بەھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران چەند کۆڵبەرێک بوونە قوربانی
بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران لە کۆڵبەران، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود-ی رۆژھەڵاتی کوردستان، چەند کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بوون.
بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران لە کۆڵبەران، لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود-ی رۆژھەڵاتی کوردستان، چەند کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بوون.
بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ڕوژی ٢٣ی تشرینی یەکەم، لە ناوچەی سنووری 'ھەنگەژاڵ'ی بانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی "زانکۆ گەوھەری" بە سەختی بریندار بووە.
زانکۆ کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، بە برینداری گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە و باس لەوەدەرێت کە دۆخی تەندرستی ناجێگیرە.
لە لایەکی دیکەوە، ھەر بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەم، دوو کۆڵبەری گەنجی خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، بە ناوەکانی "ئارامان بەرزگەر" و "ماھان بەرزگەر" (تەمەن ١٨ ساڵ)، لەلایەن هێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووری نەوسود کراونەتە ئامانج و بە سەختی قاچیان برینداربووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ھەمان کاتدا لەو ناوچە سنوورییە، سێ کۆڵبەری دیکە کە خەڵکی شاری جوانڕۆن لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران تەقەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا بریندار بوون.
جێی باسە دوێنێ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی مانگی رەزبەر (٢١ی ئەیلول تا ٢١ی تشرینی یەکەم) بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئامارە لە مانگی رەزبەردا، ٢ کۆڵبەر لە بانە و مەریوانی پارێزگای سنە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون و لانیکەم ١٤ کۆڵبەریش بەتەقەی ئەو هێزانە برینداربوون.