٢١٢ دەزگا و کەسایەتی بانگەوازێکیان بۆ ئازادی سلێمان ئەحمەد بڵاوکردەوە
سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە ڕفێنراوە و ٤١ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت، بەو هۆیەوە ٢١٢ کەسایەتی و دەزگای باشوری کوردستان بانگەوازێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە ڕفێنراوە و ٤١ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت، بەو هۆیەوە ٢١٢ کەسایەتی و دەزگای باشوری کوردستان بانگەوازێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە شێوەیەکی یاسایی لە باشوورەوە دەچێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و سەردانی بنەماڵەکەی دەکات لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، بەڵام دواتر لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کاتێک ویستوویەتی لە ڕێگەی دەروازەی سنووری پێش خابوور (سێماڵکا)ەوە بگەڕێتەوە ناو باشووری کوردستان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێندراوە. ٤١ ڕۆژە هیچ زانیارییەک دەربارەی ناوبراو دەست ناکەوێت.
بۆ ئازادی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد، ٢١٢ کەسایەتی و ڕۆژنامەوان و ڕێکخراو و پەرلەمانتاری پێشوو و چالاکوان و مامۆستای زانکۆ، بانگەوازێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە و داوایان کرد بەزووترین کات سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت.
بانگەوازەکە بۆ ڕای گشتی وەهایە:
"ماوەی زیاتر لە مانگێکە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبیی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن ئاسایشی پارێزگای دهۆکەوە ڕفێندراوە و بێسەروشوێن کراوە.
لە ماوەی مانگی ڕابردووشدا وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئازادیخوازان و ئاژانسی ڕۆژنیوز و کۆمپانیای چەتر بۆ ئازادکردنی، ١٠ جار تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد هەوڵیان داوە دۆسییەکەی ببینن و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە ڕێگەیان پێ نەدراوە.
تەنانەت ڕێگەش نەدراوە بە هیچ پارێزەرێک، وەکالەتی سلێمان ئەحمەد وەربگرێت و کار لەسەر دۆسییەکەی بکات، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە.
ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان پێمان وایە، ئەوەی بەرامبەر بەو ڕۆژنامەنووسە دەکرێت، سیناریۆیەکی دووبارەی دەسەڵاتدارانە، کە دەیانەوێت هاوشێوەی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی و زیندانییانی دیکەی بادینان، سلێمان ئەحمەدیش بە داتاشینی تۆمەتی بێ بنەما سزا بدەن و زیندانیی بکەن.
هەربۆیە پێمان وایە، ئەرکی هەموو ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی ڕادەربڕینە، بەدەنگ بێن و چیتر ئەم پێشێلکاریی و مامەڵە خراپەی دەسەڵات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان قەبووڵ نەکەن، کە ئایندەی هەرێمی کوردستان بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات.
لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە، کە سلێمان ئەحمەد بێ تاوانە و لەسەر کاری ڕۆژنامەوانیی ڕفێندراوە و بێسەروشوێنکراوە، سەلامەتی گیانیشی لە ئەستۆی ئاسایشی دهۆک و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت".
ناوی ئەو کەسایەتی و دەزگا و ڕێکخراوانەی لەخوار ڕاگەیاندراوەکەوە واژۆیان کردووە: