سەیوان؛ گۆڕستانی ژنە کوژراو و لەبیرکراوەکان

لە باشوری کوردستان بنەماڵەکان رۆژانی هەینی بۆ یادکردنەوەی کەسوکارە کۆچکردووەکانیان سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن، بەڵام بەشێک کە بۆ ژنانی قوربانی تاوانی کوشتن لە گۆڕستانی سەیوانی سلێمانی تەرخانکراوە، کەس سەردانی ناکات و گۆڕەکانیش بێ ناو و نیشانن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس بە دەیان قوربانی توندوتیژی خێزانی لەو گۆڕستانە نێژراون. لەو بەشەی گۆڕستانەکە کە ناوی قوربانیان بە سەر کێلەکانەوە نییە، هەندێک جار تەنیا ژمارەیەک لە کێلەکەکان دەدرێت کە لەلایەن دەزگا دادوەرییەکانەوە دیاریکراوە.

لەناو گۆڕیشدا ئاسودە نین، بە دزیەوە دەشاردرێنەوە

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو ژنانەی لەلایەن هاوسەرانیانەوە کوژراون، ئەو کچانەی لەلایەن باوکەکانیانەوە بە پاساوی شەرەف پارێزی کوژراون و ئەو خوشکانەی لەلایەن براکانیانەوە کوژراون و بۆ هەتا هەتایە لەم گۆڕستانە لەبیرکراون".

پارێزەری فیمینیست رۆژگار ئیبراهیم کە لە گۆڕستانی سەیوان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کردووە، دەڵێت: "گۆڕهەڵکەنەکان قوربانیان بەشەو دەنێژن بۆ ئەوەی کەسوکاریان بە گۆڕەکانیان نەزانن و گۆڕەکان نەشێوێنن.

رۆژگار ئیبراهیم دەڵێت، رووداوی تراژیک هەیە و وتی، ژنێکی ١٧ ساڵ لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن کەسوکاریەوە بە منداڵەکەیەوە کوژرا.

ئەو پارێزەرە کە چەندین ساڵە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی قوربانیان تێدەکۆشێت دەڵێت، "نابێت ئەم گۆڕستانانە بمێننەوە"

گۆڕهەڵکەن عوسمان ساڵح: تەنیا خۆم ٢٠٠ ژنم بە خاکسپاردووە

ژمارەی راستەقینەی ئەو قوربانیانەی لێرە بە خاکسپێردراون نازانرێت. عوسمان ساڵح کە پیشەی گۆڕهەڵکەنە و ١٥ ساڵە لەو گۆڕستانەیە وتی، کە تەنیا خۆی گۆڕی بۆ نزیکەی ٢٠٠ کەس هەڵکەندووە، کە هەندێکیان تەمیان ١٣ ساڵ بووە.

ساڵحی تەمەن ٥٥ ساڵ باسی لەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیان بە سوتاندن یاخود خنکاندن کوژراون.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە ئاژانسی فرانسپرێس بڵاویکردووەتەوە، لە باشوری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٥ تاوانی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە، ئەو ژمارەیە ساڵی رابردوو ٢٥ بوو.

لەبەرامبەردا سەرکەوت عومەر لە نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بێ ئەوەی ژمارەیەک بخاتەڕوو، باسی لەوەکردووە، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف زۆر کەمبووەتەوە.

هـ . ب