٤١ساڵ بەسەر بەرخودانی رۆژووی مردنی گەورە تێپەڕ دەبێت کە لە ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢ لە زیندانی ئامەد لە لایەن کادرە پێشەنگەکانی پەکەکەوە دەستیپێکرا و بە شەهیدبوونی محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک کۆتایی هات. بە بۆنەی ئەو رۆژەوە کە بۆ تێکۆشانی ئازادیی کورد زۆر گرنگە، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک وتارێکی نوسیوە.
وتارەکەی جەمیل بایک بەم جۆرەیە:
"بەرخودانی ١٤ی تەمووز لە دژی ستەم و ئەشکەنجە چالاکیەکی یەکجار گەورەیە کە کاریگەرییەکەی هێشتاشبەردەوامە. هێندەی گەورەییەکەی بۆ گەلەکەمان و پارتەکەمان، لەهەمان کاتدا بۆ مێژووی مرۆڤایەتیش یەک لە گەورەترین چالاکییەکانە. خۆڕاگرانی ١٤ی تەمووزی گەورە بە ئێمە وەک گەل و بزوتنەوە هەڵوێستی راست لە دژی کۆلۆنیالیزم و فاشیزمیان نیشاندا و رێگەی سەرکەوتنی دەستنیشان کرد، لە ژێر دڕندانەترین و قورسترین ئەشکەنجەدا نمونەی رەسەنی پاراستنی بەهاکانی مرۆڤایەتی و بە مرۆڤمانەوەیان خستەبەرچاو. لەبەر ئەو تایبەتمەندیەی بەرخودانی ١٤ی تەمووز بۆ مرۆڤایەتی بەهایەکی گەورەیە. کادرە پێشەنگەکانی پارتیمان محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک کە ئەو بەرخودانە گەورەیان ئافراند، لە ساڵیادی چالاکیەکەیاندا جارێکی دیکە بە رێز و پێزانینەوە بە بیریان دەهێنمەوە و لەبەردەم چالاکییە مێژووییەکەیاندا بەژنی خۆم دادەنەوێنێم. لەکەسایەتی ئەواندا سەرجەم شەهیدانی دیموکراسی و شۆرش بەبیردەهێنمەوە. بەڵی سەرکەوتن کە بە شەهیدانمان داوە لەم بۆنەیەدا سەرلەنوێ دووبارە دەکەمەوە. ئەو هاوڕێیانەی بە گیانی ١٤ی تەمووز لە زیندانی کۆلۆنیالیستیدا خۆڕاگری دەکەن بە ڕێزەوە سڵاویان بۆ دەنێرم و خۆشەویستی خۆمیان پێشکەش دەکەم.. هەروەها سڵاو لەو گەریلایانەش دەکەم کە بە گیانی ١٤ی تەمووز لە دژی دوژمنی داگیرکەر شەردەکەن، بە بۆنەی بەرخودانی گەورە و چالاکی سەرکەوتوانەیان پیرۆزباییان لێدەکەم. راستی بنچینەیی و هەرە گرنگ کە بەرخودانی ١٤ی تەمووز بە ئێمەی نیشاندا ئەوە بوو کە هەلومەرج چەندەش دژوار بێت بە بەرخودان مرۆڤ دەتوانێت شکۆی مرۆڤایەتی بپارێزێت و دوژمن شکست بدات.
لەناو دژوارترین هەلومەرجدا دۆزی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانیان پاراست
بەرخودانی ٤ی تەمووزی گەورەی ١٤ی تەمووز دەبێت لەهەموو روویەکەوە درکی پێبکرێت و پەسەند بکرێت. ئەم چالاکیە نمونەی گەورەی گیانبازی، قارەمانێتی و ئازایەتیە. لە دژی ستەم، دڕندەیی، ئەشکەنجە و خستن هەڵوێستێکی رەسەنە. خاوەنداری لە ژیان و بەها مرۆییەکانە. بڕوای گەورەیە بە تێکۆشان، بە دۆزی ئازادی گەلی کورد. لەهەمان کاتدا وەفادارییە بەرامبەر بە رێبەرایەتی، پارتی و هاوڕێیەتی. لە بەرخودانی ١٤ی تەمووزدا بڕوا و وەفاداری بە دۆزی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان و هێڵی تێکۆشانی پەکەکە بەرجستەیە. لەبەر ئەوە خۆڕاگرانی ١٤ی تەمووز لە ناو دژوارترین هەلومەرجدا ئەو دۆزەیان پاراست و لە سەر بنەمای هێڵی بەرخودانی پەکەکە تێکۆشان. هەربۆیە ئەوانەی بەرخودانی ١٤ی تەمووزیان دەستپێکرد، ١٤ی تەمووزیان ئافراند ئەو بەهایانە لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیە مێژووییەکانن. لەبەر ئەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەهەموو روویەکەوە لە ١٤ی تەمووز تێبگەین دەبێت بە باشی بەرخودانی ١٤ی تەمووز بناسین، تێیبگەین. ئەمە زۆر گرنگە و دەبێت بە هەموو وردەکارییەکانیەوە لەسەری راوەستە بکرێت و درکی پێبکرێت. هەوڵ دەدەم لەسەر کاریگەری بەرخودانی ١٤ی تەمووز لەو کاتەدا لەسەر دەرەوە، بە دیاریکراوی لەسەر پارتی، کادرەکان و جەنگاوەران راوەستە بکەم.
ئامانجی سەرەکی ١٢ی ئەیلول سەرکوتی بزوتنەوەی ئازادی بوو
بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بەرخودانی ١٤ی تەمووز و کاریگەریەکەی تێبگات، بەر لە هەموو شتێک دەبێت هەلومەرجی ئەو سەردەمەی بەرخودانی ١٤ی تەمووز بزانرێت، تێیبگات. بەرخودانی ١٤ی تەمووز چالاکیەکە کە لە دژی رژێمی کودەتای فاشیستیی ١٢ی ئەیلول ئەنجامدرا. رژێمی کودەتای فاشیستی ١٢ی ئەیلول بە ئامانجی کۆمەڵکوژکردنی کوردان ئەنجامدرا. تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی، سۆسیالیزمی چینایەتی و گەلانی بندەست کە لەجیهاندا پەرەی سەندبوو، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ کاریگەری کردەسەر تورکیا و کوردستانیش، بەتایبەتی هەستی شۆڕشگێڕی بە گەنجان بەخشی. دەوڵەتی تورک بەهۆی ئەوەی نەیتوانی لەسەر دەستی رێخکراوە فاشیستیە ملیشیاکان بەر بە گەورەبوونی شۆڕشگێڕی بگرێت، بە پێشەنگایەتی ناتۆ لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ کودەتای سەربازی کرد. لە رێگەی رژێمی سەربازیی فاشیست کە لە ئەنجامی کودەتای سەربازی سازکرا، ویستیان تێکۆشانی سۆسیالیزم لە تورکیا سەرکوت بکەن، لە کوردستانیش رێگە لەوە بگرن کە تێکۆشانی رزگاری و هۆشمەندی نەتەوەیی لەناو جەماوەردا بڵاوبەکرێتەوە، بۆ ئەوەی کوردان کۆمەڵکوژ بکات. هەربۆیە ئامانجی سەرەکی رژێمی سەربازی ١٢ی ئەیلول سەرکوتی بزوتنەوەی ئازادی کورد بوو کە هێشتا تازە هەنگاوی نابوو، هەروەها ئامانجی دیکەشی بوو گەلی کورد پاکتاو بکات. دوای ئەوەی کودەتاکە کرا و رژێمی سەربازی دامەزرا، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە هەنگاو نرا. لەسەر ئەو بنەمایە لە تورکیا و کوردستان سەرکوت و چەوساندنەوە دەستیپێکرد.هەوڵی دا کە بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان سەرکوت بکات، بە لێشاوی گەورەی توندوتیژی وستی کە کۆمەڵگا بە گوێرەی خۆی بخاتە ناو سیستمێکەوە. خۆی لەخۆیدا بە کارهێنانی شێوازی کودەتای سەربازیش ئەوەبوو کە شەپۆلێکی توندوتیژی دژوار بڵاوبکاتەوە، جەماوەر سەرکوت بکات و چۆکیان پێدابدات.
بەهۆی کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول ژمارەیەکی زۆر شۆڕشگێر بەدیل گیران. بارودۆخەکە زۆر دژوار بوو بۆ مانەوە و خۆپاراستنی بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە وڵاتەکە. هەربۆیە زۆر بزوتنەوەی ناچاربوون رووبکەنە دەرەوەی وڵات. رژێمی سەربازیی فاشیست بۆ ئەوەی دیکتاتۆریەت و هەڵوێستی خۆی نیشان بدات بە دەیان شۆرشگێری لەسێدارەدا. زیندانیان ئەشکەنجەدران، وێڕای ئەشکەنجە هەوڵیاندا کە پەشیمانی و دانپێدانان بسەپێنن. ئەشکەنجەیان لە زیندانەکان کرد بە سیستم، ژمارەیەکی زۆر زیندانی بە ئەشکەنجە گیانیان لەدەسدا. لە شوێنانەی بەرخودان نەکرا پەشیمانی و دانپێدانان هاتە ئاراوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی کردە سەر زیندانیان و کۆمەڵگاش. لەسەر کۆمەڵگاش گوشاری گەورە دروستبوو و بە شێوەیەکی بەرچاو و بە رێبازی توندوتیژی ویستیان جەماوەر سەرکوت بکەن. کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجە لە زیندانەکان، سەپاندنی پەشیمانی و دانپێدانان، ناچاربوونی بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بۆ جێهێشتنی وڵات و گوشاری دژوار لەسەر گەل، سیاسەتی سەرکوت وایکرد کە لە ناو کۆمەڵگادا بێهیوایی بێتەئاراوە. خۆی لە خۆیدا لە رێگەی رژێمی کودەتای ١٢ی ئەیلول خواسترا کە شۆڕشگێڕان سەرکوت بکرێن، کۆمەڵگا سەرکوت بکرێت و چۆکدابدات.
رژێمی ١٢ی ئەیلول پشتیوانی لە جێهێشتنی وڵات دەکرد
دوابەدوای کودەتا هەلومەرجەکە بۆ مانەوە لە وڵات و درێژەدان بە تێکۆشان بەشێوەی رابردوو، دژواربوو. لەبەر ئەوەی گوشارێکی گەورە لە سەر کۆمەڵگا هەبوو، شوێنی مانەوە و پەیوەندییەکان ئاشکراببوون، ژمارەیەکی زۆر وڵاتپاڕێز، لایەنگر و کادر بە دیل گیرابوون. ئیتر دەرفەت نەمابووەوە کە وەک پێشوو لەناو کۆمەڵگادا بمێننەوە و خۆیان بپارێزن، مەترسی پاکتاو زۆر بوو. خۆی لە خۆیدا زۆر جوڵانەوەش کە نەیانتوانی رێوشوێن بگرنەبەر و دواکەوتن، پاکتاوکران. ئەو دۆخە چوونە دەرەوەی وڵاتی سەپاند. بەم جۆرە ئەو شۆڕشگێڕانەی دوژمن نەیتوانیبوو بەدیلیان بگرێت بڕیاریاندا رووبکەنە دەرەوەی وڵات. چوونە دەرەوەی وڵات بەم جۆرە دەستیپێکرد. بە دڵنیاییەوە هەموان بە یەک بیرکردنەوە و ئامانجەوە نەچوونە درەوەی وڵات. ژمارەیەکی زۆر رێکخراو و کەسایەتی لەبەر ئەوەی هەلومەرجی تێکۆشان نەمابووەوە لە دەرەوەی وڵات مانەوە و جگە لە کاری راگەیاندن روویان کردبووە دەرەوە، بەم جۆرە پاکتاوبوونیان قەبوڵ کردبوو. ئەوانەی خاوەن ئەم بیرکردنەوەیە بوون روویان کردە ئەوروپا، لەوێ مانەوە و درێژەیان بە ژیانی پەنابەری دا.
بێگومان ئەوروپا بە واتای دەستبەرداربوون بوو لە تێکۆشان، رۆچوون لە ناو ژیانی کەسی، قەبوڵکردنی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم. لەبەر ئەوەی ئەوروپا چەقی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بوو. لە ئەوروپا تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی ١٥٠ ساڵی، بەهای کۆمەڵایەتی ئافرێنراو لە رێگەی ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمەوە لەناو چووبوون. ئەو کەسانەی چوون بۆ ئەوێ نەیانتوانی خۆیان لەوە رزگار بکەن. خۆی لە خۆیدا ئەو پێشەنگانەی بزونەوە سۆسیالیستیەکانی تورکیا کە مابوونەوە زۆرینەیان روویان کردە ئەوروپا، کەوتنە دۆخێکی بەو جۆرە کە بەهۆیەوە تێکۆشان لە تورکیا لاوازبوو. ئەو زیانەی لێیکەوتەوە هێشتاش بەردەوامە. لەلایەکی دیکەوە ئەوروپا بە مەبەست دەرگاکانی بەرووی شۆڕشگێڕاندا کردەوە. بە پێشکەشکردنی هەندێک دەرفەت و هاوکاری ماددی وایکرد کە رووبکەنە ئەوێ. گۆڕەپانی ئەوروپا لە ژێر کۆنتڕۆڵی سیستمدا بوو. لەوێ نەک تێکۆشان، بەڵکوو مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ژیانی ئافراند. لەبەر ئەوەش رژێمی ١٢ی ئەیلول رۆیشتن بەرەو ئەوروپای لەسەر خۆی بە مەترسی نەدەبینی، بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی بە واتای دابڕان بوو لە وڵات و دەستبەرداربوون لە تێکۆشان، دەیویست بچنە ئەوروپا.
بزوتنەوەکەمان روویکردە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
رێبەر ئاپۆش بۆ ئەوەی بزوتنەوەکە لە پاکتاوبوون بپارێزێت، رۆیشتن بەرەو دەرەوەی وڵاتی بە باش زانی، بەڵام رێبەر ئاپۆ بۆ رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات گۆڕەپانی ئەوروپای هەڵنەبژارد. رێبەر ئاپۆ رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵاتی وەک ئامادەکاری و رێوشوێن هەڵسەنگاند. ئەو شۆڕشگێڕانەی نەکەوتبوونە دەست دوژمن بیانباتە دەرەوەی وڵات، لەوێ پەروەردەی شارەزایانەیان بکات، ببنە خاوەنی ئەزمونی ئایدۆلۆژی و سەربازی، بگەڕێنەوە بۆ وڵات و بە شێواز و تاکتیکی نوێ تێکۆشان بەڕێوەببەن. بیرۆکەکە بەم جۆرەبوو. لەبەر ئەوە پەکەکە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵبژارد.
ئەو کاتە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گۆڕەپانی تێکۆشان و شۆڕش دادەنرا. گۆڕەپانی بزوتنەوە فەلەستینیەکان بۆ ئەوانەی دەیانویست تێبکۆشن سەرنجڕاکێش بوو. لە هەمان کاتدا هەندێک دەرفەت دەخوڵقێنران. بێ گومان وەک ئەوروپا دەرفەتی ماددی و ژیانی کەسی بوونی نەبوو. بۆ نیشتەجێبوون، پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازی دەرفەتی خوڵقاند. رێبەر ئاپۆ رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵاتی بە تەواوەتی وەک ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات هەڵسەنگاند، هەربۆیە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک گۆڕەپانی مانەوە هەڵبژارد. رۆیشتن بۆ ئەوروپای بە مەترسیدانا، لە بەرامبەر ئەوە تێکۆشانی گەورەی کرد. هەم بۆ ئەوەی بزوتنەوەکە و هەمیش بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی دیکە هەنگاوی هەڵە نەنێن تێکۆشانێکی بەم جۆرە ئەنجامدا. هەربۆیە توانا و دەرفەتە کەمەکانی بزوتنەوەکەی پێشکەش بە بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان کرد و وایکرد هەموو کەس رووبکەنە تێکۆشان.
پێشبینی رێبەر ئاپۆ بۆ کودەتای ١٢ی ئەیلول
لە راستیدا هێشتا کودەتای ١٢ی ئەیلول رووینەدابوو رێبەر ئاپۆ چووە دەرەوەی وڵات و پلانی دانا کە کادرەکان یەک لەدوای یەک بباتە دەرەوە. لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ پێشبینی کودەتای ١٢ی ئەیلولی کردبوو. ئەو پێشبینیەی خۆی بۆ بزوتنەوەکانی دیکەش باس کردبوو و رایگەیاندبوو کە دەبێت رێوشوێن بگرنەبەر. خۆی لە خۆیدا زۆرینەی کادرەکانی پەکەکە کە بە دیل گیران بەر لە ئەنجامدانی کودەتا دەستگیرکرابوون، واتە هێشتا کودەتاکە بە شێوەی فەرمی دەستیپێنەکردبوو، لە کوردستان گرتن دەستیپێکرابوو. لەگەڵ کودەتاکە بەدوای ئەوانەدا دەگەڕان کە لە دەرەوە بوون، جگە لەوانەی چووبوونە دەرەوەی وڵات تاڕادەیەک هەموو ئەوانەی دیکە دەستگیرکران. نەک هەر کادرەکان، بە سەدان لایەنگر، سەمپات و وڵاتپارێز خرانە زیندانەوە.
رێبەر ئاپۆ پێشبینیکردبوو کە قۆناغێکی بەم جۆرە بێتە ئاراوە، هەربۆیە چووە دەرەوەی وڵات و هەوڵیدا کە توانا و دەرفەت بۆ بزوتنەوەکە دەستەبەر بکات، پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازی بخوڵقێنێت. دەزانرێت کە رێبەر ئاپۆ بە توانا و دەرفەت و پەیوەندی زۆر کەم ئەو کارەی بە ئەنجام گەیاند. رێبەر ئاپۆ پشتی بە توانا و دەرفەتی حازربەدەست و ئامادە نەبەست، بەڵکوو توانا و دەرفەت و پەیوەندییەکانی بۆخۆی دروست کرد، چونکە هیچ پەیوەندی و توانای ئامادەکراومان نەبوو. کاتێک کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول روویدا، بزوتنەوەکە لەسایەی پێشبینی و کارەکانی رێبەر ئاپۆ بە هێزێکی کەمیشەوە پەڕیەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگیر بوو. بێگومان لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ لە دەرەوە بوو هەلومەرجی مانەوەی خوڵقاند، متمانەی گەورەی بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشان ئافراند. چ ئەوانەی لە زیندان بوون چ ئەوانەشی نەگیرابوون هەر هەموویان لەو بڕوایەدابوون کە رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەرەوپێش دەبات.
ئەشکەنجەدانی کادرەکانی پەکەکە پەیوەندی بە کاراکتەری دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کوردەوە هەیە
کودەتای سەربازی فاشیستی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بۆ ئەوە ئەنجامدرا کە سیستمی کۆلۆنیالیستی قڕکەر سەرلەنوێ دابمەزرێنێتەوە و سەروەری دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگادا دەستەبەر بکات. کودەتای سەربازی فاشیست ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو کە سەر بە کۆمەڵگا نەوی بکات و کۆمەڵگا سەرکوت بکات. لەبەر ئەوە شەپۆلێکی دژواری گوشار و توندوتیژی بەسەر کۆمەڵگادا پەیڕەو کرا. بەم جۆرە کارێکی دەکرد کە جارێکی دیکە کۆمەڵگا بەرەو خواستی ئازادی نەچێت، بوار و بەستێن بۆ تێکۆشان نەهێڵێتەوە و ئەو هەستانە بە تەواوەتی لە مێشکیان دەربهێنێت. بێگومان شۆڕگێڕان ئامانجی سەرەکی کودەتای سەربازیی فاشیستی بوون. لەبەر ئەوەی ئەوانەی بیرکردنەوەی ئازادییان بە کۆمەڵگا دەدا، کۆمەڵگایان بەرەو تێکۆشان دەبرد شۆڕشگێڕان بوون. بۆ ئەوەی هەستی تێکۆشان و ئازادی لە ناو کۆمەڵگادا لەناو ببەن، دەبوایە سەرەتا شۆڕشگێڕان و بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لەناو ببەن. لەبەر ئەوەش رژێمی سەربازیی فاشیستی ١٢ی ئەیلول بە توندی چووە سەر شۆڕشگێڕەکان. ژمارەیەکی زۆر شۆڕشگێڕ دەستگیرکران و ئەشکەنجەدران. زیندانیان کردە ناوەندی ئەشکەنجەدان. رژێمی کودەتای فاشیستی ١٢ی ئەیلول بەو کردەوانەی پەشیمانی و دانپێدانانی سەپاند و ویستی سەرچاوەی بڕوا و هیوای کۆمەڵگا وشک بکات، بەم جۆرە وابکات کە سەر بۆ سیستمی کۆلۆنیالیستی قڕکەر دابنەوێنن، قەبوڵی بکەن. زیندانی سەربازی ئامەد لەو ناوەندە سەرەکیانەبوو کە کادر و لایەنگرانی پەکەکە تیایدا زیندانی کرابوو. ئەو ئەشکەنجەیەی لە زیندانی سەربازی ئامەد لە کادر، لایەنگران و وڵاتپارێزانی کورد کرا، تەنیا بە کاراکتەری دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی دوژمنی کوردان دەتوانرێت گوزارشتی لێبکرێت، یاخود بە هۆی کردەوەکانی ئەو کاراکتەرەوەیە. دڕندەیی و ئەشکەنجەی دژوار لە زیندانی سەربازیی ئامەد کە لەمێژوودا هاوشێوەکەی نەبینرا، بووەتە تەوەری زۆر گۆرانی، رۆمان، نوسراو و فیلم، لە یادەوەری گەلی کوردستاندا نەخشێنراوە.
رێبەر ئاپۆ شانی دایە بەر باری تێکۆشان
هاوکات لەگەڵ گوشار، ئەشکەنجە و کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە زیندانیان و گەل، لە دژی لایەنە شۆڕشگێڕییەکانیش هێرشێکی گەورەی ئایدۆلۆژی بەڕێوەدەچوو. بە خوڵقاندنی بێهیوایی لەناو لایەن شۆڕشگێڕەکاندا ئامانجیان ئەوەبوو شۆڕشگێڕان لە تێکۆشان دووربخەنەوە. رێبەر ئاپۆ وەک دەرەوەی وڵات گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵبژارد، بەری بە دۆخێکی لەو جۆرە گرت و ویستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە شوێنی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات. بەو بیرکردنەوەوە چووبووە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەکەوتبووە دەست دوژمن و بەشێک لە کادرەکانیش بردبووە لای خۆی.
بەڵام کاتێک چووە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەموو شتێک چارەسەر نەببوو. لە هەموو شوێنێک لە دژی شۆڕشگێڕان هێرشی ئایدۆلۆژیک هەبوو. دەخوازرا لە ناو لایەنە شۆڕشگێڕییەکاندا بێ بڕوایی، بێهیوایی و تێگەیشتنی راستڕەوی بەرەوپێش ببرێت. ئەوە لە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. لە راستیشدا ئەوە بە زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرا. لەبەر ئەوەی ئەوانەی چووبوونە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانیان بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات و پەرەپێدان بە تێکۆشان دادەنا، بە تایبەتیش هەندێک بەشی چەپی تورکیا کە هاتنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لەوێ بەرەو ئەوروپا دەرپەڕێنن و دەیانویست رووی هەموان بکەنە پەیجورییەکی لەم جۆرە. لە راستیدا زۆر بزوتنەوە کە لە پەکەکە زیاتر خاوەنی توانا و هێز بوون، روویان کردە ئەوروپا و بوونە هۆی ئەوەی ئەو ئەقڵیەتە بەناو لایەنە شۆڕشگێڕییەکاندا بڵاوببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەوە تەنیا ئەقڵیەتێک نەبوو کە لە دەرەوەی ئێمە بەرەوپێشچووبوو. ئەو ئەقڵیەتە لە ناو لایەنەکانی ئێمەشدا بەرەوپێش برابوو. ئەوی ئەم ئەقڵیەتەی لەناو ئێمەدا بەرەوپێش برد چەتین گونگۆر (سەمیر) بوو. لەوکاتەدا لە رێبەر ئاپۆ هەوڵی دەدا ئەو کادرانەی کە لە وڵاتەوە کشێنرابوونەوە ئەوان بۆ ناردنەوە بۆ وڵات لە رووی ئایدۆلۆژی و سەربازییەوە ئامادەبکات، سەمیر و ئەوانەی لەگەڵیدابوون بە پێچەوانەی رێبەر ئاپۆوە لە ناو پارتیشدا هەوڵیان دەدا رۆیشتن بەرەو ئەوروپا و پەنابەری زیاتر بکەن. ئەو ئەقڵیەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنەکان دانا و قووڵبوونەوە و سەرنجیانی بپرش و بڵاودەکرد. ئەقڵیەتی راستڕەو پشتی بە گوشار و ئەشکەنجەی رژێمی سەربازی فاشیستی ١٢ی ئەیلول دەبەست کە لە دەرەوە و ناوەوە لە سەر گەل و زیندانیان پەیڕەو دەکرا، دەیویست لە ناو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکانیشدا خۆی رێکبخات کاریگەرییەکەی زیاتر بکات. لەبەر ئەوە مەترسییەکی گەورەی ئەقڵیەتی راستڕەو و ئاژاوەگێڕ لە ئارادابوو. رێبەر ئاپۆ لەبەرامبەر ئەو ئەقڵیەتە تێکۆشانێکی دژواری ئایدۆلی گرتەبەر. بێگومان ئاسان نەبوو کە مرۆڤ بتوانێت ئەوە بکات و ئەقڵیەتی راستڕەو لاواز بکات. لەو بارودۆخەدا، بەئەنجام گەیاندنی ئەوە زۆر دژواربوو. لەبەر ئەوەی لەلایەکەوە هێرشێکی ناوخۆیی هەبوو. ئەقڵیەتی راستڕەو کە سەمیر بەرەوپێشی برد، کەشی پارتەکەی ژەهراوی کردبوو. لەلایەکی دیکەوە رێوشوێن و بنەمای شۆڕشگێڕی وەک ئەمڕۆ دیار و بەرچاو نەبوون. بەڵام بە تێکۆشانێکی ئایدۆلۆژیک و رێکخستنی بەردەوام و دژوار دەتوانرا بە دەستبهێنرێت و دەکرا بەرەوپێشچوونیش بەدەستبهێنرایە. بەو هۆیەوە هەموو پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونەکان بە تێکۆشان و هەوڵدانی چڕی ئایدۆلۆژیکی دروستکران. لەلایەکی دیکەوە لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕی سەمیر ناوەندی پارتی نەیدەتوانی شتێک بکات و ئەوەش باری رێبەر ئاپۆی قورستر کردبوو. رێبەر ئاپۆ شانی دابووە بەر هەموو باری تێکۆشان. پشتیوانی ناوەندی پارتی زۆر سنوورداربوو.
تێکۆشان بە گرێدراوبوونی قووڵ بە ئازادی کوردستان دەتوانرا پێکبهێنرێت
ئەو کادرانەی هاتنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست، گیانباز، خاوەنبەرپرسیارێتی بوون و دەیانویست پێشەنگایەتی تێکۆشان بکەن. هەستی هەموو هەڤاڵان بەم جۆرەبوو. لە راستیدا جگە لە بزوتنەوەکەی ئێمە بزوتنەوەکانی دیکەش خاوەنی هەمان هەست بوون و دەیانویست گوڕ بە تێکۆشان بدەن. بەڵام ئەقڵیەتی راستڕەو دژوارییەکانی هەلومەرجەکەی بەکاردەهێنا، دەیویست مێشکی مرۆڤەکان ئاڵۆز بکات، هەستی تێکۆشان لاواز بکات و دەیویست شۆڕشگێڕان بەرەو گەڕان بەدوای ژیانی کەسی ئاراستە بکات.
بە دڵنیاییەوە هەلومەرجەکە دژواربوو. کودەتای ١٢ی ئەیلول وەک رۆڵەر و عادیلەیەک بەسەر کۆمەڵگادا تێپەڕببوو. داوا لە هەموو کەس دەکرا ملکەج بێت، خۆی بەدەستەوە بدات. وردە مافە دیموکراتیکەکانیش راگیرابوون، بە گوێرەی هیچ یاسایەک نەدەجوڵانەوە. ئەوەی بچوکترین ناڕەزایەتی دەردەبڕی، هەر لە سەر شەقام ئەشکەنجە دەدران یاخود بە گولـلە دەکوژران. زۆرینەی شۆڕشگێڕەکان دیلی دەست دوژمن بوون. شۆڕشگێڕان لە زینداندا ئەشکەنجەی دژوار دەدران. زیندانیان کردبووە ناوەندی ئەشکەنجە. لە دژی کودەتا لە دەرەوە هیچ ناڕەزایەتی و هەڵوێستێک بوونی نەبوو. بە پێچەوانەوە هێزە سەردەستەکان لایەنگری کودەتاچییەکان بوون. خۆی لە خۆیدا کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول بە پشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ ئەنجامدرا. ئەو شوێنەی زۆرترین ستەم و ئەشکەنجەی تێدا ئەنجام دەدرا کوردستان بوو. دژوارترین ئەشکەنجەکان لە زیندانی سەربازی ئامەدبوو. لە وەها هەلومەرجێکدا ئاسان نەبوو کە مرۆڤ ئەوان بباتە دەرەوە، هەستی تێکۆشان تیژ بکاتەوە و هانیان بدات. لەبەر ئەوەی هەلومەرج دژواربوون و دەرفەت و تواناش زۆر کەم بوون. لە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاکە توانا و دەرفەتی ئێمە ئەوە بوو کە لە کەمپەکانی رێخراوە فەلەستینیە دۆستەکاندا دەماینەوە و خۆمان لە رووی بیردۆزی و سەربازییەوە پەروەردە دەکرد. هەل و دەرفەتی دیکە بوونی نەبوو. لەبەر ئەوە لەو هەلومەرجانەدا بە گیانبازییەکی قوڵی گەل، هاوڕێیەتی، رزگاری و ئازادی کوردستان مرۆڤ دەیتوانی تێبکۆشێت. رێبەر ئاپۆ ئەو هەستەی بە بەهێزی ژیاند بۆ ئەوەی لە ناو ئێمەدا بەرەوپێش بچێت لە رووی بیردۆزی و رێکخستنەوە تێدەکۆشا. لەلایەکەوە لە رێگەی بەهێزکردنی ئیرادە هەوڵی دەدا بەسەر دژوارییەکاندا زاڵ بێت، لە لایەکی دیکەشەوە بە قوڵکردنەوەی وڵاتپارێزی، هەست و رامانی شۆڕشگێڕ هەوڵی دەدا ئەقڵیەتی راستڕەو بێکاریگەر بکات.
ئەو کاتەی لە دەرەوەبووین، ئێمە بۆ گەڕانەوە و بەرەوپێشبردنی تێکۆشان خەباتمان دەکرد و لە ناوخۆی وڵاتەوە هەواڵی ناخۆش دەهاتن. هەواڵ لە زیندانی ئامەدەوە دەهاتن، دڵی مرۆڤ ئاگری تێبەردەبوو. زیندانی ئامەد گۆڕدرابوو بۆ ناوەندێکی ئەشکەنجەدان. ئەشکەنجەی دژوار ئەنجام دەدران، یاری بە شکۆی مرۆڤەکان دەکرا، هەوڵیان دەدا مرۆڤەکان تێکبشکێنن و پەشیمانی و دانپێدانیان بەسەردا دەسەپێندرا. زیندانیان لە دژی گوشار و ئەشکەنجە پەنایان بۆ زۆر شێوازی بەرخودان دەبرد و دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردبوو. بەڵام ئەم ئەشکەنجەیە رانەگیرا. بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە ژمارەیەکی زۆر کادر، لایەنگر و وڵاتپاڕێز ژیانیان لەدەستدا. چالاکیەکەی مەزڵوم دۆغان لە دژی خۆبەدەستەوەدان لە ٢١ی ئاداری ١٩٨٢ و هەواڵی شەهیدبوونی ببووە هۆی ئەوەی لە هەموو کەسێکدا هەستی قووڵ دروست بێت. دواتر هەواڵی چالاکی چوار شۆڕشگێڕەکە بڵاوکرایەوە. ئەو هاوڕێیانەمان کە لە دەست دوژمندا دیل بوون و خاوەنی هیچ دەرفەت و توانایەک نەبوون. لەبەرامبەر خۆبەدەستەوەدان خۆڕاگرییان کرد، بە چالاکییەکانیان شەهیدبوون. ئەمە لە ناو ئێمەشدا رێگەی لەبەردەم لێپرسینەوە کردەوە. لەهەمان کاتدا هەستی رق، توڕەیی و تۆڵەی لە دژی دوژمن زیاتر و قوڵتر دەکرد. لە ناو ئێمەدا داواکارییەکی بەم جۆرە دروست ببوو، کە رۆژێک زووتر ئێمە شتێک بکەین و وەڵامدەرەوەی هاواری هاوڕێیانمان لە ناو زیندانەکان بین. رێبەر ئاپۆ بە هۆی ئەو هەواڵانەی لە زیندانەوە دەگەیشتن، بۆ ئەوەی یەکینەکانی گەریلا بگەیەنێتەوە وڵات و تێکۆشان دەستپێبکات، خەباتەکانی قوڵتر کردبووەوە.
زیندانەکان زیاتر و بە پلەی یەکەم پشتیوانی هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆیان کرد
لەوکاتەیدا کە رێبەر ئاپۆ بە هۆی دۆخی دژواری زیندانەوە هەوڵی دەدا بە زووترین کات تێکۆشان دەستپێبکاتەوە، ئەوەی زۆرترین پشتگیری لەو هەوڵانەی رێبەر ئاپۆ دەکرد زیندانەکان بوون. ئەمەش باشترین نمونەی دیالێکتیکی پەکەکەیە. وردبوونەوەی هەڤاڵان لە ناوخۆ و ئەو بەرخودانەی بەرەوپێشخرابوو و هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ لە دەرەوە تەواوکاری یەکتربوون. بەرخودانی ١٤ی تەمووز بەم جۆرە بەرەوپێشچووبوو و خەباتەکانی بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی بەهێزتر کرد. بەرخودانی هەڤاڵان لە زیندان کە لە هەلومەرجی دژوار و ئەشکەنجەدا خۆیان بەدەستەوەنەدابوو، کۆنسێپتی پاکتاو کە رژێمی ١٢ی ئەیلول خوازیاری بەرەوپێشبردنی بوو، لەباری برد و تێکیشکاند و ئەو رژێمە فاشیستیە سەربازیە ئەشکەنجەگەرە شکستی هێنا. بەهۆی بەرخودانی ١٤ی تەمووزەوە زیندانیانە بە دەوری بەرخۆدانەوە بۆبوونەوە، خۆبەدەستەوەدان، دانپێدانان، پەشیمانی و هەموو جۆرە لاوازی و بێ بڕیاری شەرمەزار کرا. ئەم هەڵوێست و ئەنجامانەی بوونە هۆی ئەوەی کە رژێمی ١٢ی ئەیلول لە ناوخۆوە شکست بهێنێت. چونکە کۆنسێپتی رژێمی ١٢ی ئەیلول لەبارەی زیندانەکانەوە بریتی بوو لەوەی زیندانیان بگرێت، هیوای کۆمەڵگا کەم بکاتەوە، کۆمەڵگا بە تەواوەتی ناچار ملکەجبوون بۆ رژێمی فاشیست بکات. بەڵام بەرخودانی هەڤاڵان لە زینداندا ئەو کۆنسێپتەی لەناوبرد. لە رێگەی بەرخودانی ١٤ی تەمووزەوە یاسا و بنەماکانی رژێمی ١٢ی ئەیلول تێکشکێنران و سەرلەنوێوە کەشی رێکخستنکراوی و بەرخودان ئافرێنرا، هێڵی بەرخودان زاڵ بوو.
بە دڵنیاییەوە بەرخودانی ١٤ی تەمووز لە دەرەوە هەمیش لە ناوخۆوە کاریگەری گەورەی سازکرد. بەر لە هەموو شتێک ئەوە نیشاندرا کە دۆزی گەلی کورد لەناو ناچێت و دەستبەرداری نابن. ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر گەل دانا. لە ناو گەلدا ئەو بڕوایە سازبوو کە بە پێشەنگایەتی کادرەکانی پەکەکە تێکۆشان بە گوڕ دەبێت و دەگەنە سەرکەوتن. بەم جۆرە پلانی رژێمی ١٢ی ئەیلول بۆ کۆتاییهێنان بە هیوای گەلان و داگیرکردنی تەواوی کۆمەڵگا شکستی هێنا. لەلایەکی دیکەوە بەرخودانی ١٤ی تەمووز لەناو کۆمەڵگادا بووە مایەی پەرەسەندنی هۆشمەندی و پێداگری تێکۆشان. کۆمەڵگا بینی کە لە هەلومەرجی هەرە دژواریشدا کادرەکانی پەکەکە خۆیان بەدەستەوەنەدا، خۆڕاگرییان کرد و بۆ دۆزەکەیان گیانی خۆیان بەخت کرد، دەست بە تێکۆشان دەکەن و خۆیان بەرامبەر بە تێکۆشان بە بەرپرسیار دادەنێن. بێگومان لە ناو کۆمەڵگای کورداندا گەشانەوەی ئەو هەستانە بەرەوپێشچوونێکی زۆر گەورەیە. ئەمە گرنگترین گەشەسەندنی بەرخودانی گەورەی ١٤ی تەمووزبوو.
بەرخودانی رۆژووی گەورەی مردن کاریگەری قووڵی لەسەر هەموو کادرەکان دانا
بەرخودانی ١٤ی تەمووز لە ناوخۆ و هەمیش لە دەرەوە کاریگەری ئەرێنی لە کەشی پارتەکەمان سازکرد. ئەوە بووە هۆکار بۆ ئەوەی لە سەر پێکهاتەی پارتەکە لێپرسینەوە و بڕیارداری لەسەر هێڵی تێکۆشان بەرەوپێش بچێت. هەڵبەت رەنجی رێبەر ئاپۆ زیاترین کاریگەری دانا. لاوازبوونی ئەقڵیەتی راستڕەو کە دەیویست لە ژینگەی ئێمەدا بێ بریاری، تێنەکۆشان و چوون بە دوای ژیانی کەسی بەرەوپێش ببات؛ رێبەر ئاپۆ بە ئامادەکردنی کادر و ناردنی یەکینەکانی گەریلا بۆ وڵات وایکرد کە هەوڵەکانی دەستپێکردنی تێکۆشان زیاتر بەهێز ببن. هەوڵەکانی سەمیر بۆ ئەوە بوو کە پارتەکە بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا و بەر بە پێشکەوتنی تێکۆشانی گەریلا بگرێت. ئەمە ئەقڵیەتێکی راستڕەو و بەرژەوەندی خواز بوو لە بنەڕەتەوە بە واتای خۆبەدەستەوەدان بوو بە رژێمی ١٢ی ئەیلول. پارتەکە ئەگەر بچوبایە بۆ ئەوروپا دەبووە پەنابەر و دەستبەرداری تێکۆشان دەبوو. هەڵبەتە سەمیر بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەمەی نەدەکرد. بە دزییەوە دەیکرد و هەوڵیدەدا چواردەورەکەی سست و بێکاریگەر بکات. رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو تێگەیشتنە تێکۆشانێکی بەهێزی بیردۆزی و رێکخستنی گرتەبەر. بەرخودانی ١٤ی تەمووز بۆ بێکاریگەرکردنی ئەو ئەقڵیەتە رۆڵی گرنگی گێڕا. دوای ئەوەی ئەنجامەکانی بەرخودانی ١٤ی تەمووز روونبوونەوە، سەمیر نەیتوانی خۆی بشارێتەوە و بە ئاشکرا لە دژی پارتەکەمان وەستایەوە و لە ریزەکانی شۆڕش دابڕا. بەرخودانی ١٤ی تەمووز لەسەر کۆی پارتەکەمان ئەنجامی بەم جۆرە روون و بەرەوپێشبەری هێنایە کایەوە.
لەلایەکی دیکەوە هاوڕێیان خەیری، کەمال، عاکیف و عەلی کە لە بەرخودانی ١٤ی تەمووزدا شەهیدبوون، لەلایەن زۆرینەی پێکهاتەی پارتیەوە زۆر بە باشی دەناسران و خۆشەویستبوون و لە بەرەوپێشبردن و رێکخستنبوونی بزوتنەوە و گەورەکردنی تێکۆشاندا رەنجی گەورەیان کێشابوو. لەبەر ئەوەی ئەو هاوڕێیانە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا بەرخودانیان بەرەوپێش بردبوو و تا سەر خۆڕاگرییان کردبوو و شەهیدبببوون، ئەمە کاریگەری کردە سەر تەواوی کادرەکانی پارتیمان. وتەیەکی محەمەد خەیری دورموش لە دادگا لە کاتی دەستپێکردنی چالاکیەکەدا وایکردن کە هەموو کەس بکەوێتە ناو پەیجوری و لێپرسینەوەیەک. ئەم وتەیە پوختە و کورتکراوەیە چالاکی ١٤ی تەمووز و هێڵی بەرخودانی پەکەکە چوونە ناو مێژووەوە.
بەرخودانی ١٤ی تەمووز بووە بناغەی شۆرشی بەرخودان
رێبەر ئاپۆ هەڵمەت و قەڵەمەبازی ١٥ی تەباخی دەستپێکرد و هێڵی ١٤ی تەمووزی گواستەوە بۆ خاڵێکی باڵاتر. شۆڕشی کوردستان لەسەر ئەو هێڵە بەرەوپێشچوو، شۆڕشی ژیانەوە پێکهات و بووە بناغە و ئافرێنەری هەموو ئەو بەهایانەی ئەمڕۆ ئافرێنراون. شۆڕشی کوردستان بە زۆری لەسەر بنەمای بەرخودان سازکرا. بەرخودانی ١٤ی تەمووز بووە بنەمای پێکهاتنی ئەو هێڵە. لەو بوارەدا تێگەیشتن و قووڵکردنەوەی هێڵ و رۆحی ١٤ی تەمووز زۆر گرنگە.
بەرخودانی گەورەی ١٤ی تەمووز هێڵ و شێوازێکە. لە بنەمای ئەو هێڵەدا بەرخودان و خۆڕاگری سەرکەوتن هەیە. چالاکی ١٤ی تەمووز سەلماندی کە لە دژوارترین هەلومەرجیشدا بە بەرخودان دەتوانرێت دوژمن شکست بدرێت. ئەوە دەربڕینە لە جەوهەر و شێوازی پەکەکە و شۆڕشی کوردستان. ئەگەر لە کوردستان بەرەوپێشچوون بێنە ئاراوە، ناسنامەی پەکەکە بە بنەما بگیرێت، بێ گومان ئەوە تەنیا بە قوڵبوونەوە، بە جەوهەرکردن و بە بنەماگرتنی ئەو هێڵە مسۆگەر دەبێت.
بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە و لەناوبردنی فاشیزمی ئەم سەردەمە، تێگەیشتن و بە بنەماگرتنی هێڵی ١٤ی تەمووز گرنگە. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە بنچینەی خۆیدا درێژکراوەی رژێمی فاشیستی داگیرکەری ١٢ی ئەیلولە. وەک رژێمی فاشیستی ١٢ی ئەیلول، دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەش جێبەجێکردنی کۆمەڵکوژی کوردانی بۆ خۆی وەک ئامانجی سەرەکی بە بنەما گرتووە. لە سەر ئەو بنەمایەش سیاسەتی کۆمەڵکوژکارانەی خۆی قووڵدەکاتەوە و هێرشەکان زیاتر دەکات. گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ قووڵدەکاتەوە، هەوڵ دەدات لە رێگەی پاکتاوکردنی بزوتنەوەکەمانەوە ئەو بەرەوپێشچوونانەی ئافراندوومانە لەناوی ببات و پرۆسەی کۆمەڵکوژی کوردان تەواو بکات و بیگەیەنێتە ئەنجام. بۆ ئەوەی ئێمە وەک کورد ئەم رژێمە فاشیست و دژە مرۆڤایەتیە لەناوببەین، دەبێت وەک بزوتنەوە و گەل تێکۆشانمان لە دژی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە گەورەتر و گەشتر بکەین. بێگومان دەتوانین ئەمە بە قووڵکردنەوەی هێڵی ١٤ی تەمووز دەستەبەر بکەین و بیگەیەنینە سەرکەوتن. هەربۆیە زیاتر لە هەموو کات دەبێت لە هێڵی ١٤ی تەمووز تێبگەین، بە جەوهەری بکەین و بە بنەمای بگرین. لە سەر ئەو بنەمایە هەموو هاوڕێیان پێویستە هێڵی بەرخودانی ١٤ی تەمووز قووڵتر بکەنەوە و لەسەر هێڵی ١٤ی تەمووز تێکۆشان بەرفراوان بکەن.
هـ . ب