یەنەکە: بڕیاری ڕاگرتنی تاکڕەوی و مۆنۆپۆلی حوکمداریمان لە هەرێمی کوردستان داوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەنەکە کۆبوویەوە و لە ڕەگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردوە: بڕیاری ڕاگرتنی تاکڕەوی و مۆنۆپۆلی حوکمداریمان لە هەرێمی کوردستان داوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١١/٠٨، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان- یەنەکە لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازکردوە.
لەوبارەوە یەنەکە ڕاگەیەندراوێکیداوە و تێیدا هاتووە: کۆبوونەکە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە ئامادەی بووە، تایبەت کراوە بە گفتوگۆکردن لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی یەکێتیی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای پێکهێنانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی حوکمڕانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، یەنەکە بڕیاری داوە سنورێک بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی و قۆرخکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت و لەوبارەشەوە ئاشکرا کراوە: "یەکێتی لەگەڵ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە  جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت. هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی". بەڵام  یەنەکە وردەکاری زیاتری لەو بارەوە بڵاو نەکردوەتەوە و ڕێکارەکانی ڕێگرتنەکەی دیاری نەکروون.

هەروەها لە ڕگەیەندراوەکەدا ئاماژە دراوە کە تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە یەک دەستی و یەک ئیرادەیی سەرکردایەتی یەکێتی کردوە کە بووەتە مایەی سەرخستنی بەرنامەی تیمی یەکێتی لە بەغدا.
جەختیشی کردەوەتەوە کە سیاسەتی یەکێتی سیاسەتێکی دروستە بەوەی بەغدا سەنگەری یەکەمی پاراستنی عیراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ و تەوافقییە، هەرئەوەش  بنچینەی پرۆسەی سیاسی عیراقە. گوتیشی: هەر ئەوە ئیرادەی یەکێتییە و دڵنیابن ئەو ئیرادەیە سەردەخەین.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەروا لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستانیش هەڵوەستەی کرد کە یەکێتی لەگەڵ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە  جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت. هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی.

 

هـ.هـ