بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی لە تەقینەوەیەکدا لە سلێمانی بریندار بوو
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی لە شاری سلێمانی، ئەو بەرپرسەى بەرەی تورکمانی بریندار بووە و ١٣ کەسیش لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون.
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی لە شاری سلێمانی، ئەو بەرپرسەى بەرەی تورکمانی بریندار بووە و ١٣ کەسیش لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەى لە میدیاکانی باشووری کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، بەرەبەیانی رۆژی ٣ی ئابی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی بە ناوی نەجمەدین وەلی لەکاتی دەرچوونی لە ماڵەکەی خۆیدا بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقێتەوە.
بەهۆی بەهێزی بۆمبەکەوە زیان بە ماڵی ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی و ماڵەکانی دەوروبەریش دەگات و شوشەکانیان دەشکێن و ئۆتۆمبێلی ئەو بەرپرسەى بەرەی تورکمانیش تێکدەشکێت و خۆیشی بە قورسی بریندار دەبێت. نەجمەدین وەلی بۆ چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و بڕیارە چەند نەشتەگەرییەکی بۆ بکرێت.
محەمەد سەنعان وتەبێژی بەرەی تورکمانی ڕووداوەکەى پشتڕاست کردووەتەوە و داوای لە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کردبوو، ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە دەستگیر بکەن و پارێزگاری لەبنکە و بارەگا و کادرەکانیان بکەن و ژیانیان بپارێزن.
هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لەسەر ڕووداوەکە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد و ١٣ کەسیان دەستگیرکردووە، کە بەپێی میدیاکانی باشوور هەمویان کوردن و بە گومانی بوونی پەیوەندی بە ڕوداوەکەوە دەستگیرکراون، کە لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
لەو چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی شارپرێس بڵاویکردووەتەوە، "لە نێو کەسە دەستگیرکراوەکاندا کەسانی بە تەمەن و ژن هەیە و بەشێکیش لە گێراوەکان لە کاتی دەستگیرکردنیاندا تورەکەیان کراوەتە سەر و وەک تۆمەتباری مەترسیدار مامەڵەیان لەگەڵ کردون".
ژ.ت