ئۆکرانیا: ڕووسیا موشەکی بالستی دوورمەودای بەین وڵاتانی بەکارهێناوە

ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوەی کرد ڕووسیا یەکەمجار مووشەکی بالیستی دوورمەودای بەین وڵاتانی بەکارهێناوە. هێرشەکە پاش ئەوە ڕوویدا کە ئۆکرانیا بە چەکی ئەمریکی هێرشی کردە سەر خاکی ڕووسیا.

دوای ئەوەی ئۆکرانیا بە مووشەک کە ئەمریکا پێیداوە، خاکی ڕووسیای بەئامانج گرت، بانگەشەی ئەوە کراوە کە ڕووسیا بە مووشەکی بالیستی دوورمەودای بەین وڵاتان هێرشی کردووتە سەر ئۆکرانیا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، هێرشەکە سەر لە بەیانی لە شاری نیپرۆ ئەنجامدراوە. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە مووشەکەکە لەلایەن ڕووسیا لە هەرێمی ئاسترکن لە نزیک دەریای خەزەرەوە هاویشتراوە.لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە، ٨ جۆری دیکەی مووشەک لە هێرشەکەدا بەکار ‌هێنراوە. هەروەها ٦ لەو مووشەکانە تێکشکاون. بانگەشەی ئەوە کراوە لە هێرشەکەدا ٢ کەس بریندار بوون و زۆرێک لە خانوو و دامەزراوە پیشەسازییەکان و ناوەندێکی نۆژەنکردنەوە زیانیان بەرکەوتووە.

پەیامی چەکی ئەتۆمی

لەبەر ئەوەی مووشەکەکان دوور مەودا و هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمین و لەسەر ئوتۆمبیل جێبەجێ دەکرێن، وەک پەیامێکی گرنگ سەیر دەکرێت. ڕووسیا تاوەکو ئێستا سەبارەت بەو بابەتە هیچ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو نەکردۆتەوە.