"بە دەنگدان کوردستانی بوونی کەرکوک بپارێزن و بەر بە گۆڕینی دیموگرافیای شار بگرن"

ئەنجومەنی کوردی کەرکوک: "لەسایەی عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی دەسەڵاتی عەرەب لە عێراقی بەناو فیدڕاڵ و دیموکرات هێشتا پرۆسەی بەعەرەب کردن بەردەوامە".

 ئەمرۆ پێنجشەممە، لە ناوەندی دیالۆگ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئەنجوومەنی کوردی کەرکوک کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک کەسایەتی رۆشنبیر، چالاکوان، نووسەر و ئەدیب، سەرۆک عەشیرەت و سیاسەتمەداری شارەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد کە تیدا بانگەوازێکیان ئاڕاستەی کوردستانیانی شاری کەرکوک کرد و هۆشدارییاندا لە هەستیاری و گرنگی ئەم هەڵبژاردنەی کە لەماوەی ٣ رۆژی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، و تیدا ئەنجومەنەکە جەختیان کردەوە لە گرنگی بەشداری کوردان "بۆ ڕێگری کردن لەبەردەوامی پرۆسەی بەعەرەبکردنی شارەکە و پاراستنی کوردستانی بوونی کەرکوک".

 بەیاننامەی ئەنجومەنی کوردی کەرکوک لەلایەن محەمەد سەید کەریم کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک خوێندرایەوە و کە تیدا هاتبوو: "بانگەوازێک بۆ کوردستانیانی دانیشتووی کەرکوک

گەڕانەوە بۆ مێژووی ١٠٢ساڵەی تەمەنی دامەزراوەی ئەنجومەنی کەرکوک سەڕەڕای ئەوەی عوسمانییەکان چەند سەدەیەک حوکمڕانی ئەم ناوچەیەیان کردووە کاریگەرییان هەبووە لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە، دەردەکەوێت کە پێکهاتەی کورد هەمیشە زۆرینەی دانیشتووانی کەرکوکی پێکهێناوە".

 هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەر لە ١٠٢ ساڵ خرانەڕوو کە تیدا هاتبوو: "لە یەکەم ئیدارەی ئەنجومەنی کەرکوک کە ژمارەیان ١٢ ئەندام بووە ڕێژەی ئەندامانی کورد ٥٠٪ بووە، بە جۆرێک کە ١٠٢ ساڵ لەمەوبەر ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوک بەم شێوەیە بووە، کورد شەش ئەندام، تورکمان سێ ئەندام، کریستیان یەک ئەندام، جوولەکە یەک ئەندام و عەرەبیش یەک ئەندام،

کەچی پێکهاتەی ئیستای نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە بەراورد بەو کاتە گۆڕانی زۆری بە قازانجی پێکهاتەی عەرەب بەسەردا هاتووە، هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییەش پرۆسەی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافی کەرکوکە".

 هەروەها محەمەد سەید کەریم ئاشکراشی کرد: "ئەم گۆڕانکارییەش بەزیانی پێکهاتەکانی دیکە شکاوەتەوە، بەداخەوە لەسایەی عەقڵیەتی نەتەوەپەرستی دەسەڵاتی پێکهاتەی عەرەب لە عێراقی بەناو فیدڕاڵ و دیموکرات دوای ٢٠ ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتی رژێمی بەعس هێشتا پرۆسەی بەعەرەب کردن بەردەوامە و ستەم لە پێکهاتەکانی دیکە دەکرێت".

 لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتبوو: "بۆ ڕێگریکردن بەڕێگەی یاسایی لەم پرۆسە نەگریسە بەشداریکردنە لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەنجومەنێک بە سوود وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو، بەگیانی پڕ لە لێبوردەیی لەلایەک ئاشتی، تەبایی، بڕایەتی، کلتوری ڕەسەنی کەرکوک بپارێزێت و لەلایەکی دیکە کارە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی ئەنجامبدات".

 لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەنجومەنی کوردی کەرکوک بانگەوازێکیان ئاڕاستەی کوردانی شارەکە کرد و ووتیان: "کوردستانیانی کەرکوک، بۆ ئەوەی بەر بەو ستەمە زۆرەی کە لێمان دەکرێت، بەر بە پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای شار بگیرێت، لە خزمەتگوزاری بێ بەش نەبین، داواتان لێدەکەین گلییەکانتان لە نێو دوو نانی گەرم هەڵبگرن و بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن، لەناو لیستە کوردستانییەکان کەسانی بە توانا و شیاو دوور لە دەمارگیری حزبی و زیادەڕۆیی نەتەوەیی هەڵبژێرین".

هـ . ب