سەمەژێ بۆ ناگەهان ئاکارسەل بانگەوازی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کرد

سەمەژێ کوشتنی ناگەهان ئاکارسەلی شەرمەزارکرد و وتی: "با دوژمن هەرگیز باوەڕ بەوە ناکات، کە ژنانی خۆڕاگر و بەرەنگاری باشوری کوردستان بەم هێرش و کوشتنانە دەترسن. ژنان ئیرادەیەکی ئازادیان هەیە، هەرگیز بەرامبەر بە سیخوڕ و خائینان سەر دانانەوێنن.

چەتری ئەنجوومەنەکانی ژنانی ئێزدی (سەمەژێ / SMJÊ)  سەبارەت بە کوشتنی ئەکادیمیسیەن ناگەهان ئاکارسەل لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە کوشتنی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینەکانی گەل بە پێشەنگایەتیی ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە هەموو جیهاندا کراوە و ئەوەشی تیادا هاتووە: "ئەوە ئێستا بووەتە دروشمی هیوایەک بۆ ئازادیی ژنان لە جیهاندا. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بکوژ و پاکتاوکار نەیتوانی بەرگەی ئەوە بگرێت و درێژەی بە دڕندایەتی خۆی دا و لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ژنێکی کورد، کە ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، چالاکوان و ئەکادیمی ناگەهان ئاکارسەل لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرد".

سەمەژێ ڕایگەیاند، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا هەزاران کەس لە کۆمەڵگەی ئێزدی بە تایبەتی ژنان و گەنجان و منداڵان لە شەنگال ڕفێنران و کوژران و بێسەروشوێن کران، ئەوە هەمان ئەو مێشک و عەقڵییەتەیە، کە ژینا ئەمینی و ناگەهان ئاکارسەلی کوشت.

سەمەژێ ڕاشیگەیاند، "کۆمەڵکوژکردنی ژنان ئاشکرا بە و بەرچاوەیە، کە بڕیاری سیاسەتی چەپەڵی دەسەڵاتدارانە" و ئەوەشی ڕاگەیاند، "ئەو ڕژێمە فاشیست، دیکتاتۆر و دواکەوتووە دەیەوێت هەموو کۆمەڵگا بە پێی مێشکی خۆی لە کەسایەتی ژناندا بۆ بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت و بۆ بەرژەوەندیەکانی بەکاریان بهێنێت".

سەمژێ کوشتنی ناگەهان ئاکارسەلی شەرمەزارکرد و وتی: "با دوژمن هەرگیز باوەڕ بەوە ناکات، کە ژنانی خۆڕاگر و بەرەنگاری  باشوری کوردستان بەم هێرش و کوشتنانە دەترسن، ژنان ئیرادەی ئازادییان هەیە، هەرگیز بەرامبەر بە سیخوڕ و خائینان سەر دانانەوێنن".

لە بەیاننامەکەدا داوا لە لایەنگرانی دیموکراسی و یەکسانی و ئازادیی ژنان کراوە، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و پشتیوانی و خاوەنداری لەو ژنە تێکۆشەرانە بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، بانگەوازمان بۆ هەموان ئەوەیە، کە بەشداری لە چالاکییەکانی ٨ی تشرینی یەکەم دا بکەن، کە لە سەرتاسەری ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت