"شەڕی ساکینە شەڕی هەموومانە، پێویستە ئەم شەڕە مەزنتر بکەینەوە"

ئایتەن دێرسیم ئەندامی ناوەندی هەماهەنگی پاژک و تێکۆشین ئۆزان ئەندامی ئەنجومەنی پاژک باسیان لە کەسایەتی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە کرد و دەڵێن، شەڕی هەڤاڵ ساکینە شەڕی هەموومانە، پێویستە ئەم شەڕە مەزنتر بکەینەوە.

 

ئایتەن دێرسیم ئەندامی ناوەندی هەماهەنگیی پاژک و تێکۆشین ئۆزان ئەندامی ئەنجومەنی پاژک میوانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی مێدیا خەبەر بوون و باسیان لە کەسایەتی ساکینە جانسز یەکێک لە کادیرە پێشەنگ و دامەزرێنەرانی پەکەکە کرد.

 لە سەرەتای قسەکانیدا ئایتەن دێرسیم کۆمەڵکوژی ٩ی کانوونی دووەمی شەرمەزار کرد و بە ڕێز و پێزانینەوە لە کەسایەتی ساکینە جانسزدا یادی هەموو شەهیدانی ئازادی کردەوە و وتی:"بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان بە شێوەیەکی شایستە ئەنجامی بدەین، هەڤاڵ سارا بناغەی مێژووی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەمانە، هێڵی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردە، ڕێبەرایەتی بەو شێوەیە پێناسەی کردووە و خاوەنی مێژووی ئەم جۆرە تێکۆشانەیە".

 ئایتەن دێرسیم ئاماژەی بەوەشکرد، ساکینە جانسز بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆی پێشەنگایەتی هەموو گەلی کردووە و بیری هێنایەوە کە دوای شەهیدبوونی، لە نیپاڵەوە تا میسر، لە ئەمریکای لاتین و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، وێنەکانی لە ڕێپێوان، کۆنگرە و کۆنفرانسەکاندا بەرز کرانەوە.

 ئایتەن دێرسیم ئاماژەی بەوەدا، عەشقی ئەوان بۆ ئازادی، کۆمەڵگایە و وتی:"واتە ژن بوونی ئێمە و لە کەسایەتیی هەڤاڵ سارایشدا شەخسی نییە. لە مەراسیمی بەبیرهێنانەوەکەدا لە ئەوروپا، بە هەزاران کەس ڕێپێوانیان کرد. شەهیدبوونی هەڤاڵ سارا جارێکی دیکە دێرسیمی هەژاند، هەڤاڵ سارا لە ڕێگەی تێکۆشانیەوە کەساێەتی خۆی بنیات ناوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم؛ دەبێت ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەمان لەبیر بێت، گەلەکەمان، ژنان خاوەنداری لێبکات، بەتایبەتی دێرسیم. چونکە کۆمەڵکوژی کۆتایی نەهاتووە. ڕاستە ئەوان لەم کۆمەڵکوژییەدا سەرکەوتوو نەبوون، نەیانتوانی پیلانەکانیان بەسەر بخەن و ناتوانن. بەتایبەت ئازادیی ژنانێ کە پێشەنگایەتی تێکۆشانی گەل بەڕێوەدەبەن، بەردەوام دژی کولتووری کۆمەڵکوژی تێبکۆشن، کۆمەڵکوژی دێرسیم سەرکەوتوو نەبوو، ڕاستە خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام نەیانتوانی سەرکەوتوو بن، گەلی دێرسیم ئەرکێکی لەوشێوەیان هەیە، بە سەدان شۆڕشگێر لەوێوە سەریان هەڵداوە، ئەوەی شۆڕشگێڕانی دێرسیمی باشتر خستەبەر چاوان هەڤاڵ سارایە، خاوەنی کەلتوری شۆڕشگێڕانەی خۆیەتی، خاوەنی کولتوری بەرخۆدانە.  پێویستە بەو جۆرە بناسرێت. دێرسیم کولتوورێکی شۆڕشگێڕی و سەرهەڵدانی هەیە، بەڵام ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ ڕێکخستنێکی بەهێز، ناتوانیت بەسەر دوژمندا سەر بکەوێت. هەر لەبەر ئەمەیە سەرۆکایەتی دەڵێت 'لەکوردستان بەبێ ڕێکخستن تەنانەت گەڵایەکیش ناجوڵێت'. ئەم ڕاستیە لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی ئێمەدا سەلمێنراوە. ئێمەش بەدواداچوون بۆ ئەم قۆناغە دەکەین.  بەڕاستی دەیانەوێت دێرسیم و کوردستان لە کوردان چوڵبکەن و شارەکانمان بەبێ ڕێکخستن بن. ئەمانە بەبیری کێ دێنینەوە؟  بۆ نەوەی گەنج. نەوەی گەنج پێشەنگی گەلە، بۆ هەموو بزووتنەوەکان. ئێستا لە هەموو شوێنێک گەنجان بە هۆی گوشارێکی قورس وڵات، گوند، شارەکەیان بەجێدەهێڵن. وازهێنان واتە بەهێزکردنی دوژمن. ئێمە ئەمە دەزانین. وازهێنان واتە ڕێگەدان بە گوشارەکانی دوژمن. چونکە هیچ گەلێک، گەنجێک، ژنێک بەبێ خاکی خۆی ئازاد نابێت،وڵات بەبێ گەل ئازاد نابێت.

بەڵێ زەحمەتە، بەڵام تێکوشانێک هەیە کە ئێمە بەهێزەوە لێی نزیک دەبینەوە. لە کەسایەتی هەڤاڵ سارادا، ویستم ئەم ئەرکە بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە بە بیر بهێنمەوە.

هەروەها تێکۆشین ئۆزان ڕایگەیاند، تێکۆشانی ساکینە جانسز بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە لەلایەن هەڤاڵانیەوە بەردەوامی پێدەرێت و وتی:"بێگومان سەردەکەوین. چونکوو میتۆدێکی ڕاست خوڵقاوە و گۆڕاوە بۆ ڕاستی، ئێمە خاوەنی ئەو ڕاستیەین. ئەوانەی هەوڵی پاراستنی خۆیان نادەن، ناچارن لەژێر دەسەڵاتی کەسێکی تردا بژین یان بمرن، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە، دەبێت خۆت بپارێزیت بۆ ئەوەی بمێنی، بەتایبەت ژنان ئەگەر ژن خۆی نەپارێزێت، خۆپارێزیان بسپێرن بە کەسانی تر، دوواتر مافی قسەکردنیان ڕادەستی کەسانی تر دەکەن، ئەوانەی دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن دەتوانن قسە بکەن، مافی هەڵبژاردنیان هەیە، بە زانابوون هەڵوێستێک نیشان بدەن، واتە بەرگریکردن لە خۆ بە واتای بوونە، بەشداربوونی هەڤاڵ ساکینە لە ڕیزەکانی پەکەکە بە تێکۆشانی زیاتر لە ٤٠ ساڵەی، واتە پاراستنی خۆی و کۆمەڵگایە".

 تێکۆشین ئۆزان سەرنجی بۆ قسەکانی ساکینە جانسز ڕاکێشا "ژیانم هەمیشە شەڕ بوو" و وتی "شەڕی هەڤاڵ ساکینە شەڕی هەموومانە، دەبێت ئەم شەڕە بەرەوپێش ببەین، دەبێت ئەم شێوازە شەڕە بەرەوپێش ببەین. بێگومان ناو بە ناو لێدوان دەدرێن، چالاکیی دەکرێت، بەڵام لەناو شەڕی سێهەمی جیهانیداین، شەڕێکی گەورە و کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەچێت، ژنان لەم شەڕانەدا دەبنە ئامانج، لە ئامریکای لاتین، غەززە، ئێران، ئەرمەنێستان، ئۆکرانیا، کوردستان هەوڵ دەدەن بەم شێوەیە ژنان لەناو ببەن، بۆیە ڕێکخستنی ژنان، ڕێکخستن بۆ ژیان پێویستە وەک مەجبووریەتێک بینرێت، لەناو پەکەکەدا ئەزموونێکی گەورە هەیە، پشتیوانیکردن و بەشداربوون لە ناوپەکەکە، بە شێوەیەکی ڕێکخستنی ڕێپێوانکردن، بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی ژنان لە ناو پەکەکەدا، تەنها گەرەنتی ژیانێکی ئازادە بۆ ژنانی کورد  و هەموو ژنانی جیهان. مەزن کردنەوەی ئەم تێکۆشانە لە دەوری ڕێبەراتیمان، بوون و بەردەوامیدانی، پێویستیەکە. لە ڕاستیدا ئازادی ڕێبەرایەتی ئازادی ئێمە و ئازادی ژنانە. بۆیە پێویستە زیاتر خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکرێت، دەبێت سیستمی گۆشەگیری ئیمرالی بشکێنرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت. لە یادی هەڤاڵانمان ساکینە و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، با تێبکۆشین، پاراستنی خۆمان بەهێز بکەین، ناوەندی ڕێکخستنی دروست بکەین و بەم شێوەیە سەرکەوین.

ئەمە بانگەوازی ئێمەیە بۆ هەموو ژنان. لە داهاتوودا چالاکییەکان لە کوردستان، لە دەرەوەی وڵات، لە ئەوروپا، لە زۆر شوێنی جیهان ئەنجام دەدرێن. داوای بەشدارییەکی بەهێز لەم چالاکییانەدا دەکەین. داوا لە هەموو ژنان دەکەین تێکۆشانێکی بەردەوام و شۆڕشگێڕانەی بەهێز ئەنجام بدرێت. لەسەر ڕێبازی هەڤاڵ سەکینە، بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بن. لەم تێکۆشاندا هەموو کەسێک دەتوانێت ڕەوڵی زۆر بنوێنێ. بەڕاستی دەتوانرێت دەستکەوتەکان  گەورە و بەردەوام بن. لەسەر ئەم بنەمایە دەمەوێت جارێکی تر دڵسۆزی خۆم بۆ یادی هەڤاڵانم دووبارە بکەمەوە. نەک تەنها سیاسەتە قڕکارییەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەین، دەڵێین فاشیزم و ئایدۆلۆژیای کوشتنی ژن و گەلان تێکدەشکێنین. لە کەسایەتی هەڤاڵانمان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، بە ڕێز، حورمەت و منەتبارییەوە لەبەرامبەر ژنانی ئازاد سەری ڕێز دادەنوێنم".