رێكخستنی پارتی هەرێمە دیموكراتیكەكان"دەبەپە"ی وان پەیوەست بەرێپێوان لە ژێر دروشمی "لەدژی سیاسەتی گۆشەگیری، لەپێناو پاراستنی ئازادی بەرەو گەملیك دەڕۆین"، كە بڕیارە لە ١٢ی حۆزەیران لە ناوچەی گەملێك لە بورسا پێكبێت، لە ناوەندی دەبەپە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی بەئامادەبوونی دەزگا میدیایەکان بەرێوە برد. تۆهای دەر، هەدەپە، تەژەئا، ئەنجوومەنی دایكانی ئاشتی و ژمارەیەكی زۆر رێكخراو ودەزگای تر بەشداری رێپێوانەكە دەبن.
هاوسەرۆكی دەبەپەی وان چەتین ئۆیار رایگەیاند؛ سەرچاوەی بنەڕەتیی كێشەكان لە توركیا، چارەسەرنەكردنی پرسی كوردە و ووتی؛ "سەرچاوەی بنەڕەتیی قەیرانی سیستماتیك چارەسەرنەكردنی پرسی كوردە بە رێگای دیموكراتیك و ئاشتیانەیە. دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە، چارەسەرنەكردن وەكو ئامرازێكی تەسلیم وەرگرتنی ئۆپۆزسیۆنی كۆمەڵایەتی بەكاردێنێت.
ئۆیار راشیگەیاند؛ رێبەری پەكەكە عەبدوڵڵا ئۆجالان ماوەی ٢٣ ساڵە لە پێناو بەرژەوەندی كۆمەڵگە لەبەرخۆداندایە و وتی؛ بەرێز ئۆجالان ئاگاداری هەموو ئەو یاری و پیلانگێڕیانەیە، هەوڵیداوە تا ئێستاكە سیاسەتی شەڕ و دژایەتی دەسەڵات بێكاریگەر بكات. ٢٣ ساڵە لە ئیمرالی لە بەرامبەر هەموو جۆرە هزر و ئایدیۆلۆژیایەك لە دژی بەرژەوەندیی كۆمەڵگە بێت، بەرخۆدان دەكات و بەرژەوەندیی كۆمەڵگەی پاراستووە و برەو بەو پاراستنەش دەدات. لەسەر ئەم بنەمایە، دوورگەی ئیمرالی بەو چەمكەی كە دزینی رەنج و مافەكان لەسەر گەلان دەسەپێنێت، بووەتە گۆڕەپانی بنەڕەتیی تێكۆشان و بەو تێگەیشتنەی كە هەوڵدەدا دیموكراسی و ئازادی پێشبخات.
ئۆیار بانگەوازی لەهەموو كەس، دۆستان و رای گشتیی دیموكراتیك كرد بۆ رێپێوانی دوورگە پشتیوانی و پشتگیری بکەن و وتی:"ئێمە بانگەوازی لەهەموو گەلانی توركیا، گەنجان، كەسانی دیموكراتیكخواز لە دژی سیاسەتی گۆشەگیری لە ١٢ی حۆزەیراندا بەشداری رێپێوانی ئازادی ببن. بانگەوازی لە گەلەكەمان دەكەین، كە لە ١١ی حۆزەیراندا كاتژمێر ١٢:٠٠ لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپەی وان كاروانی ئاشتی بەرێبكەن. بۆ داهاتوویەكی دیموكراتیك، بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی ئازاد. كات، كاتی ئەوەیە هەموومان روو لە دوورگەی ئیمرالی و تێكۆشانمان بەهێزتر مەزنتر بكەین."
ژ.ت