بافڵ تاڵەبانی: قبوڵی ناکەین کەس خاکی ئێمە داگیر بکات

بافڵ تاڵەبانى: "ئێمە خاکی کەس داگیر ناکەین، قبوڵیش ناکەین کەس خاکی ئێمە داگیر بکات"، "دوا ڕۆژی کەرکوک بەدەست خەڵکی کەرکوکەوەیە".

بافڵ تاڵەبانى سەرۆکی یکێتی نیشتیمانی کوردستان وتی: "دوارۆژی کەرکوک بەدەست خەڵکی کەرکوکەوەیە و داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەم کە بە گڕوتینەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە ئەوە ئێوەن بە دەنگەکانتان پارێزگاری داهاتوو بۆ شارەکەتان دیاریدەکەن، ئێمە خاکی کەس داگیر ناکەین و قبوڵیشی ناکەین کەس خاکی ئێمە داگیر بکات".

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى یکێتی نیشتیمانی کوردستان وتی: "وەک مام جەلال وتویەتی: 'ئێمە خاکی کەس داگیر ناکەین و قبوڵیشی ناکەین کەس خاکی ئێمە داگیر بکات' ئێمەش لەسەر ئەو ڕێبازە هەنگاو دەنێین".

لە درێژەى قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانى ڕایگەیاند، بەڵێن دەدەین رێگە نەدەین و کەس بۆی نییە غەدر لە کچان و کوڕانی شارەکەمان بکات، هەروەها دەمانەوێت لە حکومڕانی کەرکوکی داهاتوودا بە هەموو لایەک نیشان بدەین کە حکومڕانی چۆن دەبێت و کۆتایی بەم حکومڕانییە نادادپەروەرییە دەهێنین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژى ١٨ى کانوونی یکەم هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەبچێت.