بەرخۆدانی ئێلح: با زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی پێش بخرێت

گەلی ئێلح دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان ڕێپێوانیان کرد، پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزییە لە کوردستان کۆتایی بێت، پێویستە زەمینەیەکی یاسایی پێش بخرێت".

بەرخۆدان دژی قەیوم

چالاکییە ناڕەزایەتییەکان دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی ئێلح بەردەوامە. خەڵکی ئێلح لە ڕۆژی هەشتەمدا لە پارکی یەڵماز گونەی بە گۆرانی و درووشـم تا چوارڕیانی باسین ڕێپێوانیان کرد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) بەردان ئۆزتورک و هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر و پەرلەمانتارانی دەم پارتی و چالاکوانانی تەژەئا و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.

کاسبکاران پشتگیریان نیشاندا

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی وەک "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، هاوڵاتیانی بە چەپڵە پشتگیریان لە ڕێپێوانەکە کرد، هەروەها سروودی "وەرنە پێش" و "بەرخۆدان دۆزێکی خۆشە" گوترایەوە.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی باسین لە بەردەم شارەوانی کۆتایی هات، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح سۆنگول کۆرکماز و هاوسەرۆکی دەم پارتی سێرت ئەشرەف تەکین، هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت محەمەد قەیسی و هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح یەشیل ئیشک قسەیان کرد  و دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلی ئێلحیان شەرمەزار کرد.

پاشان پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕحا، عومەر ئۆجالان کە ٢٣ ی تشرینی یەکەم لە دوورگەی ئیمراڵی سەردانی ڕێبەر ئاپۆی کرد، دوا. 

"سڵاوی ڕێبەر ئاپۆی گەیاند"

عومەر ئۆجالان گوتی: " بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزییە لە کوردستان کۆتایی بێت، پێویستە زەمینەیەکی یاسایی پێش بخرێت". جەختی کردەوە ساڵانێکە گەلی کورد بۆ چارەسەر تێدەکۆشێت، بەڵام ئەوان نایانەوێت دەستی ئاشتی و چارەسەر درێژ بکەن.

تیشکی خستەسەر دیدارەکەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان سڵاوی گەرمی بۆ گەلەکەی نارد. پێی گوتم چوویتە هەر کوێ، سڵاوی من بە گەل بگەیەنە".

عومەر ئۆجالان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "سەرەڕای ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٣ ـەوە بۆ چارەسەر و ئاشتییەکی شکۆمەند خەبات دەکات. دەڵێت من لێرە موخاتەبی چارەسەر و ئاشتییەکی شکۆمەندم، هەرچیم پێ بکرێت دەیکەم. پێویستە وەڵامی داواکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەر، بە قەیوم نەدرێتەوە. نابێت دەستبەسەراگرتن و تاڵانکردنی ئیرادەی کورد بێت. نابێت وەڵامەکە ستەم بێت. پێویستە سەرۆککۆمار ئەم دەستی ئاشتییە لەبەرچاو بگرێت. خوێنی زۆر لەم وڵاتە ڕژا، ئازاری زۆر چێژرا، قوربانی زۆر درا. ئەم خاکە لە خوێن تێر بووە. کاتی دانوستان و ڕێککەوتنە. بەڵام قەیوم ڕێگرییە لە ناسنامە و داوای گەلی کورد. بەڵام دەبێت گەلەکەمان مۆراڵی بەرز بێت. هەڵوێست و تێکۆشانەکەی بە مۆراڵ و جۆشوخرۆش بێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەڕێز ئۆجالان دەڵێت بۆ هەموو شتێک ئامادەم، پێویستە گەلەکەمان بەهەمان شێوە بۆ هەموو شتێک ئامادە بێت. سڵاو لە بەرخۆدان و هەڵوێستتان دەکەین".