بە چالاکی ڕێپێوان، شانۆکاران فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوکیان راگەیاند

بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندان و شانۆکارانی شارە جیاوازەکانی باشوری کوردستان، بە مەراسیمێک فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک ڕاگەیەندرا.

رۆژی شەمەی ڕابردوو بە بەشداری هەردوو وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لە سەنتەری رۆشنبیری سێیەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بە بەشداری هونەرمەندان و شانۆکارانی چوار پارچەی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد. لەماوەی فیستیڤاڵەکەدا زنجیرەیەک شانۆی شەقام و شانۆی ناوهۆڵ پێشکەش کران و لە رۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەک شانۆی دیکە پێشکەش دەکرێن.

ئێوارەی ئەمرۆش بە مەراسیمێک لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان بەشی شانۆی شەقامی فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک ڕاگەیاندرا، سەرەتای مەڕاسیمەکە، هونەرمەندان و شانۆکاران لەبازاری (حەسیرەکە)ی شاری کەرکوک کۆبوونەوە و ئاهەنگیان گێڕا، پاشان دەستیان بە ڕێپێوان کرد لە حەسیرەکەوە بەرەو سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک لە گەرەکی ئیسکان.

 پاش گەیشتنی هونەرمەندان و شانۆکارانی شارە جیاوازەکانی باشوری کوردستان بۆ سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک، پەردە لەسەر پەیکەری شانۆکار دکتۆر (فازل جاف) لادرا و بەلابردنی پەردە لەسەر پەیکەرەکە، شانۆی شەقام ڕاگەیاندرا.

ئەحمەد جۆلا ئەکتەر و شانۆکاری بەناوبانگی باشوری کوردستان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی فیستیڤاڵی شانۆی شەقام بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گوتی: "شانۆ پەیامێکە کە تێیدا شانۆکار دەتوانێت هەموو کەموکوڕیەکانی کۆمەڵگا بگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بۆیە ئەنجامدانی فیستیڤاڵی شانۆیی کارێکی زۆر گرنگە و هیوادارم هەموو ساڵێک دووبارە ببتەوە".

هەروەها دکتور دڵشاد مستەفا، دکتۆر لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و گوتی: "جارێکی دیکە ئێمە بەشداری لە فیستیڤاڵی شانۆیی کەرکوک دەکەین لەپێناو گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئەو خۆشەویستیەی کە هەیە شانۆ دەبێت دووپاتی بکاتەوە، ساڵانە پەیامی ئاشتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان لە ڕێگەی ئەم فیستیڤاڵەوە بڵاودەکرێتەوە و هیوادارین ئەم جۆرە فستیڤاڵانە بەردەوامی هەبێت تا تاکی کەرکوکی هەست بکات بە بەشێکە لە جووڵەی کەلتوری تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە گرنگی ئەنجامدانی فیستیڤاڵی شانۆیی و کاریگەری لەسەر پێشخستنی توانای شانۆکاران، دکتۆر دڵشاد مستەفا ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی فیستیڤاڵی شانۆێی جگە لەوەی کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی ڕەوتی هونەر هەیە لەشارەکەدا، هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی ژیانی کۆمەڵایەتیش، چونکە یەکێک لە ئەرکەکانی هونەر ئەوەیە ژیانی تا لە کۆمەڵگادا بەرەوپێشەوە ببات و هەموو گۆڕانکارییەک لەتاکدا گۆڕانکارییەکی گەورە لەنێو کۆمەڵگادا دروست دەکات کە لەکۆتایدا ئاشتی و پێکەوەژیان دروست دەبێت. ئەمەش هۆکاری ئەوەی کە ئارامی و ئاسایش لە کەرکوک بەرقەرار ببێت.

پاش ڕاگەیاندنی شانۆی شەقام لە کەرکوک، دەست کرا بە نمایشکردنی یەکەمین شانۆ بەناوی (تیهەڵدە شەق) کە لەلایەن گروپی دیالۆکەوە ئامادەکرابوو.

هەروەها جێگای باسە لەم فیستیڤاڵەدا نەک تەنها شانۆکاران و هونەرمەندانی باشوری کوردستان، بەڵکو هونەرمەندانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکوری کوردستانیش بە گروپی شانۆیی بەشدارییان لە فیستیڤاڵەکەدا کردووە، بەڵام بەهۆی کێشەی هاتنی بەشێک لە گروپە شانۆییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەڕێگەی دەروازە سنورییەکانی باشوری کوردستانەوە، لەلایەن دەسەڵاتی شارەکەوە ڕێگەیان پێنەدرا بێنە شاری کەرکوکەوە، بەهۆی ئەوەی لەدەروازەی حکومەتی فیداڕڵی عێراق نەهاتوونەتە ناو وڵات، بەو هۆیەوە بەشێک لەشانۆکارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە دەرەوەی شاری کەرکوک نمایشەکانیان پێشکەش دەکەن.

نەژاد نەجم یەکێک لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە و بەرپرسی شانۆی شەقام لە فیستیڤاڵەکە، سەبارەت بە دەستپێکردنی فیستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسەکەمان رایگەیاند: "بە بڕیاری وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو شانۆی شەقام و شانۆی هۆڵ لەیەک فیستیڤاڵدا دەکرێت کە ماوەی شەش رۆژ دەخایەنێت، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک ئاستەنگی و کێشە دروست بوون. پلانەکانمان بۆ هاتنە ژوورەوەی میوانانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەهۆی ئەوەی لەدەروازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە عێراق نەیانتوانی بەشداری بکەن ، بۆیە دەبێت شەش لە نمایشەکان لە دەرەوەی شاری کەرکوک ئەنجام بدەین".

لە کۆتایدا نەژاد نەجم سەبارەت بە پەیامی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کەرکوک گۆتی: "پێویستە پەیامی ئێمەی شانۆکاران و هونەرمەندان لە فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک پەیامی پێکەوەژیان، برایەتی، هونەری و مرۆڤایەتی بێت".

ف.ق