پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەبۆنەی چواردەهەمین ساڵیادی داستانی قەندیل کە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی ئێران لە ١٦ـی تەممووزی ٢٠١١ دەستیپێکرد، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە. پژاک وێڕای ئاماژەدان بە ئامانج و بەرنامە جینۆسایدییەکانی دەوڵەتی ئێران دژی کورد لەم هێرشە بەرفراوانانەدا، یادی شەهیدان، فەرماندە سمکۆ سەرهەڵدان، عەگید سنە، ساریا، زەردەشت، بەرفین چلچەمە هاوڕێ شەهیدەکانی تریش کە لە پرۆسەی شکستپێهێنانی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی ئێراندا ڕۆڵێکی مێژووییان هەبوو بەپێزانینەوە کردەوە و ڕایگەیاند:"شەهیدانمان ڕێگەیەکیان لەبەردەمماندا کردەوە، کە ڕۆشنبیرانە و قوربانیدەرانە، بە فیداکاریی چراکەیان داگیرساند."
پەژاک لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژە بە دەستکەوتەکانی داستانی قەندیل دەکات و دەڵێت: "داستانی قەندیل خاوەنی دەستکەوتگەلێک بوو کە پێشکەوتنی لە بەرگری ڕەوا و ڕێکخراوەیی مەدەنی بەدەستهێنا و دەرئەنجامە مەزنەکانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا ڕەنگی دایەوە."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ڕژێمی ئێران لە ١٦ـی تەممووزی ٢٠١١ بە ئامانجی گەیشتنە دوایین سەرکەوتن لە سیاسەت و بەرنامە جینۆساییدییەکانی خۆی دژی گەلی کورد هێرشی کردە سەر چیاکانی قەندیلی ناوەند و دڵی تێکۆشانی گەلەکەمان. لە سایەی بەرگریکردنی هێزە بەرخۆدەر و فیداییەکانی گەریلادا، ئەم هێرشە بەرفراوانانە پووچەڵکرانەوە و شکستیان پێ هێنرا.
لە چواردەهەمین ساڵیادی ئەم داستانە مەزنەدا، یاد و یادەوەریی شەهیدان بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەینەوە. داستانی قەندیل دەستکەوتگەلێکی بەدیهێنا کە ئەمڕۆ بتوانین بەرەو چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد هەنگاو بنێین. داستانی قەندیل شەهیدبوونی شەهیدانی وەک فەرماندە سمکۆ سەرهەڵدان، عەگید سنە، ساریا، زەردەشت، بەرفین چلچمە و هاوڕێیانی تری شەهیدمانی بە ئامانجی گەورەی پارێزگاریکردن لە گەلی کوردی ستەملێکراو، لێکەوتەوە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "داستانی قەندیل سەلماندی کە بژاردەی سەربازی لە دژی پرسی کورد بژاردەیەکی گونجاو و سەرکەوتوو نییە، بەڵکو پرسی کورد، پرسێکی سیاسییە و دەکرێت بە ڕێکاری دیموکراتیکی چارەسەر بکرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی پەژاک لە کەسێتی شەهیدانی داستانی قەندیلدا یادی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کردووەتەوە و دەڵێت: "وەک پەژاک بە ڕێز و پێزانینەوە لە کەسێتی شەهیدانی داستانی قەندیل؛ شەهید سمکۆ سەرهەڵدان، عەگید سنە، ساریا، زەردەشت، بەرفین چلچەمەدا هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەکەینەوە."