لە شەنگال تەرمی شەهید کەریم بەخاک سپێردرا
تەرمی کەریم حاجی کە دوێنێ لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوو، بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا.
تەرمی کەریم حاجی کە دوێنێ لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوو، بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا.
دوێنێ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەنجێکی ئێزدی بە نای کەریم حاجی شێرۆ شەهید بوو. ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهید بەرخۆدان و شەهید دڵگەش مەراسیمێکی جەماوەری بۆ شەهیدەکە ئەنجامدرا.
سەرلەبەیانی تەرمی شەهید لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر وەرگیرا و برایە ماڵی شەهید، دواتر بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی بەڕێکرا. جەماوەر بە درووشمی "شەهید نامرن" و "تۆڵەسەندنەوە" تەرمی شەهیدیان گەیاندە گۆڕستان.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، ئەندامی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، ئازاد حەسەن ڕایگەیاند هەرکات کۆمەڵگەی ئێزدی ئازادی خۆی بەدەست دەخات ئەم هێرشە ترسنۆک و نامەردانانە دەکرێن، گوتی: "ئەوانەی لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ فەرمانیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی جێبەجێ کرد، نەوەی عوسمانی بوون، نەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوون. نە عێراق و نە سوریا نەیانتوانی وەک خەڵکی شەنگال بەرخۆدان بکەن و داعش بشکێنن".
ئازاد ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک دەزانێت کۆمەڵگەی ئێزدی چ گورزێکی لە داعش داوە، بۆیە لە ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگال ئەم هێرشەی ئەنجامدا، بەڵام سەرناکەوێت و کۆمەڵگەی ئێزدی بەهێزتر دەبێت.
هاوسەرۆکی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال نایف شەمۆ ڕایگەیاند ئامانجی دوژمن تەنها گەنجێکی ئێزدی نییە بەڵکو دەیەوێت ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی بشکێنێت، بەڵام کۆمەڵگەی ئێزدی بەهێزتر دەبێت، گوتی: "هەر دار و بەردێکی چیای شەنگال بە ناوی شەهیدێکمانەوەیە. بەڵێن دەدەین درێژە بە ڕێگەی شەهیدان بدەین".
ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ دایە نەعیم ڕایگەیاند دوژمن ئیرادەمان ناشکێنێت، خەونی دوژمن نایەتەدی، دوژمن دەیەوێت تۆڵەی داعش بکاتەوە، گوتی: "ئێمە ڕێکخراوین، پەروەردەکراوین، هەرگیز دەست لە ئیرادەمان هەڵناگرین، درێژە بە بەرخۆدان دەدەین و شوێنکەوتەی شەهیدان دەبین".
پاشان باوکی شەهید حاجی شێرۆ بەناوی بنەماڵەکەیەوە پەیامێکی کورتی پێشکەش کرد و سوپاسی ئامادەبووانی کرد.
پاشان تەرمی شەهید بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.