنە ئیمراڵی. پێویستە دەوڵەتی تورک لەم ڕووەوە ئاستەنگ دروستنەکات. سیستەمی ئیمراڵی سیستەمی گۆشەگیرییە. پێویستە ئەم سیستەمە لاببرێت. داواکاری ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەیە. ئەم داواکارییە تەنها هی ئێمە نییە، داواکاریی گەل و ئەوانەیە کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا چاودێری پرۆسەکە دەکەن.

دەڵێن لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی ناوە، لەبەرامبەر ئەوەدا پێویستە دەوڵەتی تورکیش هەنگاو بنێت و دەڵێن لەنێو هەلو مەرجی لەو شێوەیەدا مەحاڵە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەمە ڕاستە. ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، ڕێگەی ئەمە خودی ڕێبەرێتییە. ئەگەر ڕێبەرێتی بەشێوەیەکی ئازاد کاربکات، ئامانجەکان دەتوانن بەدیبێن. ئەگەر دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لەنێو هەلومەرجی گۆشەگیریدا کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمە مەحاڵە.

ئەوان خۆشیان وتیان؛ مرۆڤ ناتوانێت بەدەستێک چەپڵە لێبدات. ڕیبەرێتییان خستووەتە حەوزێکەوە، کەچی ئاوی تێدا نییە و دەڵێن 'مەلە بکە'. ئەمە مەحاڵە. هەمووان ئەمە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی لە دەستی هات کردی. چیتر کەس ناتوانێت داوای هیچی لێ بکات.

بەردەوامی هەیە...