بێچارەیی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکەوە

سوپای تورک ناسنامەی ئەو سەربازانەی خۆی ئاشکرا ناکات، کە چەندین رۆژە تەرمەکانیان لەژێر گابەردەکاندان و تەرمی ئەو سەربازانەى بۆ کۆ ناکرێتەوە، کە لە دۆڵ و زنارەکانی زاپ دا کەوتوون، بەڵام لە بێچارەیی دا چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت.

شەڕی ئازادی و هەبوونی گەریلا، کە لە هەرێمی زاپ لە دژی داگیرکاری و خیانەت بەڕێوە دەچێت ماوەی دوو مانگە بەردەوامە.

"زلـلەیەکی نوێ لە زاپ" لە سوپای تورک دەدرێت. لە گۆڕەپانەکانی کوڕەژارۆ، ئەشکەوتی برینداران، چیاڕەش و ئەرتوش تێکۆشانێکی مێژوویی هەیە. لەلایەک بەرخودانی تونێلەکان هەیە، کە ڕێگە بە پێشڕەویی داگیرکەری نادەن و شاخەکان و لوتەکان دەپارێزن. لە لایەکی دیکەوە تیمە نیمچە گەڕۆکەکان هەر لە رۆژی یەکەمەوە لە ژێر بۆردومانی قورسی فڕۆکەکاندا چالاکییان ئەنجام دەدا و بۆ ساتێکیش ڕانەوەستان و بەردەوامن لە چالاکییەکانیان. لە لایەکی دیکەوە ئەو یەکانە، کە بە چەکی قورس چالاکی ئەنجام دەدەن سەربازانی تورکیان لە هاتن بۆ ناوچەکە پەشیمان کردووەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە تیمە نیشانەشکێنەکان سەربازەکانی تورکیان تووشی شۆک کردووە. دەیان گەریلا بۆ سەرکەوتنی ئەم شەڕە خۆیان فیدا کردووە. 

لە دوو مانگی یەکەمی شەڕی زاپدا تابلۆیەکی لەو شێوەیە دەرکەوت. بێگومان ئەوەی بووەتە هۆی ئەم تابلۆیە بە بڕیاربوون و سووربوونی گەریلایە بۆ سەرکەوتن و دڵسۆزییە بۆ ڕێبەرایەتی و ئازادی، پێداگرییە لەسەر هێڵی گەریلایەتیی سەرکەوتوانە و شارەزایی و لێھاتووییە لەبەکارهێنانی تاکتیکدا. لە ئەنجامدا دەیان هەلیکۆپتەر ناتوانن داگیرکەران لە گۆڕەپانەکان دابەزێنن، فڕۆکە جەنگییەکان ناتوانن گورز لە گەریلا بدەن و لەبەر ئەوەش ناوچەکانی کوردستان بۆردومان دەکەن، تەرمی ئەو سەربازانە، کە  ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە و بە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان ڕانەگەیەندراوە، لە ژێر تاشەبەردەکاندا کەوتوون، تەرمی ئەو سەربازانەی لە دۆڵ و زنارەکانی زاپ دا کەوتوون بۆ ئەو سوپایە کۆ ناکرێتەوە، ئەو سەربازانەشی لە ناوچەکانی جەنگدان باری دەرونییان تێکچووە...

تەنها یەک چەک لە دەستی سوپای تورکدا ماوە، ئەوش چەکی کیمیایی، گازی ژەهراوی و تەقەمەنی گەورەیە. سوپای تورک ساڵی پار بە تایبەتی لە هەرێمی ئاڤاشین بەهۆی ئەو گورزانەى لێیدرابوون لە دژی تونێلەکانی جەنگ گازی کیمیایی بە ڕێژەییەکی زۆر  بەکارهێنا و پێوەر و ئەخەلاقی جەنگی پێشێلکرد. ئەمساڵیش بەهەمان شێوە لەم جەنگە پیسەیدا هەمان ئەو شێوازە چەپەڵە بەکار دەهێنێت.

سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر ئەمساڵ بەهۆی چالاکیی گەریلاکانەوە ناتوانن بە ئاسانی لە تونێلەکانی شەڕ نزیک ببنەوە. سوپای تورک جارێکی تر هەوڵی بەکارهێنانەوەى ئەو شێوازە دەدات، کە پێشتر لە دژی گەریلا بەکاری هێنابوو. بۆمبی گازی کیمیایی بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک بۆ تونێلەکان دەهاوێژێت. تا ئێستا گازی کیمیایی بە چڕی و لە رێگەى هێرشی ئاسمانییەوە لە دژی  گۆڕەپانەکانی  چیاڕەش، ئەشکەوتی برینداران، شەهید شاهین، وەرخەل و کوڕەژارۆ بەکارهێناوە و بەردەوامە لە بەکارهێنانیشی. لە سایەی ڕێوشوێنەکانی گەریلاوە، لە چەندین ناوچە و گۆڕەپانی شەڕدا ڕێگە لە شەهادەتی گەریلا بەهۆی کیمیابارانەوە گیرا، بەڵام سەرباری ئەوەش لە چیاڕش ٨ گەریلا و لە کوڕەژارۆش ٥ گەریلا بەهۆی چەکی کیمیاییەوە شەهید بوون.

سوپای تورک لە دوای هەموو هەنگاوێکی شکستخواردووییەوە بە تەکنیک و تەکنۆلۆژیای ناتۆ هەوڵی بە دەستهێنانی ئەنجامێک دەدات، بە تایەبتی بۆ ئەوەى بتوانێت لە سندرۆم و شۆکی زاپ رزگاری ببێت و هەندێک ورە بداتە بەر سەربازەکانی و شەڕیان پێ بکات، هەموو ڕۆژێک شێوازێکی نوێ تاقی دەکاتەوە. بەکارهێنانی گازی کیمیاییش تازەترین هەنگاوی سوپایەکە، کە لە لێواری داڕمان و هەڵوەشانەوەدایە. سوپای تورک لە ناو ئەو بێچارەیی و بێدەربەستییەی بەکارهێنانی کیمیایدا لە زاپ لە لێواری شکستێکی  گەورەی مێژوویدایە.

ژ.ت